Accessibility links

سەرەک وەزیری عێراق بەرەو واشنتن


دوابەدوای چەندان جار دواخستنی ئەو سەردانە، بڕیارە سەرەک وەزیری عێراق لە ناوەڕاستی مانگی چواردا لە کۆشکی سپی لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکادا کۆببێتەوە.

دکتۆر ئەحمەد ئەلحەمدانی، شیکەرەوە و لێکۆڵەری کاروباری سیاسی عێراقە و بەدوری نازانێت هۆکاری دواکەوتنی ئەم سەردانەی محەمەد شییاع ئەلسودانی بۆ واشنتن، وێڕای هەموو ئەو هەوڵانەی دەدران، بگەڕێتەوە بۆ ڕەوشە ئاسایشییەکەی عێراق و دەسەڵاتی هێزە میلیشیا لە یاسا دەرچووەکان، دەشڵێت "ئێستاش کە سەرەک وەزیر بانگهێشت کراوە، پێدەچێت بۆ دانانی هەندێک خاڵی کەم بن لەسەر پیتەکان و پێشناچێت لە دوو یان سێ بابەت زیاتر باسکرێت، یەکێکیان دۆسێی کشانەوەی ئەمەریکایە، کە دەزانین شتێک لە ئارادا نییە یان بڕیارێکی سەرەتاییش نییە بۆ کشانەوە و میدیای ئەمەریکا و پەنتاگۆنیش بە ڕاشکاوی باسیان لەوە کردووە."

دکتۆر ئەلحەمدانی، ئاماژەش بەوە دەکات کە ئەگەر و نەگەری مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراقدا، بڕیاری خودی ئەمەریکای دەوێت نەک بڕیاری عێراق، دەڵێت "بێگومان ئەمەش بە ئاڕاستەیەکی نەرێنیدا بەسەر سەرەک وەزیردا دەشکێتەوە و کاردانەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی و هێزەکانی حەشدی شەعبی و میلیشیاکانیش بەدوای خۆیدا دێنێت و هەر هیچ نەکەن، بە سودانی دەڵێن تۆ هیچت پێناکرێت و خاوەنی بڕیاری خۆت نیت؛ هیوادارم وەهاش نەبێت."
عەقیل ئەلتائی، ژەنەراڵێکی خانە نشینە و پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی تردا بە گرنگ ناودێر دەکات و وەک دەڵێت بەتایبەتیش ئەمەریکا "دەزانین حکومەتەکەی محەمەد شییاع ئەلسودانی دوچاری ئاڵنگاری بووەتەوە بەهۆی میلیشیا لە یاسا دەرچووەکانەوە، بەڵام لە ئێستادا کەشێکی تر لە عێراقدا هەیە و تێگەیشتن هەن لە نێوان ئەلسودانی و ئەو هێزە میلیشیاییانە و ئەو هێزە سیاسیانەش کە خاوەنی ئەو میلیشیایانەن بۆ سەقامگیریی عێراق، ئەمەش بێگومان دەبێتە خاڵێکی ئەرێنی لەو سەردانە چاوەڕوانکراوەی سەرەک وەزیر و خاڵێکی گرنگیش دەبێت لە کۆبوونەوەکانیدا."

ئەم ژەنەراڵە عێراقییە، جەختیش دەکاتەوە لەوەی لەشکر و هێزە ئاسایشییەکانی عێراق پێویستیان بە یارمەتی و کۆمەکی لەشکریانە و لۆژیکی و هەروەهاش پێویستیان بە ڕاوێژ و سوود وەرگرتنیش هەیە لە ئەزمونەکان "تەواوی هێزەکانمان پێویستیان بە پڕچەک کردن هەیە؛ بەڵێ لەشکر و هێزە ئاسایشییەکانی عێراق بە هەموو یەکە و پێکهاتەکانیانەوە پێویستیان بە پەرەپێدان هەیە و پێویستیان بەوەیە هەنگاوی خۆیان بنێن تا بگەنەوە بە ئاستی پەرەپێدان و گەشەکردنە نوێیە تەکنەلۆژییەکان لە بواری لەشکریدا و وەهاش چاوەڕوان دەکرێت ئەمەریکا ئەو پشتیوانییەش بۆ لەشکر و هێزە ئاسایشییەکانی عێراق دابین بکات لە چەندین بواری ئاسایشی و بەرەنگاربوونەوەی داعش و هەروەها لە بواری وزەشدا. بەڵێ پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتۆن گرنگن بەڵام لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوو وڵات و پێویستە هاوسەنگی هەبێت لە پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتاندا."

