Accessibility links

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان: لە هەوڵی دەستنیشانکردنی کاتی هەڵبژاردنداین بەڵام نەگەشتووینەتە ئەنجامێکی گونجاو


دوای ئەوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، وادەیەکی دیاریکراویان داوا کردووە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کورستان، سەرۆکایەتی هەرێم لە ڕێگەی دەنگی ئەمەریکاوە دەڵێن، ئەوان لە کۆبوونەوە و دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەکدان بۆ ئەوەی مەرسوومی سەرۆکایەتی تایبەت بە هەڵبژاردن دەربکەن، بەڵام تا ئێستا دەرئەنجامێکی گونجاویان دەستنەکەوتووە.

زیرەک کەمال، ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای وت، "سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەدایە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەک تایبەت بە دیاریکردنی کاتی هەڵبژاردن، کە بەرژەوەندی هەموو لایەکی تێیدا پارێزراوبێت."

وتیشی، "بەڵام تا ئێستا نەگەشتووینەتە دەرئەنجامێکی گونجاو و لە تووێژداین بۆ ئەوەی لە ڕۆژ و کاتی گونجاودا ڕۆژی هەڵبژاردن دەستنیشانبکرێت."

دوێنێ 28ی مانگی 2ی 2024، جومانە غولای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە میدیاکانی ڕاگەیاند، داوایان کردووە لە نێوان 5 بۆ 10ی مانگی شەش هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت.

بە پێی سەرۆکایەتی هەرێم، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان پێویستی بە گۆدەنگی لایەنە سیاسیەکان و ڕەزامەندیان هەیە تا مەرسوومی سەرۆکایەتی دەربکرێت، بەڵام بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی عێراق تایبەت بە گۆڕینی ژمارەی کورسیەکانی پەرلەمانی هەرێم و هەڵوەشاندنەوەی کورسی کەمایەتیە ئاینی و نەتەوەییەکان ڕای جیاوازی لایەنەکانی بەدوای خۆیدا هێناوە.

هەڵوێستی پارتی و یەکێتی

یەکێتی دەڵێت ئەوان لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی یاسای هەڵبژاردنەکاندان و وادەکەی کۆمسیۆنی عێراقیش بە گونجاو دەزانن.

لەتیف نێروەیی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئێمە بۆ ئەوکاتەی دیاریکراوە ڕازین و مەرجمان نییە، وەک یەکێتی ئامادەین بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن."

وتیشی،" پێشتر چاوەڕێی دادگای فیدڕاڵی بووین بڕیاربدات سەبارەت بە گۆڕانکاری لە یاساکەدا. ئێستاش چاوەڕێی مەرسوومی سەرۆکایەتی هەرێمین. کەی مەرسومی سەرۆکایەتی دەرچوو بۆ ئەو کاتەی کە کۆمسیۆن پێشنیاری کردووە ئێمە ئامادەین و ڕەزامەندین."

لەگەڵ دەرچوونی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی، پارتی ناڕەزایەتی پشاندا لەسەر دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمان بەگوێرەی بازنەی پارێزگاکان و لابردنی کورسی پێکهاتەکان.

یەکێتی و چەند لایەنێکی تر دەڵێت پارتی لە ڕابردوودا کورسی پێکهاتەکانی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکارهێناوە، بەڵام پارتی ئەم تۆمەتە ڕەتدەکاتەوە.

هەوڵەکانی دەنگی ئەمەریکا بۆ وەرگرتنی هەڵوێستی پارتی سەبارەت بە پێشنیارەکەی کۆمسیۆن و بێئەنجامبوون.

هەڵوێستی پێکهاتەکان

هەرچەندە بەشێکی زۆر لە پێکهاتەکان ناڕازین لە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی، بەڵام بەشێکی تریان ڕەزامەندن بەو پێیەی پێیان وایە ئەو 11 کورسیە نوێنەرایەتی "ڕاستەقینەی" پێکهاتەکانیان نەکردووە لە ڕابردوودا.

ڕۆژی 25ی مانگی 2ی 2024، لە وتوێژێکیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، عەبدولباست خالید، سەرۆکی بەرەی ناڕازی تورکمانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی بۆ لابردنی کورسی کۆتاکان دروستە، چونکە نوێنەری میللەت نەبوون."

ئەمە لە کاتێکدایە دوێنێ چوارشەممە 13 پێکهاتەی تورکمانی و 9 بەرەی کریستیان لەگەڵ نوێنەر و کونسوڵخانەی وڵاتان کۆبوونەوە بۆ گەیاندنی نیگەرانیان لە لابردنی کورسی کۆتاکان.

پێکهاتەکان لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند گۆڕانکارییەکان "دەبێتە هۆی گۆڕینی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانێکی هەمەڕەنگەوە بۆ پەرلەمانێکی کوردی سوننی."

دابەشبوونی پێکهاتەکان لە نێوان ڕازیبوون و ناڕازیبووندا، تا ئێستا میکانیزمی بەشداریان لە هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێمدا بە نادیاری هێشتۆتەوە.

مونا قەهوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "با بڕیارەکەی سەرۆکی هەرێم دەربچێت سەبارەت بە هەڵبژاردن، ئەو کات ئێمەش بڕیاری خۆمان دەدەین، تا ئێستا کۆبوونەوەی ڕاوێژمان بەردەوامە."

وتیشی، "ئەوەی بڕیارمانداوە ئەوەیە کە بەبێ پێکهاتەکان هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هیچ کاتێک قبوڵنابێت و بەبێ نوێنەری پێکهاتەی تورکمان پەرلەمان بەڕێوەناچێت، واتە هەمیشە ئەندامی ئێمەی تێدا دەبێت، جا بە لیست بێت یان بە ڕێککەوتن."

XS
SM
MD
LG