Accessibility links

کۆمەڵێک لە کۆمارییەکان ڕەخنە لە بەڕێوبەرایەتی بایدن دەگرن بە هۆی درێژکردنەوەی لێخۆشبوون لە سزاکانی سەر ئێران


کۆمەڵێک لە داواکارانی گشتی کۆماریخواز لە 12 ویلایەتی ئەمەریکا لە نامەیەکدا بۆ بەڕێوبەرایەتی بایدن وێڕای ڕەخنەگرتن لە درێژکردنەوەی لێخۆشبوون لە سزاکانی سەر کۆماری ئیسلامی ئێران، داوای بڕینی سەرچاوە داراییەکانی حکومەتی ئێران دەکەن.

داواکارانی گشتی ویلایەتەکانی ئالاسکا، ئارکانساس، جۆرجیا، ئایداهۆ، ئایۆوا، لویزیانا، مۆنتانا، ئۆکلاهۆما، کارۆلینای باشوور، تەکساس، ڤێرجینیا و یوتا لە نامەکەدا کۆماری ئیسلامی ئێرانیان بە پشتیوانی سەرەکی تیرۆر لە جیهاندا ناوبردووە و جەختیان لەوە کردووەتەوە کە وەک بەرپرسانی باڵای ویلایەتەکە بە ئەرکی خۆیانی دەزانن یاساکانی پەیوەست بە سپیکردنەوەی پارە و تیرۆرەوە جێبەجێ بکەن.

بەرپرسە باڵاکانی دوازدە ویلایەتەکەی ئەمەریکا هەروەها ڕایانگەیاندووە کە حکومەتی ئێران مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە لە دابینکردنی دارایی بۆ گروپە تیرۆریستییەکان و بەکارهێنانی توندوتیژی بۆ تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە و نووسیویانە بەخشینی ئێران لە هەندێک لە سزاکان، ئاسانکاری دەکات بۆ کردەوە تێکدەرەکانیان.

هاوپەیمانی داواکارانی گشتی کۆماریخواز لە درێژەی نامەکەیاندا بە ئاماژەدان بە پشتیوانیی دەیان ساڵەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە گرووپە تیرۆریستییە ئیسلامییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکانی دیکەی جیهان کە وەک بانکێکی جیهانی بۆ تیرۆر کاریکردووە، داوایان لە حکوومەتی ئەمەریکا کردووە کە سەرچاوە و هێڵەکانی دابینکردنی دارایی کۆماری ئیسلامی ئێران بپچڕێنێت.

مەتیۆ میلەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە دووپاتیکردەوە کە بەڕێوبەرایەتی بایدن جارێکی دیکە عێراقی لە سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر کۆماری ئیسلامی بەخشیوە بۆ ئەوەی بەغدا بتوانێت قەرزی هاوردەکردنی کارەبا بۆ تاران بداتەوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا جەختی لەوە کردەوە کە ئەو بڕە قەرزە بە هیچ شێوەیەک ناگاتە دەستی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەڵکو دەخرێتە سەر حسابێکی ژێر کۆنترۆڵ لە وڵاتی سێهەم بۆ ئەوەی بتوانرێت تەنها بۆ کڕینی دەرمان، خۆراک، کەرەستەی پزیشکی و شتومەکی پەیوەست بە پیشەسازی کشتوکاڵی و ئەو کاڵانەی سزایان نەخراوەتە سەر بەکاربهێنرێت.

سەرچاوە/دەنگی ئەمریکا

XS
SM
MD
LG