Accessibility links

ئەستەنبوڵ لە هەڵبژاردنە شارەوانییەکانی تورکیادا


پارتی داد و گەشەپێدان لەگەڵ ئەوەدا کە بانگەشەیەکی بەرفراوانی لەسەر تۆڕە کۆمەلایەتییەکان و میدیاکان لە ئاستی شارەکاندا بۆ کۆبوونەوە گەورەکەی لە 24ی مانگی سێ لە ئەستەنبوڵ کردبوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا شەوی پێش بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە بەهۆی پێشبینیکردنی ژمارەی کەمی ئامادەبووان، شوێنی کۆبوونەوەکە بچووک کرایەوە.

سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە وتارەکەیدا لەو کۆبوونەوەیە گلەیی لە کەمی بەشداری خەڵک کرد و وتی سەردەمانێک زیاتر لە ملیۆنێک کەس لەم گۆڕەپانەدا بەشداریان لە کۆبوونەوەکەماندا دەکرد و ئەمڕۆش تەنها 650 هەزار کەس ئامادە بوون.

لەوەتای ساڵی ڕابردووەوە تا ئیستا ئەمە سێیەم گردبوونەوە بووە کە لە فڕۆکەخانەی ئەتاتورکی ئەستەنبوڵ لەلایەن پارتی داد و گەشەپێدانەوە بەڕێوەچووە و هەردوو گردبوونەوەکەی پێشووش زیاتر لە ملیۆنێک کەس تێیدا بەشداربوون.

سەرەڕای پێشوازیی کەمی خەڵک لە کۆبوونەوەکەی ئەم دواییەدا، ئەردۆغان لە وتارەکەیدا لەو کۆبوونەوەیە ڕوو لە خەڵکی ئیستەنبوڵ وتی "ئێمە دەبێت ئەم شارە لە 31ی مانگی سێ لە ژێر ستەمی پارتی کۆماریخوازی گەل ڕزگار بکەین" و بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەستەنبوڵ ئەمڕو لەسەر دووڕیانێک گیری خواردووە کە لە لایەک کەسانێک هەن کە تەنها دەڵێن "من" و لە لایەکی ترەوە کەسانێک هەن کە تەنها دەڵێن "ئەستەنبوڵ".

بە گوتەی سەرۆکی تورکیا ڕکابەری سەرەکی حزبەکەی لەم هەڵبژاردنەدا پارتی کۆماری گەل و ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی شارەوانی ئێستای ئەستەنبوڵە.

بەڵام لە ئەستەنبوڵ 52 کەس کە 22 کەسیان حزبین و 30 کەسیان سەربەخۆن، لە هەڵبژاردنی شارەوانی کێبڕکێ دەکەن. بەڵام لە نێو کاندیدەکان تەنها موراد کوروم کاندیدی پارتی داد و گەشەپێدان و ئەکرەم ئیمامئۆغڵو کاندیدی پارتی کۆماریخوازی گەل گرنگترین کاندیدی ئەم هەڵبژاردنەن.

هەرچەندە واپێدەچێت ئەم هەڵبژاردنە تەنها تایبەت بێت بە شاری ئیستەنبوڵ، بەڵام ئەنجامەکانی هەم پێگەی کەسایەتییە سیاسییەکانی وڵاتەکە و هەم ئاڕاستەی داهاتووی تورکیا دیاری دەکات.

ئەستەنبوڵ، ڕێگایەک بۆ داهاتووی تورکیا

گرنگبوونی هەڵبژاردنی شارەوانی ئەستەنبوڵ لە سیاسەتی ئێستای تورکیا بە ئاستێک گرنگە کە حکومەتی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکانی پێشووی شارەوانییەکان لە ساڵی 2019 ، سەرەڕای شکستی بن عەلی یەڵدیرم، کاندیدی ئەوکاتی پارتەکەی ئەردۆغان بە جیاوازییەکی کەمەوە لە ڕکابەرەکەی، بەڵام لە خولی یەکەمدا بە بانگەشەی کەم و کوڕی و گومان دەنگەکانیان پووچەڵ کردەوە و خستیانە خولی دووەم. بەڵام لە خولی دووەمدا ئیمامئۆغڵو بە دەنگێکی یەکلاکەرەوەتر سەرکەوتنی بەدەستهێنا و ئەمەش نیگەرانی ئەردۆغانی دوو هێندە زیاتر کرد، نیگەرانییەک کە پێنج ساڵە دەریدەبڕێت، چونکە ڕێگەی بە ئۆپۆزسیۆن داوە شوێنێکیان بۆ خۆیان هەبێت و بتوانن بە پێی خواستی خۆیان چالاکییەکان ڕێکبخەن.

