Accessibility links

مامۆستایانی ناڕازی: نابێت یەکێتی بۆ هەڵوەشاندنەوەی یازدە کورسیەکە شایی بکات و بۆ مووچەش پشتمان تێبکات


هەرچەندە بڕیاربوو ڕۆژی دووشەممە مامۆستایانی ناڕازی سلێمانی، بەرامبەر بە ناچارکردنیان بۆ کردنەوەی "هەژماری من" خۆپیشاندان ببەنە بەردەم ماڵی سەرۆکی یەکێتی لە دەباشان، بەڵام بەر لە بەڕێکەوتنیان خۆپیشاندەران لەلایەن ئاسایشی سلێمانیەوە ڕێگریان لێکرا و لەلایەن هێزە ئاسایشییەکانیشەوە بەشێک لە مامۆستایان و ڕۆژنامەوانان دەستگیرکران و خۆپیشاندانەکەش کۆتایی پێهێنرا.

ئەمڕۆ دوو شەممە 25ی مانگی 3ی 2024، ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایانی ناڕازی سلێمانی وەک هەڵوێستی ناڕازی بەرامبەر حکومەتی هەرێم بە ناچارکردنیان بەرامبەرکردنەوەی هەژماری من خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و دەیانەویست بە ڕیپێوان بچنە بەردەم ماڵی سەرۆکی یەکێتی، بەڵام لەلایەن هێزێکی زۆری ئەمنیەوە ڕێگریان لێکرا و چەندین مامۆستا و ڕۆژنامەنووس دەستگیرکران، مامۆستایانی ناڕازیش دەڵێن، "یەکێتی دەبێت هەڵوێستی خۆی یەکلایی بکاتەوە، یان بەشێک بێت لە حکومەتی هەرێم یاخود بەشێک بێت لە خەڵکی ناڕازی لە دەرەوەی حکومەت."

بەهمەن ئەحمەد، یەکێک لە سەرپەرشتیارانی خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆ، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئەمڕۆ یەکێتی بە پێچەوانەی بنەماکانی دیموکراسی بە پێچەوانەی ئەوەی کە 50 ساڵە بانگەشەی بۆ دەکات دەستیکرد بە دەستگیرکردن و ڕێگری کردن لەو خۆپیشاندانە مەدەنیەی کە ئێمە بە نیاز بووین ڕێکی بخەین، بەداخەوە ڕێگریان لە ڕۆژنامەنووسان کرد، کە ئەمەش پێشێلکاریە بە رامبەر ئازادی کاری ڕاگەیاندن."

وتیشی،" دەبێت یەکێتی دەستبەرداری ئەو سیاسەتە خۆڵەمێشیە بێت، لەبەر ئەوەی ئەم زۆنەی ماندوو کردوە و لە پاڵ ئەم سیاستە خۆڵەمێشیەی یەکێتیدا پارتی هەمووسیاسەتەکانی خۆی بردۆتە پێشەوە."

دەنگی ئەمەریکا لەسەر هەڵوێستەکەی ئەمڕۆ ئاسایشی سلێمانی پەیوەندی کرد بە دەزگای ئاسایشی هەرێم و چەند ئەندامێکی سەرکردایەتی ئەو حزبە، بەڵام ئامادە نەبوون لێدوان بدەن لەو بارەیەوە.

هەرچەندە ئامارێکی دروست سەبارەت بە ژمارەی دەستگیرکراوانی ئەمڕۆ لەبەردەستدا نییە، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتی سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنووسان، وێرای "ئیدانەکردنی" هەڵوێستی ئەمڕۆی ئاسایشی سلێمانی، بەشێک لە مامۆستایان بەر لە چوونیان بۆ خۆپیشاندانەکە لە ماڵەکانی خۆیاندا دەستگیرکراون و بەشێکی تریشیان لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا، وێرای ئەوەی دوو ڕۆژنامەنووسی هەریەک لە دەزگای ئێن ئاڕتی و وێستگە نیوز دەستگیرکران و دەستیش بەسەر کەلووپەلی ڕۆژنامەوانی بەشێکی زۆر لە دەزگاکانی ڕاگەیاندندا گیراوە و ڕێگریش لە ڕووماڵی ڕۆژنامەوانی دەزگاکانی ڕاگەیاندن کراوە.

یاسین عەبدوڵا، کە یەکێکیترە لە سەرپەرشتیارانی خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆ و لە ڕانیەوە هاتووە بۆ بەشداری لە خۆپیشاندانەکەدا، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" بڕیارماندا خۆپیشاندان بەرینە لووتکەی دەسەڵاتی زۆنی سەوز کە ئایە لەگەڵ بڕیارەکانی حکومەتی هەرێمن کە پارتی فەرزی کردووە وەک هەژماری من و دابەشنەکردنی مووچە، بە تایبەت هەژماری من کە ناچارمان دەکەن بەشداری تێدا بکەین."

وتیشی،" یەکیتی دەبێت خۆی یەکلا بکاتەوە یان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێمن یان لەگەڵ خەڵکیدان، بۆ بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی بۆ لابردنی یانزە کورسیەکە شایی بگێڕێت بەڵام بۆ مووچەکە پشتمان تێبکات."

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:53 0:00

XS
SM
MD
LG