Accessibility links

ئەمەریکا داوای پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا دەکات


وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕاگەیاندنێکدا دەڵێت لە میانەی کۆبوونەوەکەی وەزیری دەرەوە ئەنتۆنی بلینکن و هاوشانە عێراقییەکەی فوئاد حوسێندا تیشک خراوەتە سەر هاوکارییەکان لە بوارەکانی ئاسایش، ئابوری، سیاسی و دیپلۆماسی لە چوارچێوەی ڕیککەوتنی ستراتژی عێراق و ئەمەریکا.

بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوە دەشڵێت هەردوو وەزیر پێداچوونەوەشیان بە بەرنامەکاندا کردووە بۆ کۆبونەوەی داهاتووی لیژنەی باڵای هەماهەنگی ئەمەریکا و عێراق و کۆبوونەوەی محەمەد شیاع ئەلسودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرۆک بایدن لە 15ی مانگی چواردا.

وەزارەتی دەرەوە لە بەیاننامەکەیدا دەشڵێت وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا " هانی هەوڵەکانی دا بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، هێنانەدی بەرژەوەندی ئابووری بۆ هەموو عێراقییەکان، باشترکردنی سەربەخۆیی وزەی عێراق، بەهێزکردنی توانای عێراق بۆ پاراستنی تەواوی سەروەری خۆی، و بەرەوپێشبردنی سەقامگیری و ئاسایش بۆ هەموو عێراقییەکان."

بە پێی وەزارەتی دەرەوە ئەوان " پابەندبوونیان بە پڕۆسەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربازی دووپاتکردەوە، کە دەبێتە هۆی گواستنەوە بۆ هاوبەشییەکی ئاسایشی دووقۆڵی بەردەوام لە نێوان عێراق و ئەمەریکا و یارمەتیدەر دەبێت بۆ دەستەبەرکردنی شکستی هەمیشەیی داعش."

ڕۆژی دووشەممە وەزیری دەرەوەی عێراق لە دیمانەیەکی تایبەتدا بە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند ئێمە هاتووین بۆ گفتوگۆکردن " تا پەیوەندییەکانی کە هەیە لە نێوان ئەمەریکا و عێراق پتەوتر بکەین."

دکتۆر فوئاد حوسێن گوتیشی ئێمە لە کۆشکی سپی باسمان لە بابەتی ئاسیشی و زۆر بابەتی تریش کردووە و لە دەمی سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق محمەد شیاع سودانی جارێکی تر ئەم بابەتانە تاوتوێ دەکرێنەوە.

کۆشکی سپی هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند سەرۆک وەزیرانی عێراق لە 15 ی چوار دەگاتە واشنتن و لە کۆشکی سپی لەگەڵ سەرۆک بایدن کۆدەبێتەوە.

XS
SM
MD
LG