Accessibility links

شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە بەریتانیا دەکەن ژنێک کە پێشتر چووەتە نێو داعش بگەڕێننەوە بۆ وڵاتەکە


گروپێک لە پسپۆڕانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی چوارشەممە داوایان لە بەریتانیا کرد ژنێک بگەڕێنێتەوە وڵاتەکەی کە ڕەگەزنامەی لێسەندراوەتەوە، دوای ئەوەی لە تەمەنی 15 ساڵیدا وڵاتەکەی بەجێهێشتووە بۆ ئەوەی هاوسەرگیری لەگەڵ چەکدارێکی دەوڵەتی ئیسلامیدا بکات.

شەمیمە بێگەم کە ئێستا تەمەنی 24 ساڵە و لە کەمپێکی پەنابەران لە باکوری سوریا دەژی، مانگی ڕابردوو لە داوای پێداچوونەوەی بڕیارێکدا دۆڕا سەبارەت لێسەندنەوەی ڕەگەزنامەکەی.

گروپێک کە لە پێنج ڕاپۆرتنوسی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان پێهاتووە، نیگەرانی قووڵی لە بڕیارەکەی 23 مانگی دوو دەربڕی، و داوا لە بەریتانیا دەکات پارێزگاری لە بێگەم بکات و بیگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتەکەی خۆی و پێداچوونەوە بە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ڕەگەزنامەکەیدا بکات.

شارەزایان دەڵێن "بێگەم کە ڕەنگە قوربانییەکی قاچاغچێتی کردن بێت بە مرۆڤەوە، ڕەگەزنامەی لێسەندراوەتەوە، لاوازە، هاوکاری و پاراستنی ڕەتکراوەتەوە."

ئەوان دەڵێن "ئەو پارێزگارییانەی دەدرێن بە قوربانیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە و ئەوانەی مەترسی بازرگانیکردنیان لەسەرە، بەتایبەتی منداڵان، دەبێت ڕێزیان لێبگیرێت بۆ ئەوەی مانادار بێت".

دادگای پێداچوونەوەی ئینگلتەرا هەر پێنج مشتومڕەکەی ڕەتکردەوە کە لەلایەن بێگمەوە پێشکەشکرابوون. بەپێی بڕیارەکە، مەترسی لەسەر ئاسایشی نیشتمانی بەهۆی پێشینەی ئەو هەبووە.

بێگم هێشتا دەتوانێت دۆسیەکەی بباتە دادگای باڵای بەریتانیا.

بێگەم کە خێزانەکەی بە ڕەچەڵەک بەنگلادیشین، لە ساڵی 2015 لەگەڵ دوو هاوڕێی قوتابخانەکەیدا ماڵەکەی لە ڕۆژهەڵاتی لەندەن بەجێهێشتووە و بەرەو سوریا ڕۆشت.

لەو ماوەیەدا کە لەوێ بوو، هاوسەرگیری لەگەڵ چەکدارێکی گرووپی جیهادی داعش کردووە و سێ منداڵی بووە و هیچیان لە ژیاندا نەماون.

XS
SM
MD
LG