ئەلقاعیدە لە یەمەن ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند خالید بەتەرفی ڕێبەری ڕێکخراوەکەی کۆچی دوایی کردووە.
بەپێی گروپی هەواڵگری SITE، گرتە ڤیدیۆکەی ئەلقاعیدە هیچ وردەکارییەکی لەبارەی مردنی ئەلبەتەرفی نەخستووەتەڕوو بەڵام تەرمەکەی نیشان دەدات کە بە ئاڵای گروپە چەکدارەکە پێچراوەتەوە.
ئەمەریکا 5 ملیۆن دۆلاری تەرخان کردبوو بۆ کوشتن یان دەستگیرکردنی ئەلبەتەرفیی، کە لە مانگی دووی ساڵی 2020ەوە سەرکردایەتی ئەلقاعیدەی لە نیمچە دوورگەی عەرەبی کردووە.
گروپەکە سەعد بن عەتیف ئەلعەولەکی کە شەش ملیۆن دۆلار تەرخان کراوە بۆ کوشتنی یان دەستگیرکردنی، وەک سەرکردەی نوێی خۆی دەستنیشان کرد.
گرووپی ئەلقاعیدە لە یەمەن لە مێژە وەک مەترسیدارترین لقی ئەلقاعیدە دادەنرێت و بەردەوام هێرشی کوشندە ئەنجام دەدات لە ناویاندا هێرشەکەی ساڵی 2015 بۆ سەر هەفتەنامەی چارلی ئیبدۆی فەرەنسی.
سەرکردەی پێش ئەلبەتەرفی، قاسم ئەلریمی، لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکادا لە وەڵامی هێرشێکی ساڵی 2019 بۆ سەر بنکەیەکی دەریایی ئەمەریکا لە فلۆریدا کوژرا.