سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس رۆژی شەممە، 9ی مانگی سێ لە ساڵڕۆژی دەستپێکردنی شەڕ و ململانێکانی سوریا،بەیاننامەیەکی سەبارەت بەو وڵاتە بڵاوکردەوە.
لە بەیاننامەیەکدا کە لە ماڵپەڕی فەرمیی نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاوکراوەتەوە، گۆتێرێس بە ئاماژەدان بە تێپەڕبوونی 13 ساڵی شەڕی ناوخۆی سوریا، هۆشداری دەدات کە دوای ئەو هەموو کوشتن و ئەشکەنجەدان و گرتن و ئاوارەبوونە، سوورییەکان لە دۆخێکی زۆر خراپدا دەژین و نیوەی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە یان کوژراون و بریندار بوون یان ئاوارەی وڵاتانی دیکە بوون.
لە بەیاننامەیەکدا هاتووە "ئەمڕۆ لە سوریا لە هەر چوار کەس سێ کەس پێویستیان بە یارمەتی مرۆیی هەیە. زیاتر لە نیوەی دانیشتووانی وڵاتەکە بەدەست برسێتیەوە دەناڵێنن. تەواوی خەڵکەکە شەڕی مان و نەمان دەکەن، چونکە یارمەتییە مرۆییەکان دابەزیون بۆ نزمترین ئاست لە مێژووی خۆیدا."
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت "دەستبەسەرکردنی ئارەزوومەندانە، زیندانیکردنی بەکۆمەڵ، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، کوشتنی نایاسایی، توندوتیژی سێکسی و جێندەری، ئەشکەنجەدان و مامەڵەی خراپی دیکە لە سوریا بەردەوامن و بەربەستێکن لە بەردەم ئاشتییەکی بەردەوام لە وڵاتەکەدا."
دەشڵێت "پێویستمان بە چارەسەرێکی سیاسی لە ڕێگەی دانوستاندنەوە هەیە و پێویستمان بە ڕێبازێکی هاوکاری و ستراتیژی هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بەڕێوەبچێت."
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەکەیدا دەڵێت "پێویستە هەموو کارێک کە یارمەتیدەرە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی ڕاستەقینە و باوەڕپێکراو بکرێت، کارێک کە هەموو خواستە ڕەواکانی گەلی سوریای تێیدا بگونجێت و سەروەری و یەکێتی و سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاکی سوریا بە پێی بڕیارنامەی 2254 ی ئەنجومەنی ئاسایش بگەڕێنێتەوە."
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس لە کۆتایی بەیاننامەکەدا دەڵێت "ئێمە پێویستمان بە دەستڕاگەیشتنێکی مرۆیی بەردەوام و بێ بەربەست هەیە لە سەرانسەری سوریادا و هەروەها پێویستمان بە بودجەی بەپەلە و گونجاو هەیە بۆ بەردەوامبوونی ئەرکەکانمان لەو وڵاتە بۆ یارمەتیدانی خەڵکی ئەو ناوچەیە."