Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان: کۆمەڵگا فرە زمان و کلتورییەکان لە ڕێگەی پاراستنی زمانەکانیانەوە گەشە دەکەن


ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانی زمانی دایکە. نەتەوە یەکگرتووەکان 21 ی مانگی دووی تەرخان کردووە بۆ تیشک خستنەسەر گرنگی زمانی دایک.

نەتەوە یەگگرتووەکان دەڵێت " کۆمەڵگا فرە زمان و فرە کلتوورییەکان لە ڕێگەی پاراستنی زمانەکانیانەوە گەشە دەکەن، کە وەک ڕێڕەوێک خزمەت بە زانستی نەریتی و میراتی کولتووری دەکات."

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لەم ڕۆژەدا جەختی لە پاراستن و پێشخستنی زمانی کوردی کردەوە " له‌ ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکدا، جه‌خت له‌ پاراستن و پێشخستنی زمانی کوردی و زمانى دايك بۆ هەموو پێكهاتەكان و بەهێزكردنی فرەچەشنیی زمان و كولتوورەكان لە كوردستان و مافی خوێندن و په‌روه‌رده‌ و فێربوون و ئازادیی زمانی دایک له‌ هه‌موو شوێنێکی سه‌ر زه‌وی، ده‌که‌ینه‌وه‌. "

پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان ناسراو بە پارتی دەم لە تورکیا داوا لە یونسکۆ دەکات پەروەردە بە زمانی دایک بێت لە تورکیا.

دەم پارتی دەڵێت "خاتوو تولای تولەی هاتیمۆغولاری و بەڕێز تونجەر باکرهان بە بۆنەی 21ی شوباتەوە نامەیەکیان بە حەوت زمانی جیاواز بۆ یونسکۆ ناردووە. ئەواون دەشڵێن داوا دەکەن پەروەردە لە تورکیا بە زمانی دایک بێت.

بە پێی ڕاپۆرتێکی یونسکۆ 40%ی دانیشتوانی جیهان دەستیان بە خوێندن بەو زمانە ناگات کە قسەی پێدەکەن یان لێی تێدەگەن. لە هەندێک وڵاتدا ئەم ڕێژەیە دەگاتە %90.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن بەکارهێنانی زمانی فێرخوازان لە قوتابخانەکاندا بناغەیەکی تۆکمە بۆ فێربوون دابین دەکات و تواناکانی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە بەرز دەکاتەوە و دەرگا بۆ فێربوونی نێوان نەوەکان و بوژاندنەوەی زمان و پاراستنی کولتوورەکان دەکاتەوە.

یونسکۆ لە 17ی مانگی یازدەی ساڵی 1999 بڕیاری دا لە 21ی مانگی دوو وەکو ڕۆژی زمانی دایک تەرخان بکات بۆ تیشک خستنە سەر گرنگی فرە کولتور و زمانی جیهان.

ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2008دا بە فەرمی ئەو ڕۆژەی پەسەند کرد و لەو کاتەوە وەک ڕۆژی جیهانی زمانی دایک لە هەموو جیهاندا بەڕێوەدەچێت.

XS
SM
MD
LG