Accessibility links

مامۆستایەکی کورد لە ئێران بە هۆی فشاری دامودەزگا ئاسایشییەکانەوە لە کارەکەی دووردەخرێتەوە


محەممەد مورادیی نەساری لەگەڵ خوێندکارەکانی
محەممەد مورادیی نەساری لەگەڵ خوێندکارەکانی

محەممەد مورادیی نەساری خەڵکی ئیلام و خوێندکاری دکتۆرای بەشی ئەدەب لە زانکۆی کوردستانی سنە کە دوای وەرگیرانی وەک مامۆستا لە قوتابخانەیەکی سنە دەستی بەکارکردووە، بە هۆی گوشاری دامودەزگا ئاسایشییەکان و بەشی بەڕێوەبردنی پەروەردەی پارێزگاکەوە، لە کارەکەی دوور خراوەتەوە.

ڕێکخراەکانی مافەکانی مرۆڤ، لەوانە تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان و هەنگاو ئاماژە بەوە دەکەن کە ناوبراو کە نووسەر و چالاکێکی فەرهەنگییە، بە هۆی بڕیارێکی ناڕوونی ناوەندە ئاسایشییەکانەوە لە کارەکەی دوورخراوەتەوە.

ئەو نووسەر و شاعیرە خەڵکی ئیلام لە پۆستێکی ئینستگرامدا نووسیویەتی دوای ئەوەی ناوەندی هەڵبژاردنی دەستەی مامۆستایان کە بەشێکی بەڕێوبەرایەتی پەروەردەیە، پەیوەندییان پێوەکردووە و پرسیاریان لەبارەی چالاکییە ئەدەبییەکانی لە بواری زمانی کوردیدا کردووە، پێیان ڕاگەیاندووە کە لێکۆڵینەوەکانی دەزگا ئاسایشییەکان سەبارەت بەو مامۆستایە نەرێنی بووە و چیدیکە مافی ئەوەی نییە لە پۆلدا ئامادە بێت.

دەرکردنی ئەو مامۆستایە لەکاتێکدایە کە بە گوتەی ناوبراو دوای سەرکەوتنی لە تاقیکردنەوەی مامۆستایەتی، لە یەکەم ڕۆژی مانگی نۆڤەمبەرەوە بە ئاگاداری فەرمی وەزارەتی پەروەردە وانەی ئەدەبیاتی لە قوتابخانەکانی سنە گوتوەتەوە.

محەممەد مورادیی نەساری هەروەها لە پۆستەکەیدا نووسیوێتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سنە، چەند هۆکارێکیان بۆ دەرکردنەکەی خستوەتە ڕوو، لەوانە بەشداریکردنی لە فێستیڤاڵی ئەدەبی گەلاوێژ لە سلێمانی و وتووێژکردن سەبارەت بە زمان و ئەدەبیاتی کوردی.

وەک ئەو مامۆستا کوردە باس دەکات، هیچ کام لەو چالاکییانە "تاوان نین" و بەڵکو لە جیهاندا دەبنە مایەی ڕێز و شانازیش. هەڵبەت بۆ ئەو مامۆستایە جێگەی پرسیارە کە ئەم چالاکییانە هەمووی بە مۆڵەتی ئێدارەی پێوەندییەدارەکان بە بواری فەرهەنگ و هونەرەوە بەڕێوەچوون.

ئەو ماموستایە کە بەرپرسی "چاپەمەنیی باشوور"ە لە ئیلام، مووچەی ئەو ماوەیەشی پێنادرێت کە وانەی وتووەتەوە.

هەڵبەت پێشتریش چەندین جار لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە خراوەتە ژێر لێپرسینەوە. بەرلەمەش، لەسەر چالاکییەکانی لێکۆڵینەوە و تەنانەت هەڕەشەشی لێ کراوە.

XS
SM
MD
LG