Accessibility links

فەرماندەیەکی سوپای پاسدارانی ئێران لە هێرشێکی ئاسمانی لە ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکوژرێت


ڕێکخراوێکی چاودێری جەنگی سوریا دەڵێت، لانیکەم 9 چەکداری لایەنگری تاران لە نێویاندا فەرماندەیەکی سوپای پاسدارانی ئێرانیش لە نێو ئەو 13 کەسەدابوون کە ڕۆژی سێشەممە لە هێرشە ئاسمانییەکان لە ڕۆژهەڵاتی سوریا کوژراون.

ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت "9 چەکداری لایەنگری ئێران کە یەکێکیان فەرماندەیەکی سوپای پاسداران بوو، لەو هێرشە ئاسمانیانەدا کوژراون کە ڤێلایەکی شوێنی مانەوەیانی تێدا کرابووە ئامانج ."

ڕێکخراوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە هێرشێکی جیادا لە شارۆچکەی ئەلبو کەمال لەسەر سنووری عێراق چوار کەس کوژراون.

ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ کە بنکەی لە بەریتانیایە ڕایشیگەیاندووە، هیچ زانیارییەکیان نییە لەسەر ئەوەی کێ هێرشەکەی ئەنجامداوە و هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵەش هیچ کەس و لایەنێک بەرپرسیارێتی هێرشەکەی نەگرتووەتە ئەستۆ.

لە ماوەی ڕابردوودا ئیسرائیل سەدان هێرشی ئەنجامداوە و گروپە لایەنگرەکانی ئێرانی تیادا کردووەتە ئامانج کە لە شەڕی زیاتر لە دە ساڵەی ناوخۆی سوریادا شانبەشانی هێزەکانی سەر بە بەشار ئەسەد دەجەنگن.

ئەمەریکا ژمارەیەکی زۆر کەمتر لە هێرشەکانی دژی گروپەکانی سەر بە ئێران لە ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامداوە کە بە بەرپرسیاریان دەزانێت لە هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا لە کاتی شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە غەززە.

میدیاکانی نزیک لە حکومەتی سوریا ڕایانگەیاندووە کە دواین هێرشەکان لەلایەن ئەمەریکاوە کراوە.

ڕوانگەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، تەنها یەکێک لەو چەکدارانەی لە ڤێلاکە کوژراون، سوریایی بووە. دەشڵێت 10 هاووڵاتی مەدەنی سوریایی کە لە نزیک ئەو شوێنە دەژین لەنێو زیاتر لە 30 کەسی برینداردا بوون.

حەموود ئەلجەبور کە کەمتر لە 100 لەو ڤێلایەوە دوورە کە کراوەتە ئامانج ، دەڵێت "تەقینەوەیەکی بەهێزمان بیست کە بە دەنگی لە خەو هەستاین دواتر دەنگی ئەمبولانسەکان هات."

گوتیشی " ئەو هێرشە یەکێک بوو لە گەورەترین هێرشەکانی کە بیستوومە، پەنجەرەی ماڵەکەمی شکاند ، کارەبا لە چەند گەڕەکێکدا پچڕا و ڕێگا سەرەکییەکان داخران."

ڕوانگەکە ڕایشیگەیاندووە کە چەند کاتژمێرێک پێشتر فڕۆکەیەکی بارهەڵگری ئێرانی لە دیمەشقەوە بەرەو شاری دێرەزووری ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕۆشتووە بە کەرەستەی تەکنیکی و سەربازانی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە.


سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG