Accessibility links

ئیسرائیل ئۆتۆمبێلێکی حەماس لە باشوری لوبنان بە ئامانج دەگرێت


لە ئاکامی هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیل لە باشوری لوبناندا 2 کەس کوژراون و یەکێکیان ئەندامی ڕێکخراوی میلیشیایی حەماسە.

لەم هێرشە درۆنییەدا ئۆتۆمبێلێک کرابووە ئامانج لە دەرەوەی شاری صور، نزیک لە دەریای ناوەڕاست.

میدیای سەر بە دەوڵەتی لوبنان دەڵێت "ئەو ئەندامەی حەماس دانیشتووی ئۆردوگای پەنابەرانی ڕەشیدییە بووە."
ژمارەیەکی بەرچاوی ئەندامانی ڕێکخراوی حەماس لەو ئۆردوگایەدا هەن.

لەشکری ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکی ڕۆژی چوارشەممەیدا دەڵێت "هێرشی ئاسامانییش کراوەتە سەر شاری خان یونس لە باشوری کەرتی غەززە و هەروەها هێرشی زەمینیش لەناوجەرگەی غەززەدا کراوە، ئەم هێرشانەش بە ئامانجی لە ڕەگوڕیشەوە هەڵکێشانی حەماسن."

وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەززە کە لەژێر فەرمانڕەوایەتی حەماسدایە دەڵێت "88 هاووڵاتی فەلەستینی کوژراون لە ئاکامی هێرشەکانی 24 کاتژمێری ڕابردووی ئیسرائیل."
لەوەتای دەستپێکردنی شەڕی غەززەوە لە سەرەتای مانگی دەدا تا ئێستا، وەک لە ڕاگەیەندراوەکەی چوارشەممەی وەزارەتی تەندروستی کەرتی غەززەدا هاتووە "بەلانیکەم 31272 کەس کوژراون و 73 هەزار کەسیش بریندارن."

هێزە سەربازییەکانی ئیسرائیل، درەنگانێکی ڕۆژی سێشەممە لە گوندی ئەلجیب لە نزیک شاری ئۆرشەلیمەوە 2 هاووڵاتی فەلەستینییان کوشتووە و پۆلیسی ئیسرائیلیش دەڵێت " ئەو دوو کەسە بەشێک بوون لەو دەستە پێنج کەسییەی بۆمبی سوتێنەریان دەهاویشتە سەر یەکێک لە ڕێگە سەرەکییەکان."

لە ڕووداوێکی تری جودادا، هێزە سەربازییەکانی ئیسرائیل تەقەیان لە کوڕێکی فەلەستینی تەمەن 12 ساڵ کردووە و کوشتویانە هاوکاتی پێکدادانێک لە ئۆردوگایەکی پەنابەران لە دەوروبەری ئۆرشەلیم.

XS
SM
MD
LG