Accessibility links

زیاتر لە 60 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان لە هەڵبژاردنە خۆجێهییەکانی تورکیادا هەیە


دەنگدەرانی تورکیا لە 31ی مانگی سێ بەشداری لە هەڵبژاردنە خۆجێهی و شارەوانیەکانی تورکیادا دەکەن.

لەو وڵاتە 61 ملیۆن و 441 هەزار و 882 دەنگدەر لە زیاتر لە 206 هەزار بنکەی دەنگدانی سەرانسەری وڵاتەکە لە هەڵبژاردنە خۆجێهییەکاندا مافی دەنگدانیان هەیە.

34 پارتی سیاسی بەشداری لەو هەڵبژاردنانەدا دەکەن.

شارەوانی ئەستەنبوڵ یەکێکە لەو شوێنانەی کە سەرنجێکی زۆری لەسەرە و 49 کەس کاندیدە بۆ ئەو پۆستە کە 22 کاندیدیان لەلایەن پارتە سیاسییەکانەوە دەستنیشان کراون و 27 یشیان وەک سەربەخۆ خۆیان کاندید کردووە، بەو پێیەش ئەستەنبوڵ لە هەمو شارەکان زیاتر کاندیدی هەیە.

لە ئانکەرەی پایتەختیش 24 کاندید هەیە کە 19 یان سەر بە پارتە سیاسییەکانن و 5یان سەربەخۆن.

یەکێکی تر لە شوێنە گرنگەکانی هەڵبژاردنەکە ئەزمیرە لەوێش بە کۆی گشتی 27 کاندید هەن کە 21 لەوانە لەلایەن پارتە سیاسییەکانەوە دەستنیشان کراون و 6 کاندیدی سەربەخۆش هەن.

لە ڕۆژهەڵاتی تورکیا بنکەکانی دەنگدان لە کاتژمێر حەوتی بەیانی دەکرێنەوە و تا شەشی ئێوارە دەنگدان بەردەوامە و لە ڕۆژئاوای تورکیا دەنگدانەکە لە هەشتی بەیانی تا حەوتی ئێوارەیە.

هاووڵاتیانی تورکیا لە دەرەوەی وڵات دەتوانن لە هەڵبژاردنە گشتییەکاندا دەنگی خۆیان بدەن، بەڵام مافی دەنگدانیان بۆ هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان نییە.

XS
SM
MD
LG