Accessibility links

ئەگەری زیاد کردنی کورسیەکانی بازنەی هەڵەبجە لەسەر بنەمای کەمکردنەوەی کورسی کام بازنەی هەڵبژاردن دەبێت؟


لەگەڵ نزیکبوونەوە لە وادەی هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، هەوڵی فراوانکردنی بازنەی هەڵبژاردنەکان لە پارێزگای هەڵەبجە دەدرێت بۆ ئەوەی ژمارەی کورسیەکانی بازنەی هەڵەبجە بۆ 6 کورسی پەرلەمانی بەرزبکرێتەوە، ئەوەش بە دابڕاندنی دەنگی سێ قەزای سەربە پارێزگای سلێمانی و هێنانەوەی دەنگەکانیان بۆ بازنەی هەڵەبجە.

بەپێ نوسراوێک کە لەدەزگا ڕۆژنامەوانیەکان بڵاوبووەتەوە، نێچیرەڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان،ڕۆژی 11ی مانگی 3 ی 2024، نامەیەکی چوار خاڵی ئاڕاستەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقی کردووە، لە خاڵی دووەمدا داوای پێداچوونەوەی بە کورسی بازنەی هەڵەبجەی کردووە کە هەمان مامەڵەی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2021ی عێراق لەگەڵدا بکرێت، بەڵام هێشتا نوسراوەکە بە ڕەسمی پشتڕاست نەکراوەتەوە .

ژمارەی دەنگدەرانی هەڵەبجە 78 هەزار و 626 دەنگدەرە کە بۆ هەر کورسیەکی پەرلەمانی 26 هەزار و 209 دەنگ دانراوە و سێ کورسی پەرلەمانی لە بازنەکەدا هەیە .

زیادکردنی کوردسیەکانی پارێزگای هەڵەبجە وابەستەیە ،بە کەم کردنەوەی ژمارەی کورسیەکانی پارێزگای سلێمانی کە دەنگی هەریەک لە قەزاکانی پێنجوێن و سەیدسادق و شارەزوور دەخرێنە سەر پارێزگای هەڵەبجە و بەشێک لەلایەنە سیاسیەکانیش پشتیوانی لەم هەنگاوە دەکەن .

بەکر هەڵەبجەیی کارگێڕی لقی 12 ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "وەک پارتی دیموکراتی کوردستان، لەگەڵ ئەوەین ئەو قەزایانە وەک هەڵبژاردنی پێشووی عێراق لەسەر بازنەی هەڵەبجە بن و ئەو داواکاریەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەبەرچاو بگیرێت و پارتی دیموکراتی کوردستانیش بە ڕەسمی ئەم دوایەی داواکردووە".

کارگێڕەکەی لقی 12 ی پارتی وتیشی، " لە ڕوانگە سیاسیەکەوە، ئەم بڕیارە لەبەرژەوەندی حیزبە گەورە و بچوکەکانیشە، لەلایەکی دیکەشەوە هەولێکە بۆ ئەوەی سنورە ئیداریەکەی پارێزگای هەڵەبجە فراوانتر بکرێت ".

سنوری ئیداری پارێزگای هەڵەبجە پێکدێت لە قەزای ناوەندی هەڵەبجە و ناحیەکانی سیروان و خوڕماڵ و بیارە و بەمۆ و لە چوار چێوەیەکی بازنەیەکی سەربەخۆدا دیاری کراوە و سێ کورسی پەرلەمانی بۆ دانراوە.

حەیدەر نیعمەت لێپسراوی بەشی هەڵبژاردنی مەڵبەندی 9ی شارەزووری یەکێتی نشتیمانی کوردستان لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " وەک یەکیتی هەر قورساییەک بە هەڵەبجە بدرێت پێشوازی لێ دەکەین، ئەگەر سنوری ئیداری فراوان بکرێت یان نا ئێمە ئامادەی هەڵبژاردنین".

قەزاکانی سەیدسادق و پێنجوێن و شارەزوور لە ڕووی ئیداریەوە سەربە پارێزگای سلێمانین و 153 هەزار و 622 هاوڵاتی مافی دەنگدانیان لەو قەزایانە هەیە.

حەیدەر نیعمەت وتیشی، " بازنەی سلێمانی خاوەنی یەک ملیۆن و 400 هەزار 622 دەنگدەرە، کە بۆ هەر کورسیەکی پەرلەمانی 36 هەزار و 150 دەنگ دانراوە، لە ئەگەری فراوانکردنی بازنەی هەڵەبجە ، ئەوا دەبێت لە کورسیەکانی بازنەی سلێمانی کەم بکرێنەوە ".

بەپێ ژمارەی دەنگدەرانی پارێزگای هەڵەبجە، ژمارەی کورسیەکانی بازنەی پارێزگای هەڵەبجە 2 کورسی پەرلەمانی دەکات، بەڵام تایبەتمەندی پارێزگاکە لەبەرچاوگیراوە و کراوە بە 3 کورسی پەرلەمانی.

نزار مەحمود باژێڕوانی مەکۆی هەڵەبجەی بزوتنەوەی گۆڕان لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " ئێمە لەگەڵ فراوانکردنی بازنەی هەڵەبجەین و پێمان باشە جگە لە پێنجوێن و سەیدسادق و شارەزورو دەربەندیخانیش، بخرێتە سەر بازنەی هەڵەبجە و سێ کورسی پەرلەمانی بە کەم دەزانین بۆ پارێزگای هەڵەبجە ".

ئەو بەرپرسەی بزوتنەوەی گۆڕان وتیشی، " هەڵەبجە جیاوازە لە شوێنەکانی تر، نزیکەی شەش بۆ حەوت لایەن کێبەڕکێی یەکتر دەکەن و خاوەن جەماوەرن، تا بتوانرێت لەو ڕێگەوە لایەنەکان کورسی زیاتر بە دەست بهێنن، پێویستە ئەم هەنگاوە بنرێت".

دەنگی ئەمەریکا چەند جارێک پەیوەندی کرد بە دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بۆ پشتڕاستکردنەوەی نوسراوەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەڵام پەیوەندییەکە لەبەردەستدا نەبوو.

بڕیارە لە ڕۆژی 10 ی مانگی 6 ی ساڵی 2024، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکە دەکات، تا ئێستا 12 لایەنی سەربەخۆ و 2 هاوپەیمانی و 58 کاندیدنی سەربەخۆ داوایان پێشکەش کردووە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن. کە کێبەڕکێی بەدەستهێنانی 100 کورسی پەرلەمان دەکەن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:07:05 0:00
XS
SM
MD
LG