Accessibility links

کۆڵبەرێکی دیکەی خەڵکی جوانڕۆ بە تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران دەکوژرێت


کۆڵبەرێکی کورد ڕۆژی شەممە، 23 ی مانگی سێ بە تەقەی هێزە سەربازییەکانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسود دەکوژرێت.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان و کۆڵبەرنیوز، کۆڵبەرێکی خەڵکی جوانڕۆ بە ناوی پەیمان ئەحمەدی تەمەن سی و پێنج ساڵ بە تەقەی هێزە سنوورییەکانی ئێران ڕۆژی شەممە لە ناوچەی سنووری نەوسوود کوژراوە.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاندووە هێزە سەربازییەکانی ئێران بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، ڕاستەوخۆ لە مەودایەکی نزیکەوە تەقەیان لەو كۆڵبەرە کردووە و کوشتویانە و تەرمەکەشی تاکو ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی لە کۆڵبەر نیوز تۆمار کراون، لە نێوان 21ی مانگی سێی ساڵی 2023 تا 21ی مانگی سێی ساڵی 2024، 44 کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی ئێران و هەرێمی کوردستان کوژراون و 400 کۆڵبەریش بریندار بوون.

کۆڵبەر نیوز ڕایگەیاندووە لە کۆی گشتی ئەو 444 کۆڵبەرەی کە لەو ماوەیەدا کوژران و بریندار بوون، 37 کەسیان منداڵی خوار تەمەن 18 ساڵ بوون.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی کۆڵبەر نیوز ژمارەی کۆڵبەرانی کوژراو و برینداربوو لەو ماوە ئاماژە پێکراوەدا، بە ڕێژەی 90% بە بەراورد بە ساڵانی پێشوو زیادی کردووە.

XS
SM
MD
LG