Accessibility links

داواکاری پەنابەری لە یەکێتی ئەوروپا لە دوای قەیرانی 2015 و 2016 دەگاتە بەرزترین ئاستی خۆی


ئامارە نوێیەکانی دەزگای پەنابەری یەکێتی ئەوروپا (EUAA) دەریدەخەن داواکارییەکان بۆ پەنابەری لە یەکێتی ئەوروپا بە ڕێژەی 18% بەرز بووەتەوە و گەیشتوەتە 1.14 ملیۆن کەس لە ساڵی 2023دا کە ئەمەش بەرزترین ئاستە لە دوای قەیرانی کۆچبەران لە ساڵی 2015 و 2016 وە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ساڵانەی ئاژانسەکە کە ڕۆژی چوارشەممە 28ی مانگی دوو بڵاوکراوەتەوە، هێشتا سورییەکان و ئەفغانییەکان گەورەترین گروپی پەناخوازانن، بەڵام لە ڕەوتێکی نوێدا، هاووڵاتیانی تورکیاش سێیەم گەورەترین گروپێک بوون داوای پەنابەریان لە یەکێتی ئەوروپا کردووە و ژمارەی داواکارییەکانیان بە ڕێژەی 82% بە بەراوەرد بە ساڵی پێشووتر زیاتر بووە.

دەزگای پەنابەرانی یەکێتیی ئەورووپا بە ئاماژەدان بەوەی کە بەو پێیەی لە زۆرینەی وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا بە فەرمی دان بە فەلەستین وەک دەوڵەتێک نانێنن، بۆیە تۆمارکردنی ژمارەکەیان بە دروستی ئەستەمە، نووسیوێتی ژمارەی ئەو فەلەستینیانەی کە داوای مافی پەنابەریان کردووە، بەرز بووەتەوە بۆ بەرزترین ئاست و گەیشتوەتە نزیکەی 11 هەزار و 600 کەس بوو لە دوای شەڕی ئیسرائیل و حەماسەوە.

ئەڵمانیا جارێکی دیکە پلەی سەرەکییە بۆ پەناخوازان لە یەکێتی ئەوروپا، بەپێی زانیارییەکان لە ساڵی 2023دا نزیکەی یەک لەسەر سێی سەرجەم داواکارییەکان بۆ پەنابەری لە ئاڵمانیا تۆمارکراوە.

لەگەڵ بەردەوامبوونی ئەم پرسە و پەرەسەندنی داواکارییەکان بۆ پەنابەری لە ئاڵمانیا، جەماوەر و لایەنگرانی لایەنە ڕاستڕەوە توندڕەوەکانی ئەو وڵاتە لە ڕاپرسییەکاندا لە ساڵی ڕابردووەوە زیادی کردووە و هەروەها ئەنجامی هەندێک لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان نیگەرانی و سەرلێشێواویی لە گۆڕەپانی سیاسی ئەڵمانیادا گەیاندوەتەوە قۆناغێکی نوێ.

لەدوای قەیرانی 2015-2016ەوە یەکێتی ئەوروپا سنوورەکانی دەرەوەی وڵات و یاساکانی پەنابەری توندتر کردووە، هەروەها ڕێککەوتنی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا ئەنجامداوە بۆ ئەوەی ڕێگە بە پەناخوازانی زیاتر بدەن لەوێ بمێننەوە، بەڵام هەندێک لایەن و حزب دەڵێن ئەم یاسایانە بە ڕادەی پێویست "توند" نین.

ئەم ژمارە زۆرە لە داواکاری بۆ پەنابەری مشتومڕێکی زۆری لەسەر چۆنیەتی سنووردارکردنی کۆچبەران بەدوای خۆیدا هێناوە و زۆرێک لە دەسەڵاتە ناوخۆییەکانی وڵاتانی سنووری ئەوروپا دەڵێن ناتوانن بەرگەی شەپۆلێکی لەو شێوەیەی پەناخوازان بگرن.

بڕیارە چەندین هەڵبژاردنی ناوخۆیی و نیشتمانی لە سەرانسەری کیشوەرەکەدا بەڕێوەبچێت، لەوانە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپا لە مانگی شەشدا. شرۆڤەکاران باس لە کاریگەرییە ئەگەرییەکانی ئەم ئامارە نوێیانە دەکەن لەسەر ئەوەی دەنگدەرانەی ڕوو لە پارتە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان دەکەن.

لە کاتێکدا داواکاری مافی پەنابەری بۆ ساڵی 2023 کەمێک لە خوار ئاستی ساڵی 2016ەوەیە، بەڵام ئەم ژمارەیە جگە لەو 4.4 ملیۆن ئۆکرانییەن کە لە هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا پەنایان بۆ یەکێتی ئەوروپا بردووە.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG