Accessibility links

هێزەکانی ئاسایشی ئێران لە ئاهەنگی نەورۆزی کرماشاندا تەقەیان لە دوو لاوی کورد کردووە


هێزەکانی ئاسایشی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کاتی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە یەکێک لە پارکەکانی کرماشان تەقەیان لە دوو لاوی کورد کردووە و برینداریان کردوون.

بە گوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان، لەوانەش ئاژانسی هەواڵی کوردپا هێزەکانی ئاسایشی ئێران لە کرماشان لە کاتی هەڵپەڕکێ و شادی دەربڕینی کۆمەڵێک گەنج بە هۆی نەورۆزەوە لە یەکێک لە پارکەکانی ئەو شارە، تەقەیان لە گەنجەکان کردووە و لە ئەنجامدا دوو کەس بریندار بوون.

هەرچەندە ئەم ڕووداوە چەند ڕۆژێک پێش ئێستا لە دەمی جەژنی نەورۆزدا ڕوویداوە، بەڵام بەهۆی هەڕەشە و فشاری ئیتلاعات و هێزەکانی ئاسایش بۆ بێدەنگکردنی خێزانەکانی ئەو دوو لاوە، ڕووداوەکە لە کاتی خۆیدا بڵاو نەبووەتەوە.

بە پێی هەواڵەکان ئەو دوو لاوە بە ناوەکانی محەممەد ئەحمەدیانی و ئارمان بەسیری خەڵکی کرماشان لە نزیکەوە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە تەقەیان لێ کراوە و لە ئێستا لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێری هێزەکانی ئاسایش خەوێندراون.

لە هەواڵەکاندا باس لەوە کراوە کە بەرپرسانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان بە بنەماڵەی ئەو دوو هاووڵاتییە بریندارەیان ڕاگەیاندووە کە دۆسیەیەکی یاسایییان لە ژێر ناوی سووکایەتیکردن و هەڕەشەکردن لە هێزەکانی ئاسایش لەسەر ئەو دوو لاوە تۆمار دەکەن.

لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێی لە ئێراندا، ژمارەیەکی بەرچاوی خەڵک لە ئێران، بەتایبەت کوردەکان لە شوێنە گشتییەکاندا بۆ ئاهەنگی نەورۆز کۆبوونەوە و بە کردنەوەی ئاگر و هەڵپەرکی کردن شادیان دەربڕی.

کۆبوونەوەکانی نەورۆز لە هەندێک حاڵەتدا لەلایەن دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کاردانەوەی لێکەوتەوە.

عەلی شەعبانی، جێگری سیاسی پارێزگاری کرماشان ڕایگەیاند چەندین کەسیان لە پەیوەندی بە ئاهەنگەکانی نەورۆزەوە لەو پارێزگایە بانگهێشت و دەستبەسەر کردووە.

جێگری سیاسی پارێزگاری کرماشان هۆکاری بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەکانی نەورۆزی لە هەندێک ناوچەی ئەو پارێزگایە بۆ گرووپەکانی دژ بە حکومەت گەڕاندووەتەوە کە بە گوتەی ئەو هانی خەڵکیان داوە بۆ ئەنجامدانی هەڵپەڕکێ و ڕەشبەڵەک بۆ ئەوەی مەودا و دابەشبوون بکەوێتە نێوان نەتەوە و ئایینە جیاوازەکانی نێو ئێرانەوە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا سەرچاوەیەکی مافی مرۆڤ ڕایگەیاندووە کە هونەرمەندێکی کورد دوای وتنەوەی گۆرانی و سروود لە ئاهەنگی سەری ساڵدا لە سەقز و بوکان، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکانەوە دەستبەسەر کراوە و لێیدراوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی هەنگاو حەسەن کاکایی، گۆرانیبێژی کوردی تەمەن 64 ساڵ لە ماڵەکەی خۆی لە شاری بۆکان بە شێوەیەکی توندوتیژانە دەستبەسەر کراوە و دوای لێدانی ئازاد کراوە.

XS
SM
MD
LG