Accessibility links

سەرۆک وەزیری دەسەڵاتی فەلەستینییەکان دەست لە کارکێشانەوەی حکومەت پێشکەش دەکات


سەرۆک وەزیری دەسەڵاتی فەلەستینییەکان محەمەد شتەیە
سەرۆک وەزیری دەسەڵاتی فەلەستینییەکان محەمەد شتەیە

سەرۆک وەزیری فەلەستینییەکان دەست لە کارکێشانەوەی حکومەتەکەی ڕاگەیاند، بەمەش ڕێگەی خۆشکرد لەبەردەم چاکسازیکردن لە نێو دەسەڵاتی فەلەستینیدا، کە ئەمەریکا هیوادارە لە کۆتاییدا ڕۆڵێکی هەبێت لە غەززەی دوای جەنگدا.

بەربەستێکی زۆر ماونەتەوە بۆ ئەوەی نوێکردنەوەی دەسەڵاتی فەلەستینی ببێتە شتێکی ڕاستەقینە. سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستینییەکان مەحمود عەباس کە لە ساڵی 2007 دا هێزەکانی لە غەززە دوورخرانەوە، ڕوونی کردووەتەوە کە ئارەزوو دەکات دەسەڵاتی فەلەستینی فەرمانڕەوایی غەززە بکات لە دوای جەنگەکە. بەڵام عەباس لە نێو فەلەستینییەکاندا بە شێوەیەکی بەرچاو نەخوازراوە، سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهوش چەندین جار ئەو بیرۆکەیەی ڕەت کردووەتەوە کە دەسەڵاتی فەلەستینییەکان غەززە بەڕێوەببات.

عەباس هێشتا دەبێت بڕیار بدات کە ئایا دەست لە کارکێشانەوەی حکومەتەکەی سەرۆک وەزیری دەسەڵاتی فەلەستینییەکان محەمەد شتەیە پەسەند دەکات یاخود نا. بەڵام ئەم جووڵەیە ئاماژەیە لەسەر خواستی سەرکردایەتییەکەی دەسەڵاتی فەلەستینییەکان بۆ پەسەندکردنی ئەو چاکسازییەی کە ئەمەریکا دەیەوێت لە نێو دەسەڵاتەکەی فەلەستینییەکاندا بکرێت. دەسەڵاتی فەلەستینیەکان کە لەلایەن ڕۆژئاواوە پشتیوانی لێدەکرێت، بەپێی ڕێککەوتنە کاتییە ئاشتییەکانی نێوان فەلەستینییەکان و ئیسڕائیلدا لە سەرەتای نەوەدەکاندا دامەزرا و بەڕێوبەرایەتی چەند بەشێکی کەناری ڕۆژئاوا دەکات، بەڵام ئابڵوقە دراوە بە گەندەڵی.

شتەیە لە کۆبوونەوەیەکی کابینەکەیدا وتی " قۆناغی دواتر و ئاڵنگارییەکانی پێویستییان بە حکومەت و سیاسەتێکی نوێ هەیە کە واقیعی نوێی کەرتی غەززە لەبەرچاو بگرێت."

نەتانیاهو بەڵێنیداوە تواناکانی حەماس لە هەموو ڕوویەکەوە لە ناوببات، حەماس لە ساڵی 2007 ەوە فەرمانڕەوایی کەرتی غەززە دەکات و لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوودا هێرشی کردە سەر ئیسڕائیل و ئەوەش بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگەکە لە غەززەدا. نەتانیاهو داوای کردووە ئیسڕائیل کۆنتڕۆڵی ئاسایشی کەرتی غەززە بکات لە دوای جەنگەکە، بەرپرسانی فەلەستینیش کاروباری هاووڵاتییانی سڤیل بەڕێوەببەن.

فەلەستینییەکان ئەو ڕۆڵە سنووردارەیان ڕەت کردووەتەوە و هەوڵی دەوڵەتیکی سەربەخۆ دەدەن کە هەریەک لە کەناری ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی ئۆرشەلیم و غەززە لە خۆبگرێت.

پێشبینی دەکرێت مەحمود عەباس سەرۆکی سندووقی وەبەرهێنان محەمەد موستەفا وەکو سەرۆک وەزیری نوێ دەستنیشان بکات. موستەفا ئابووریناسێکە کە لە ئەمەریکا خوێندوویەتی و پۆستی باڵای هەبووە لە بانکی جیهاندا و هەروەها پۆستی باڵای هەبووە لە دەسەڵاتی فەلەستینیدا. بەرپرسانی فەلەستینی دەڵێن موستەفا پەیوەندییەکی باشی درێژخایەنی کاری لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکادا هەیە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG