Accessibility links

لە ڕێوڕەسمی چوارشەممە سووری لە ئێران 14 کەس گیان لەدەستدەدەن و زیاتر لە 2000 کەسیش بریندار دەبن


بەرپرسی دەزگای فریاگوزاری ئێران ڕایگەیاند لە ڕووداوەکانی پەیوەست بە ڕێوڕەسمی کۆتایی ساڵ کە بە "چوارشەممە سووری" ناسراوە، تا ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە 14 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە دوو هەزار کەسیش بریندار بوون.

ئاژانسی ھەواڵی مێھری سەر بە حکومەتی ئێران ڕۆژی سێ شەممە، 12ی مانگی سێ بڵاویکردوەتەوە کە جگە لە گیانلەدەستدانی 14 کەس، دوو هەزار و 100 کەسیش بریندار بوون کە لەو ژمارەیە 413 کەس لە ڕێگەی بەشی فریاگوزارییەوە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە و هەزار و 616 کەسیش بۆ وەرگرتنی چارەسەری خۆیان سەردانی ناوەندە پزیشکییەکانیان کردووە.

ئاژانسە هەواڵییەکە نووسیوێتی لەو ژمارەیە 71 کەسیان لە شوێنی ڕووداوەکە چارەسەریان بۆ کراوە و 152 کەسیش قۆڵ یان قاچ یان بەشێکی تری جەستەیان لەدەستداوە و 700 کەسیش چاویان زیانی پێگەیشتووە و 681 کەسیش بە پلەی جیاواز، جەستەیان سووتاوە.

ئاژانسی هەواڵی ئیسنای ئێرانیش ڕایگەیاندووە 26 کەس لە ڕووداوەکانی چوارشەممە سوری ئەمساڵ لە پارێزگای کرماشان برینداربوون کە سەرجەم بریندارەکان تەمەنیان لە خوار 16 ساڵەوەیە.

هەموو ساڵێک لە ئێران لە دوایین سێشەممەی ساڵی وڵاتەکەدا بە پێی نەریتێکی کۆن، خەڵک ڕێوڕەسمی چوارشەممە سوری ئەنجام دەدەن، لەوانەش بە پەڕین لەسەر ئاگر و بەکارهێنانی یارییە ئاگرینەکان و بەم شێوەش پێشوازی لە نەورۆز دەکەن و بۆ هاتنی بەهار ئاهەنگ دەگێڕن. لە چەند دەیەی ڕابردوودا ئەم ڕێوڕەسمە بەزۆری مەترسیی لەگەڵدا بووە و ساڵانە بووەتە هۆی سووتان و برینداربوون و گیانلەدەستدانی چەندین کەس.

بەرپرسی دەزگای فریاگوزاری ئێران ڕایگەیاندووە ژمارەی برینداربوانی ڕووداوەکانی چوارشەممە سووری ئەمساڵ بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی 24% زیادی کردووە.

سەرچاوە/میدیا نێوخۆییەکانی ئێران

XS
SM
MD
LG