دوای کشانەوەی سەدرییەکان لە پرۆسەی سیاسی عێراق، محەمەد شییاع ئەلسودانی، بووە کاندیدی هاوبەشی هێزە سیاسییەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و حکومەتی پێکهێنا.
لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەوە ناسراون کە سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێرانن یان زۆر نزیکن لە ئێرانەوە.

دکتۆر ئەلحەمدانی، لەوبڕوایەدایە کۆماری ئیسلامی ئێران هیچ بەرێک ناچنێتەوە لەم سەردانەی سەرەک وەزیری عێراقدا وەک دەڵێت تاران تەنها چاوی لە کشانەوەی ئەمەریکایە و ئەوەش ڕوونادات "لەو سەردانەدا هیچ شتێکی ئەرێنی نابینم بۆ ئێران یان بۆ ئەو لایەنانەیش کە سەر بە ئێرانن، هەربۆیەشە لەوبڕوایەدام چوارچێوەی هەماهەنگی لە پاش ئەو سەردانەوە دەکەوێتە لە پەراوێزنان و فشار خستنە سەر سەرەک وەزیرەکەی خۆی؛ سودانی پێناچێت بتوانێت لە واشنتۆن ببێتە خاوەن بڕیاری خۆی بەهۆی ئەو فشارانەی دەکەونە سەری، هیوادارین بڕیاری گونجاو بدرێن کە نەبنە بیانوو بۆ هێزە میلیشیاییەکان و دەستکردنەوە بە هێرشەکانیان."

دکتۆر ئەلحەمدانی وەهاش چاوەڕوان ناکات، واشنتن هاوکات و دوای سەردانەکەش پشتیوانی ڕەهای خۆی بۆ حکومەتی عێراق ڕابگەیەنێت وەک باسی دەکات ژمارەیەک پێوانە هەن بۆ هەموو جۆرە پشتیوانییەکان "لە سەرو هەموویانەوە ناکرێت دەسەڵات و کاریگەری و هەژموونی ئێران لە عێراقدا بەوشێوەیە بێت کە هەیە؛ مەخابن ئەمڕۆ عێراق بووەتە پارویەکی ئامادە بۆ ئێران و بۆ ئەمەریکا و بۆ تورکیا، ئەمەیش بەهۆی ئەوەی هێشتا عێراق نەبووەتە خاوەنی هیچ چارەسەرییەک بۆ هەموو ئەو قەیرانانەی وڵاتەکەیان تەنیوەتەوە و ئیتر کە خاوەنی پڕۆژەی چارەسەر نەبین، چۆن دەتوانین خاوەنی بڕیاری عێراقیانە بین."

هەشت ئەندامی هەردوو خانەی کۆنگرێسی ئەمەریکا (چوار ئەندامی سینات و چوار ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران) نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە لەسەر ئەم سەردانە چاوەڕوانکراوەی سەرەک وەزیری عێراق و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک جۆو بایدندا.

ئەم سەردانەی سەرەک وەزیری عێراق دوابەدوای سەردانەکەی سەرەک وەزیری حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق دێت بۆ واشنتن. بەپێی ئەو نامەیە پێدەچێت سەرۆک بایدن ڕەتی کردبێتەوە لەگەڵ مەسرور بارزانیدا کۆببێتەوە، وەک لە نامەکەدا هاتووە "لە کاتێکدا تۆ بانگهێشتی سەرەک وەزیری عێراق دەکەیت بۆ واشنتن، کۆبوونەوەت لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرەک وەزیری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەتکردۆتەوە، لە کاتێکدا ئەو هاوبەشێکی گرنگمانە."

ئەو هەشت ئەندامە کۆمارییەی کۆنگرێسی ئەمەریکا، لە نامەکەی ڕۆژی پێنجشەممەیاندا بۆ سەرۆک بایدن، نوسیویانە "حكومەتی عێراق لەژێر هەژمونێکی بەرچاوی ئێراندایە و ساڵانە حكومەتی عێراق نزیكەی 3 ملیار دۆلار دابین دەکات بۆ میلیشیاكانی حەشدی شەعبی كە ئێران پشتیوانییان دەکات و چوار یەکەی ئەو هێزانەی حەشدی شەعبیش لەلایەن ئەمەریكاوە بە تێرۆریست دانراون."

لە ساڵی 2005ەوە، دەکرێت بگوترێت زۆربەی سەرەک وەزیرەکانی عێراق سەردانی واشنتۆنیان کردووە و لەگەڵ گەورەکاربەدەستانی ئەمەریکادا کۆبوونەوەیان هەبووە لە کۆشکی سپی و لە دامەزراوە گرنگەکانی تری ئەمەریکادا.

XS
SM
MD
LG