گرنگییەکی دیکەی ئەستەنبوڵ بۆ ئەردۆغان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو باوەڕەی کە پێی وایە "ئەو کەسەی ئەستەنبوڵی لەدەستدا بێت، تورکیا دەباتەوە"، باوەڕێک کە لە ساڵی 1994 کە خۆی بۆ شارەوانی ئەو شارە هەڵبژێردرا، بۆ ئەو وەڵامدەرەوە بوو.

ئەستەنبوڵ لە ساڵی 1994 تا 2019 بەدەست ئەردۆغان و هاوپەیمانەکانیەوە بووە و زۆر کەس پێیان وایە ئەو ماوەیە پڕ بووە لە گەندەڵی. دوای ئەوەی ئیمامئۆغڵو کورسی سەرۆکی شارەوانی گرتە دەست، لە یەکێک لە کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان ڕایگەیاند کە 13 ملیار لیرە گەندەڵی تەنها لە یەک حاڵەتدا لە ساڵی 2016 ڕوویداوە. تەنانەت بانگەشەی ئەوەشی کرد کە سەرۆکی پێشووی شارەوانی ئیستەنبوڵ لە چەند مانگی پێش هەڵبژاردنەکانی 2019 قەرزەکانی کۆمپانیای گازی نەداوە و ئەم بڕە پارەیە کە یەک ملیار و 700 ملیۆن لیرە بووە بۆ هەڵبژاردنی ئەو ساڵە خەرج کراوە.

داهاتوویەکی ناڕوون و کێبڕکێی شان بە شانی کاندیدەکان

لە چەند ساڵی ڕابردوودا کۆمپانیاکانی ڕاپرسی لە تورکیا بەردەوام ڕەخنەیان لێدەگیرێت بەهۆی شێوازی پێشبینیکردنیان و داتا جۆراوجۆرەکانیان کە پەیوەندییەکی کەمیان بە واقیعی هەڵبژاردنەکانەوە هەبووە. ئەم هەڵبژاردنەش بە جۆرێک هەمان شت نیشان دەدات.

چاوخشاندنێک بە لانیکەم 16 ڕاپرسی بڵاوکراوەدا، جیاوازی ئاماری بەرچاومان نیشان دەدات، بەڵام خاڵی سەرنجڕاکێش لێرەدا ئەوەیە کە لە زۆربەی ئەم ڕاپرسیانەدا ئیمامئۆغڵو لە پێشەوەیە، بەڵام مەودای نێوان ئەو و ڕکابەرەکەی لەنێوان %1 بۆ %5دایە.

دەکرێت بڵێین ڕاپرسیەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەڵبژاردنی ئیستەنبوڵ هەڵبژاردنێکی قورس دەبێت بۆ ڕکابەرەکان و بەهۆی زۆری ژمارەی کاندیدەکانەوە ئەگەری چوونە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکان لە ئارادایە.

زۆربەی کۆمپانیاکانی ڕاپرسی لە دوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی ساڵی ڕابردووی تورکیا باس لە بێزاری خەڵک دەکەن و بۆیە پێشبینی ئەوە دەکەن بە گشتی ڕێژەی بەشداریکردنی خەڵک لە هەڵبژاردندا زۆر بەرز نەبێت یان لانیکەم باس لە دوودڵی خەڵک دەکەن لەوەی بەشدار بن یان نا و ئەم دۆخەش وایکردووە بەشێک لە شرۆڤەکارانی تورکیا پێیان وابێت بەشداریکردنی خەڵک بە ڕێژەی کەم بەتایبەتی لە ئەستەنبوڵ ببێتە هۆی سەرکەوتنی موراد کوروم.

