Accessibility links

ڕووسیا ماوەی دەستبەسەرکردنی ڕۆژنامەوانە ئەمەریکاییەکە درێژدەکاتەوە


دادگایەکی ڕووسیا ماوەی دەستبەسەرکردنی ڕۆژنامەوانی ئەمەریکایی ئیڤان گێرشکۆڤیچی پێش دادگاییکردنی درێژکردەوە، کە نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر بە تۆمەتی سیخوڕی دەستگیرکرا، لەکاتێکدا ئەو تومەتە بە شێوەیەکی بەرفراوان بە ساختە سەیر دەکرا.

دادگای ئەو وڵاتە ڕۆژی سێشەممە بڕیاریدا گێرشکۆڤیچ لانیکەم تا 30ی مانگی 6 ڕابگیرێت، کە سێ مانگ درێژکراوەی فەرمانەکەی پێشووترە. تا ئێستا هیچ وادەیەک بۆ دادگاییکردنی دیاری نەکراوە.

گێرشکۆڤیچی تەمەن 32 ساڵ لە مانگی ئازاری 2023 لە کاتی گەشتێکیدا بۆ ڕاپۆرتکردن لە شاری یکاتێرینبۆرگ لە ڕووسیا دەستگیرکرا.

گێرشکۆڤیچ و ڕۆژنامەکە تۆمەتەکانی سیخوڕیکردنی ڕووسیایان ڕەتکردەوە. تا ئێستا ڕووسیا بەڵگەی پشتگیری لەو تۆمەتە نەخستووەتەڕوو.

پۆڵ بێکێت هەفتەی ڕابردوو بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە "ئەو پیاوێکی بێتاوانە، ئێمەش حساب بۆ حکومەتی ئەمەریکا دەکەین بۆ ئەوەی بیگەڕێنینەوە بۆ وڵات." بێکت یاریدەدەری سەرنووسەری ڕۆژنامەی جۆرناڵە و سەرکردایەتی هەڵمەتی ڕۆژنامەکە دەکات بۆ دەستەبەرکردنی ئازادکردنی ئیڤان گێرشکۆڤیچ.

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو دەستگیرکردنی گێرشکۆڤیچ زوڵمە و هەڵەیە.

XS
SM
MD
LG