Accessibility links

ئەمەریکا نیگەرانە لە ڕەوشی ئازادی ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستاندا


کۆنسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر نیگەرانی لەسەر پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە ڕۆژنامەوانان و ئازادی ڕاگەیاندن دەردەبڕێت.

ڕۆژی پێنجشەممە کۆنسوڵخانەکە ڕایگەیاند " نیگەرانین بە بیستنی هەواڵی پێشێلکاریەکانی ئەم دواییەی سەر ئازادیی ڕاگەیاندن، لەوانە دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنوس و چالاکوان لە شاری دهۆک لە هەفتەی ڕابردوودا و هەروەها ڕێگریکردن لە ڕووماڵی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن لە کاتی سەردانەکەی ئەم دواییەی سەرۆک وەزیران بۆ هەڵەبجە، کەوا دەردەکەوێت بە پاڵنەری سیاسی کرابێت."

هەروەها دەشڵێت پشتیوانی دەکەین " لە جێبەجێکردنی تەواوەتی هەردوو یاسای کاری ڕۆژنامەنوسی و یاسای بەدەستهێانی زانیاری لە هەرێمی کوردستان و هەروەها لە توانای ئازادانە و سنوردارنەکراوی ڕۆژنامەنوسان بۆ ئەنجامدانی کارەکانیان."

پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا، دیار جەمال
پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا، دیار جەمال

ڕاگەیاندنەکەی کۆنسوڵخانەی ئەمەریکا لە کاتێکدایە ڕۆژی سێشەممە لە بازگەی هیران-شەقڵاوە ڕێگری لە پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا دیار جەمال و وێنەگرەکەی کاروان کاکل کرا بە کەرەستەکانی ڕۆژنامەوانییانەوە بە بازگەکەدا تێپەڕن.

پەیامنێرمان دیار جەمال بە مەبەستی ڕاپۆرتێک لەسەر ستافی کۆنسوڵخانەی ئەمەریکا، بەرەو قەزای ئاکرێ دەڕۆشت کاتێک کە لە بازگەکە ڕێگری لێکراو نزیکەی دوو کاتژمێر ڕاگیرا و پاشانیش ڕێگەی پێنەدرابوو کەرەستەی ڕۆژنامەوانییەکەی لەگەڵ خۆیدا ببات.

کەرەستەکانی دیار بریتی بوون لە کامێرا، ستاند، مایکرۆفۆن، کۆمپیوتەر و درۆن بەڵام وەک خۆی دەڵێت بیانویان لە درۆنە گرتووە هەرچەندە لە ئاسایشی سلێمانی تۆمار کراوە.

ئەفسەری ئاسایشی ئەو بازگەیە خۆی بەڵێننامەیەکی نوسیوەو خستویەتییە بەردەم دیار تا مۆری بکات بەر لەوەی ڕێگەی پێبدەن بگەڕێتەوە. دیار دەڵێت بە ناچاری " پەنجەمۆرم کرد بۆ ئەوەی دەستبەسەر کەلوپەلی ڕؤژنامەوانییەکەمدا نەگرن."

ئەمەریکا پێشتریش چەند جارێک لە ڕێی کۆنسوڵخانەوە و وەزارەتی دەرەوە بەربەستەکانی لەبەردەم کاری ڕۆژنامەوانی لە هەرێمی کوردستاندا سەرکۆنە کردووە و پشتیوانی لە ئازادی رۆژنامەگەری دەکات.

XS
SM
MD
LG