Accessibility links

جێبەجێکردنی یاسایەک لە هیندستان کە موسڵمانان پەراوێز دەخات، ناڕەزایەتی لێدەکەوێتەوە


دوای جێبەجێکردنی یاساییەکی نوێ لە هیندستان کە وادەکات موسڵمانانی ئاوارە لە وڵاتانی ناوچەکە لە بوون بە هاووڵاتی هیندستان بێبەش بکرێن، خۆپیشاندانێکی گەورە ڕۆژی سێشەممە،12ی مانگی سێ لە سەرانسەری وڵاتەکەدا بەڕێوەچوو.

حکومەتەکەی نەرێندرا مودی سەرۆکوەزیرانی هیندستان ، ڕۆژی دووشەممە جێبەجێکردنی یاسای بەدەستهێنانی ڕەگەزنامەی ساڵی 2019ی ڕاگەیاند کە ڕێگری لە موسڵمانانی ئاوارەبووی وڵاتانی ناوچەکە دەکات لەوەی بتوانن ببن بە هاووڵاتی لەو وڵاتەدا.

هەموارکردنی یاسای هاووڵاتیبوون لە هیندستان، بەدەستهێنانی ڕەگەزنامەی وڵاتەکە بۆ هیندۆسەکان، پارسیەکان، سیخەکان، بوداییەکان، جاینیەکان و مەسیحییەکان کە پێش 31ی مانگی دوازدەی ساڵی 2014 لە وڵاتانی زۆرینە موسڵمانی ئەفغانستان و بەنگلادیش و پاکستان کۆچیان کردووە بۆ هیندستان، سادە و خێرا دەکات.

ئەم یاسایە لە ساڵی 2019 لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندکرا، بەڵام حکومەتی نەرێندرا مودی بەهۆی ناڕەزایەتییە بەرفەراوانەکانی نیودەهلی و شارەکانی دیکەوە کە دەیان کەس تێیاندا کوژران، جێبەجێکردنەکەی دواخست.

ڕەخنەگران دەڵێن یاساکە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە حکومەتی مودی هەوڵدەدات وڵاتەکە بۆ دەوڵەتێکی هیندۆسی بگۆڕیت کە 200 ملیۆن موسڵمان تێیدا دەژیت.

حکومەتی مودی بانگەشەی ئەوەی کردووە کە یاسای هاووڵاتیبوونی ساڵی 2019، ڕێوشوێنێکی مرۆییە و ئامانج لێی پێدانی ڕەگەزنامەیە بەو کەمینە ئایینیانەیە کە لە ئازار و کێشەکانی بەردەمیان هەڵاتوون. سەرۆکوەزیرانی هیندستان لە وەڵامی ڕەخنەکاندا ڕایگەیاندووە موسڵمانانی ئەفغانستان، پاکستان و بەنگلادیش کە ئیسلام لەم وڵاتانەدا باڵادەستە، بە هۆی ئایینەکەیانەوە ڕووبەڕووی ئازار و کێشە نابنەوە.

پارتی ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی حکومەتی هیندستان کە بە "پارتی کۆنگرێس" ناسراوە، ڕەخنەی لە جێبەجێکردنی یاساکە گرتووە و ڕایگەیاندووە "کاتی جێبەجێکردنی ئەم یاسایە ڕاست پێش هەڵبژاردنەکان بە ڕوونی بە مەبەست بۆ جەمسەرگیری لە هەڵبژاردنەکاندا داڕێژراوە.

هەروەها لە بەیاننامەیەکدا گروپی چاودێری مافەکانی مرۆڤ کە بە "لێبوردنی هیندستان" ناسراوە، ئەم یاسایەی بە "جیاکاری" ناوبردووە و بە "پێچەوانەی بەها سەرەتاییەکانی یەکسانی و یاسا نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ"ی زانیوە کە "هەڵاواردن لەسەر بنەمای ئایین شەرعیەت دەدات."

ڕەخنەگران دەڵێن بێدەنگی مودی لە ئاستی ئەم توندوتیژیەی دژ بە موسڵمانان بووەتە هۆی بوێری هەندێک لە توندڕەوترین لایەنگرانی و ئاگری ڕق و کینە لە دژی موسڵمانان زیاتر تاو دەدات. زۆربەی ڕاپرسییەکان باس لەوە دەکەن کە مودی لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی مانگی پێنج، زۆرینەی دەنگەکان بەدەست دەهێنێت.

خۆپیشاندانی پەرشوبڵاو لە ویلایەتی ڕۆژهەڵاتی ئاسام و باشووری ویلایەتی تامیل نادو دژی یاساکە بەڕێوەچووە، بەڵام هیچ هەواڵێک لەبارەی زیان و ئەگەری پێکدادان لەگەڵ پۆلیسدا نەهاتوەتە ئاراوە.

خۆپیشاندەران لە ویلایەتی تامیل نادو و ویلایەتی ئاسام شەوی دوو شەممە بە هەڵکردنی مۆم، دروشمیان لە دژی یاساکە بەرزکردەوە و پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی دەوڵەتیش داوای مانگرتنی سەرتاسەرییان لە ویلایەتەکەدا کردووە.

لە نیودەلهیشدا کە لە ساڵی 2019دا خۆپیشاندانی کوشندە دژی یاساکە ڕوویدا، دەسەڵاتداران بۆ ڕێگریکردن لە ئەگەری سەرهەڵدانی توندوتیژی، کۆبوونەوەی نایاسایییان قەدەغە کردووە و بوونی پۆلیسیان لە ناوچە هەستیارەکاندا بەهێزتر کردووە.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG