Accessibility links

وردەکاری بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و کاردانەوەی لایەنەکان


دادگای فیدراڵی عێراق دوو سکاڵای تایبەت بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و شایستە داراییەکانی موچەخۆرانی هەرێمی یەکلایی کردەوە، کە یەکێک لە سکاڵاکان لەلایەن فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان و ئەویتریان لەلایەن سێ هاوڵاتییەوە تۆمارکرابوون.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 21 ی مانگی 2 ی 2024، دادگای فیدراڵی عێراق لە ڕێگەی یەکلایی کردنەوەی دوو سکاڵاوە دۆخی سیاسی و ئابووری هەرێمی کوردستانی بەتەواوەتی شەڵەقاند.

یاسای هەڵبژاردن و بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی

لە مانگی 5 ی ساڵی 2023، زیاد جەبار سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان، سکاڵای لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە دادگای فیدراڵی تۆمارکرد، دواتریش ئامانج نەجیب سەرۆکی فراکسیۆنی رافیدەین لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ هەمان مەبەست سکاڵای تۆمارکرد.

دادگای فیدراڵی عێراق هەردوو سکاڵاکەی یەکخست و دوای ئەنجامدانی 9 دانیشتن، بڕیاری لەبارەی سکاڵاکانەوەداو شێوازی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی لە هەرێمی کوردستان بەتەواوەتی گۆڕی و ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانیشی کەمکردەوە.

بە پێی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق، هەرێمی کوردستان لە یەک بازنەی هەڵبژاردنەوە دەکرێت بە چوار بازنەی هەڵبژاردن، هەروەها ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی کەم دەکرێتەوەو کورسی کەمایەتییە ئاینی و نەتەوەییەکان لابران.

زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لەسەر یاسای هەڵبژاردن، ڕایگەیاند، "ئەو گۆڕانکارییانەی لە یاساکەدا کراوە لە بەرژەوەندی دەنگدەرو خەڵکی کوردستانە، چیتر دەنگی دەنگدەران پارێزراو دەبێت و هیچ کەسێک ناتوانێت گزی و فزی بکات."

لە خولەکانی پێشووی پەرلەمانی کوردستاندا، کلدان و سریان و ئاشووری 5 کورسی، تورکمان 5 کورسی و ئەمەرمەنیش 1 کورسی کۆتایان هەبوو، بەڵام بەپێی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی ئەو کورسییە کۆتایانە نامێنن، ئەمەش ئەو لایەنانەی بە تەواوەتی نیگەران کرد.

ئازاد کورەچی، سەرۆکی فراکسیۆنی میللەتی تورکمانی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئەو حزبانەی هەوڵیاندا کورسی کۆتا نەمێنێت کارێکی ناشیرینیان کرد، ئێمە تۆمەتباردەکراین بە لایەنگیری کردنی پارتی لەکاتێکدا ئێمە لەناو حکومەتدا بووین و پاڵپشتی حکومەتمان دەکرد، حکومەتیش یەکێتی و گۆڕان و لایەنی تریشی تێدابوو."

دەشڵێت،"یەکێتی و حزبەکانی تر کێشەی ناو هەرێمیان پێ چارەسەر نەکراو بردیانە دادگای عێراق، بەمە ئیعتیباری سیاسی هەرێمیان سفر کردەوە، ئیتر دادگای عێراق هەرچی بوێت دژی هەرێم دەیکات."

بەپێی وتەی سەرۆکی فراکسیۆنی میللەتی تورکمانی، هەرێم لە پێناو لەناو نەچوونی زمان و کلتوری تورکمان و بەهۆی نەبوونی هێزو کەمی دەنگەوە کورسی کۆتای دایە کەمایەتییەکان.

ئازاد کورەچی وتی،"مەعقولە هەرێم کورسی کۆتای پێداین، دادگای عێراق لێمان بسەنێتەوە. ئەم بڕیارەی دادگا ئیعتیباری هەرێمی سفر کردەوە."

بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق کە هەڵوەشاندنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمیشی تێدابوو لەکاتێکدایە، بڕیارە لەمانگی 6 ی ساڵی 2024، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکە بکات.

عەبدولسەلام بەرواری، ئەندامی پێشووی شاندی پارتی بۆ گفتووگۆکردن لەسەر یاسای هەڵبژاردن لەگەڵ حزب و لایەنەکان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"بەڕای کەسی من، گرنگترین شت ئەوەیە بڕیارەکە ڕێگەی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان خۆشکرد، کە پێشتر کۆسپ لەبەردەم هەڵبژاردن دروست دەکرا لەترسی ئەوەی ئەم حزب دوو دەنگ کەمتر یان زیاتر بهێنێت."

هەروەها وتیشی،"یەک بازنەیی یان چوار بازنەیی جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە، ڕەنگە کورسییەک کەم و زیاد بکات، هەرچەندە لەیەک بازنەییدا هەندێک حزبی بچووک چانسی بەدەستهێنانی کورسییەکی پەرلەمانیان زیاتر هەبوو."

بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لەبارەی موچەی مووچە خۆرانی هەرێم

دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر سکاڵای سێ هاووڵاتی هەرێمی کوردستان بڕیاری لەبارەی موچەی موچەخۆرانی هەرێم دا، کە سکاڵاکان لەسەر هەریەک لە سەرۆکی حکومەتی عێراق و سەرۆکی حکومەتی هەرێم تۆمارکرابوون.

ئەو سێ هاوڵاتییەی سکاڵاکانیان تۆمارکردبوو، بریتی بوون لە ( بوخاری جەمیل، عەدالەت رەحیم حەیدەر محەمەد) کە لە مانگی 7 ی ساڵی 2023 سکاڵاکەیان تۆمارکردووە.

سکاڵاکارەکان داوایان لە دادگا کردبوو بڕیارێکی سالاری دەربکات بۆ ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم و موچەی پاشەکەوتکراوی سێ مانگی ساڵی 2023ش بۆ فەرمانبەران بگێڕدرێتەوە.

لە سکاڵاکەیاندا ئاماژەشیان بەوەکردبوو، ناکۆکی نێوان سەرۆک وەزیرانی عێراق و هەرێم یەکلایی بکاتەوە کە بووەتە هۆی جێبەجێ نەبوونی یاسای بودجە و داوای پابەندکردنی هەردوو سەرۆک وەزیرانیان کردبوو بە پێدانی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم.

بوخاری جەمیل، کە یەکێکە لەو سێ هاوڵاتییەی لە دادگای فیدراڵی سکاڵای تۆمارکردبوو، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"لە ڕێگەی دادگاوە داوامانکرد موچە بەدەربکرێت لەململانێی سیاسی و مانگانە لە کاتی خۆیدا دابەش بکرێت. موچەی فەوتاوی سێ مانگی ساڵی 2023 ش بدرێتەوە بە موچەخۆرانی هەرێم."

ئەو وتیشی،"دوای ئەنجامدانی چەندین دانیشتن، دواجار دادگای فیدراڵی سکاڵاکەی یەکلایی کردینەوە."

بەپێی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق کە لەسەر بنەمای سکاڵای ئەو سێ هاوڵاتییە دەریکردووە، سەرۆک وەزیرانی عێراق و هەرێم پابەندکراون بە کردنەوەی حساب بانکی بۆ موچەی فەرمانبەران لەو بانکە حکومییە فیدراڵییانەی لەدەرەوەی هەرێم کاردەکەن.

هەروەها فەرمانگە حکومییەکانی هەرێم پابەندکراون بەهەماهەنگی کردنی راستەوخۆ لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق بۆ گواستنەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ سەر بانکە فیدراڵییەکان بە بێ گەڕانەوە بۆ نوێنەرایەتی هەرێم. سەرۆک وەزیرانی هەرێمیش پابەند کراوە بە ڕادەستکردنی سەرجەم داهاتە نەوت و نانەوتییەکان بە حکومەتی عێراق.

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"جارێک پەلەمان نییەو قسە ناکەین."

بەڵام شارەزایەکی ئابووری، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی شایستە داراییەکانی هەرێم بە لاستیکی ناودەبات و پێیوایە جێبەجێکردنیان قورسە.

محەمەد حسێن، شارەزای بواری ئابووری، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لاستیکی بوون، دەکرێت بەکاربهێنرێن بۆ فشار خستنە سەر هەرێم، دەشکرێت لە حاڵەتی لاساری کردنی هەرێم و مل نەداین بە عێراق جێبەجێ بکرێن. بڕیارەکان وەکو تیخی دوو سەرە وەهان، دەکرێت بۆ مەبەستی ناسەقامگیرکردنی زیاتری هەرێم و دەشکرێ بۆ چارەسەرکردنی کێشە داراییەکان بەکار بهێنرێن."

دەشڵێت،"بڕیارەکانی دادگا چارەسەری ئەو کێشانە ناکات کە بوونەتە هۆی ئەوەی هەرێم نەتوانێت موچە دابەش بکات، گەر نیەتیش هەبێت بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە بەغدا ژمارەی موچەخۆرانی هەرێم بە 680 هەزارو هەرێمیش بە ملیۆنێک و دووسەد هەزار ناویدەبات. ئینجا کێشەی تەکنیکی زۆر هەیە، زەحمەتە هەولێر مل بۆ جێبەجێکردنی بدات و بەغداش ناچێتە ژێر باری ئەو بڕە پارەیەی بۆ سەرجەم موچەخۆرانی هەرێم پێویستە."

محەمەد حسێن جەختیکردەوە،"بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی نە چارەسەرە بۆ موچەی موچەخۆران و نە دژی چارەسەریشە، بەڵکو گورزێکی سیاسییە لە هەرێم و کۆتایی هێنانە بەو فیدراڵیزمە داراییەی سی ساڵە هەرێم هەیەتی."

XS
SM
MD
LG