Accessibility links

سەرچاوەیەک: تا ئێستا ڕێککەوتنی فەرمی نەکراوە لەسەر پۆستی پارێزگاری کەرکوک


تا ئێستا لایەن و پێکهاتەکانی کەرکوک لەسەر پۆستی پارێزگاری کەرکوک ڕێکنەکەوتوون، بەڵام بڕیارە نوێنەری لایەن و پێکهاتەکانی ئەو پارێزگایە جارێکی تر لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق دا کۆببنەوە بۆ گەیشتنە ڕێککەوتن لەسەر چۆنیەتی دابەشکردنی پۆستەکان.

ڕۆژی 22 ی مانگی 2 ی 2024، نوێنەری لایەن و پێکهاتەکانی کەرکوک لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق دا کۆبوونەوە، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێم لە پارتی، خەمیس خەنجەر لە عەرەبی سونەو حەسەن تۆران سەرۆکی بەرەی تورکمانی ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون.

سەرچاوەیەکی نزیک لە کۆبوونەوەکە کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"لە کۆبوونەوەی لایەنەکان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕێککەوتن نەکراوە لەسەر پۆستەکانی کەرکوک، بەڵکو هەفتەیەک مۆڵەت دراوەتە لایەنەکان تا وەرەقەی کاری خۆیان ئامادە بکەن و جارێکی تر لەگەڵ سودانی کۆ ببنەوە."

سەرچاوەکە دەڵێت،"تا ئێستا یەک کۆبوونەوە لە نێوان پێکهاتەکان بەسەرپەرشتی سودانی کراوە، کێشەی نێوان لایەنەکان لەسەر پۆستەکان هەروا ئاسان نییە بەیەک کۆبوونەوە ڕێککەوتنی فەرمی ئەنجام بدرێت."

پۆستی پارێزگاری کەرکوک بە گرێ کوێرەی کێشەی نێوان لایەنەکانی کەرکوک دادەنرێت، کورد بە 7 کورسییەوە چاوی لەسەر بەدەستهێنانەوەی ئەو پۆستەیە، لەکاتێکدا عەرەب 6 کورسی هەیەو نایەوێت دەستبەرداری بێت، تورکمانیش بە دوو کورسییەوە پۆستەکە بە مافی خۆی دەزانێت.

پەروین فاتیح، سەرۆکی کاتی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک و ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"سەرۆک وەزیرانی عێراق خۆی سەرپەرشتی دانوستانی نێوان لایەنەکان دەکات بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک."

وتیشی،"ئەندامانی پێکهاتە جیاوازەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک گفتووگۆیان لەسەر چۆنیەتی دابەشکردنی پۆستەکان نەکردووە، چونکە پۆستەکان لەلایەن کوتلە سیاسییەکانەوە یەکلایی دەکرێنەوە."

جیاواز لە کۆبوونەوەی لایەن و پێکهاتەکان بەسەرپەرشتی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە شاری بەغدا، سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کە ژمارەیان 16 ئەندامە، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، دووجار لە ماڵی دوو کەسایەتی عەرەبی کەرکوک میوانداری کراون و یەکترییان بینیووە.

پەروین فاتیح دەڵێت،"دانیشتنی ئەندامانی ئەنجومەن لە ماڵ دوو کەسایەتییە عەرەبەکە بۆ یەکترناسین بووە، چونکە گروپێکمان هەبووەو یەکتریمان نەناسیووە، بۆیە بەمەبەستی یەکتر ناسین ئەو دوو کەسایەتییە دەستپێشخەرییان کرد."

ڕۆژی 18 ی مانگی 12 ی 2024، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە چوارچێوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەچوو، بەڵام دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو مانگ هێشتا لایەنەکان لەسەر چۆنیەتی دابەشکردنی پۆستەکان ڕێکنەکەوتوون و دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگاش ئەنجام نەدراوە.

ڕۆژی 5 ی مانگی 2 ی 2024، وادەی یەکەم دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بوو، بەڵام 8 ئەندامی کوتلەی عەرەبی و تورکمانی بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کرد، لەکاتێکدا 7 ئەندامی کوردو ئەندامەکەی کوتلەی بابلیۆن ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون.

پەروین فاتح ڕوونیکردەوە، پلانمان داناوە ئەم هەفتەیە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ئەنجام بدەین، گەر ئەندامانی عەرەب و تورکمان ئامادەیی خۆیان بۆ دانیشتنەکە دەرببڕن.

دەشڵێت،"دەمانەوێت کۆببینەوەو ئیش و کارەکان ڕێکبخەین و دەست بەکاربین، چونکە تا ئێستا وەکو ئەندامی ئەنجومەن دەست بەکارنەبووین. زۆربەی ئەندامانی ئەنجومەن فەرمانبەری حکومەتین و جیابوونەوەمان کردووە لە ئیش و کارەکانی پێشووترمان، دەمانەوێت بچینە سەر کارە تازەکەمان."

هاتنە سەر هێڵی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ نێوەنگیری کردنی لایەنەکانی کەرکوک لەکاتێکدایە، زۆربەی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق کۆبوونەوەیان ئەنجامداوەو

پارێزگارو سەرۆکی ئەنجومەنیان هەڵبژاردووە، بەڵام کێشەی نێوان لایەنەکان ڕێککەوتنی لەکەرکوک پەکخستبوو.

شیخ ڕەعد عاسی، سەرۆکی پرۆژەی عەرەبی لەکەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"چاوەڕوان دەکرێت بە نێوەنگیری سەرۆک وەزیرانی عێراق لایەنەکانی کەرکوک بگەنە ڕێککەوتن، ڕێککەوتنەکەش بەجۆرێک بێت هەمووان پێی ڕازی بن."

XS
SM
MD
LG