هەروەها ئۆزەر سێنجار، سەرۆکی یەکێک لە کۆمپانیاکانی ڕاپرسیەکان جەخت لەوە دەکاتەوە کە لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا دەنگەکانی کوروم بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و جیاوازییەکەی لەگەڵ ئیمامئۆغڵو لە 15% گەیشتووەتە 4%.

بەڵام چاوخشاندنێک بەو کۆبوونەوەیەی کە لە 24ی مانگی سێ بەڕێوەچوو و ئەو وتارانە کە موراد کوروم یان ئەردۆغان لەم ماوەیەدا پێشکەشیان کردووە، ئەوەمان بۆ دەردەخات کە پارتی داد و گەشەپێدان، قسەیەکی نوێی ئەوتۆیان بۆ ئەم هەڵبژاردنە نییە.

لە لایەکی ترەوە ستراتیژی ئیمامئۆغڵو بۆ هەڵبژاردن گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە. دوای گۆڕانکارییەکانی وەک گۆڕینی سەرۆکی پارتەکە، چاوەڕوانی ئەوە دەکرا کە ئەندامانی پارتی کۆماریخوازی گەل پلانێکی باشتر بۆ ئەستەنبوڵ بگرنەبەر، بەڵام لە ماوەی ڕابردوودا ئەوە سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ بووە کە بە هانای پارتەکەیەوە هاتووە. لە هەمان کاتدا پارتەکەی گردبوونەوەی لە ئاستی شاردا بۆ ئیمامئۆغڵو ئەنجام نەدا. لە ئاستی گوتارەکانیشدا سەرۆکی شارەوانی هێشتا جەخت لەوە دەکاتەوە کە "هەموو شتێک باشتر دەبێت"، بەڵام دروشمی سەرەکیی ئەو ئەمەیە "بە هێزەوە بۆ خزمەتکردنی ئیستەنبوڵ" و "جارێکی دیکە سەردەکەوینەوە". هەروەها لە زۆربەی وتارەکانیدا ئاماژە بە گەندەڵییەکانی قۆناغەکانی پێشوو دەکات.

ئەردۆغان: پێویستە هەمووان قوربانی بدەن بۆ هەڵبژاردن

ئەردۆغان بە خۆی و پارتەکەیەوە بە هەموو شیوەیەک هاتوونەتە مەیدان بۆ ئەم هەڵبژاردنە. لەم ماوەیەدا ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کردووە کە دەنگدان بە کوروم وەک دەنگدان بە خودی ئەردۆغان وایە. تەنانەت بڕیارە لە ڕۆژانی کۆتاییدا بە پاس سەردانی هەندێک ناوچەی ئەستەنبوڵ بکات و وتارێک پێشکەش بکات.

ئەردۆغان ئەم هەڵبژاردنەی زۆر بە جددی وەرگرتووە. گرنگیدان بە بیرۆکەی "وەرگرتنەوەی شارەکە" لەلایەن پارتەکەی ئەردۆغانەوە یەکێکە لە خاڵە سەرەکییەکانی ئەم قۆناغەی هەڵبژاردن. پارتی داد و گەشەپێدان دەیەوێت جارێکی دیکە نەخشەی هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە بەرژەوەندی خۆی بکاتەوە بە ڕەنگی پرتەقاڵی. تەنانەت لە هەندێک ناوچەدا کەسایەتییە میانڕەوەکانی بۆ سەرۆکی شارەوانی هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی بتوانێت هاوپەیمانی لەگەڵ هەندێک لە حزبە ئیسلامییە ئۆپۆزسیۆنەکانیدا دروست بکات.

ئەردۆغان هاوتەریب لەگەڵ ئەو داواکارییە کە زۆرێک بەراوردیان دەکەن بە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 1994، وەزیرەکانیشی کۆکردۆتەوە بۆ ئەوەی بچنە ناو شەڕی هەڵبژاردنەوە بەتایبەتی بۆ کورۆم. پێشتر لە تورکیا باو نەبووە وەزیرەکان بچنە ناو مەیدان و بانگەشەی کاندیدی پارتەکەیان لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا بکەن. لەوە نامۆتر، لە 23ی مانگی سێدا، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیاش بانگەشەی بۆ کورۆم کرد و ڕایگەیاند ئەگەر دەتەوێت لە بوومەلەرزە سەلامەت بیت، دەنگ بە کورۆم بدە.

ئەردۆغان و داهاتوو

ئەردۆغان هەوڵدەدات خۆی و پارتەکەی لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە. هەرچەندە ماوەیەک لەمەوبەر لە وتارێکدا وتی کە ئەمە دوا هەڵبژاردنە کە بەشداری تێدا دەکات، بەڵام پێناچێت چالاکییەکانی ئەم ڕۆژانەی تەنیا بۆ ئەم هەڵبژاردنەی دوایی بێت. لە هەمان کاتدا ئۆپۆزسیۆن ڕاگەیاندنی دەستلەکارکێشانەوەی ئەردۆغانی لە دەسەڵات زۆر بە جددی وەرنەگرت، چونکە پێشتر لانیکەم دوو جار ئەم دەستەواژەیەی بەکارهێنابوو، لە کاتێدا تا ئێستا هەر لە دەسەڵاتدایە.

دوای ئەگەری دەستلەکارکێشانەوەی، وەزیری دادی تورکیا ڕوونی کردەوە ئەگەر هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتی تورکیا لە تورکیا ئەنجام بدرێت، ئەردۆغان دەتوانێت جارێکی دیکە خۆی کاندید بکاتەوە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی، ئەوەش بەهۆی ئەوەی کە ماوەکەی کۆتایی نەهاتووە. ڕوونکردنەوەیەک کە زۆرێک لە یاساناسانی قەناعەت پێنەکردووە، بەڵام لە ئێستاوە هەندێک لە ڕۆژنامەنووسان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لانیکەم لە دوو ساڵی داهاتوودا شاهیدی ڕووداوێکی لەو شێوەیە دەبن.

بەڵام یەکێک لە گرنگترین بەربەستەکانی بەردەمی ئێستای، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی شارەوانی ئێستای ئەستەنبوڵە، ئەو کەسەی کە زۆر کەس پێیان وایە کاندید نەبوونی بۆ کێبڕکێی سەرۆکایەتی، هەڵەیەکی گەورە بووە.

سەرکەوتنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لەم هەڵبژاردنەدا دەتوانێ یەکلاکەرەوە بێت بۆ ژیانی سیاسی خۆی. ئەگەر سەربکەوێت، دەتوانێت خۆی لە کێبڕکێی سەرکردایەتی لە پارتی گەلی کۆماریخوازدا بەهێزتر بکات و پێگەیەکی گرنگ بەدەستبهێنێت و پێگەی ئەردۆغان بهەژێنێت و هەروەها ڕکابەری جدی بێت بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەش. بەڵام سەرنەکەوتنی ئەو دەتوانێت هۆکارێک بێت بۆ گەشەی پاوانخوازی و ئیسلامیزمی زیاتر لە تورکیا.

ئەم ئەگەرە بە تایبەتی دوای شەڕی غەززە زیاتر بەدی دەکرێت، بەشێک لە ئیسلامییەکانی تورکیا پێیان وایە گەڕانەوەی خەلافەت چارەسەرێکە بۆ هەموو کێشەکان. ئەوان لە کۆبوونەوە جۆراوجۆرەکاندا ئاڵای خەلافەتیان هەڵگرتووە و لە یەکی مانگی یەکیشدا ڕێپێوانێکی چەند هەزار کەسیان لە ئەستەنبوڵ ڕێکخست. ئەوان ئەو ئیسلامیانەن کە لە سایەی حکومەتەکەی ئەردۆغاندا توندڕەوتر بوون و بە دوای جێبەجێکردنی داواکەیاندان لە حکومەتی ئێستای تورکیادا.

هەرچەندە لە کورتخایەندا خواستەکەیان زۆر بە کردەیی دەرناکەوێت، لانیکەم لە بارەی گەڕاندنەوە خەلافەت، بەڵام زەمینەی پاوانخوازی زیاتر لە تورکیا لە ئێستاوە لەبەردەستدایە و سەرکەوتنی موراد کوروم لە ئەستەنبوڵ هەموو شتێک بۆ ئەوان ئاسانتر دەکات.

سەرچاوە: ڕادیۆ فەردا/ نووسینی عەتا محامەد تەبریز- دکتۆرای زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە تورکیا

XS
SM
MD
LG