Accessibility links

نەرمین مەعروف بۆ VOA: کۆتایی ئەم مانگە هەمواری بودجەی ساڵی 2024 دەگاتە پەرلەمانی عێراق


لەگەڵ نزیکبوونەوە لە موچەی مانگی 2 ی ساڵی 2024ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق داوای، لیستی خەرجی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەکات. بەشێک لە ئەندامانی پەرلەمانی عێراق دەڵێن، حکومەتی عێراق" مەرجی نوێی هەیە" بۆ ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم.

غەریب ئەحمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق پێی وایە ژمارەی موچە خۆرانی هەرێمی کوردستان نزیکەی 700 هەزار فەرمانبەرە، نەک ملیۆن بۆ ملیۆنێک و100، دەڵێن دەبێت دووبارە لیستی موچە خۆران ڕێکبخرێتەوە، ئەم داواکاریانەش زیاتر خۆی لە پێگەی هێزەوە دەبینێت و بەم جۆرەش بەربەست لەبەردەم موچەی هاووڵاتیانی هەرێم دروست دەکرێت و زیاتر مەرجەکان دەچنە بواری بیانوگرتنەوە".

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق وتیشی، " ئەگەر بەم وردەکاریانە بچنە پارێزگاکانی دیکەی عێراقەوە، لە هەرێمی کوردستان زیاتر گرفتەکان دەبینن، پێویستە سەرجەم لایەنە سیاسیەکانی هەرێم، لەسەر ئەو هەموو مەرجانە بێدەنگ نەبن، چونکە تا هەمواری بودجە دوابکەوێت مەرجی نوێ ئاڕاستەی هەرێم دەکرێن" .

وەزارەتی دارایی عێراق لە 17ی مانگی یەکی 2024 داوای لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی لە وەزارەتی دارایی هەرێم کرد، بەمەبەستی ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، تا ئەو کاتەی هەمواری بودجەی ساڵی 2024 لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە پەسەند دەکرێت.

د. نەرمین مەعروف ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لیژنەی دارایی لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " مەرجەکان نوێنین، لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردو وەزارەتی دارایی عێراق داوای لە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە ، بۆ بەردەوامی موچە پێویستە داتاو زانیاری موچەخۆران وپلەکانیان و خانەنشینان بدرێنە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵ، مانگی ڕابردوش ئەو 618 ملیار دینار بەو هۆکارە دراوەتە هەرێمی کوردستان ، تا هەمواری یاسای بودجەی ساڵی 2024 ".

لە 21-1-2024، لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق و وەزیری دارایی حکومەتی عێراق کۆبوونەوە بۆگفتۆگردن لەسەر کۆمەڵێک دۆسیەی پەیوەنداری دارایی، لە نێوانیان پرسی کێشەکانی هەولێر و بەغدا، لە کۆبونەوەکەدا تەیف سامی وەزیری دارای عێراق ، ئاماژەی بەوەکرد، هەرێمى کوردستان لەساڵى 2023 هیچ داهاتێکى دارایی ڕادەستى حکومەتى فیدراڵ نەکردووە.

نەرمین مەعروف دەڵێت، " پرۆسەی وردبینی لەناوی موچە خۆرانی هەرێم بەردەوامە و وردبینی نزیکەی 300 هەزارکەس تەواوبووە. چاوەڕوان دەکرێت تا کۆتایی ئەم مانگە هەمواری بودجەی ساڵی 2024 بگاتە پەرلەمان و تاکۆتایی مانگی 3 بخایەنێت، بەرەوپێشچوونی باش هەیە لە نێوان هەردوو حکومەتدا بۆ چارەسەر کردنی کێشە دارییەکان".

وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕونکردنەوەیەکدا دەڵێن، "لە ماوەی ڕابردو تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان بە نزیک مانگێک لە هەرێمی كوردستان سەرقاڵی وردبین كردنی ژمارەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بون و بە مەیدانی سەردانی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەكانییان كردووە".

مانگانە حکومەتی عێراق بڕی ٦١٨ ملیار دینار دەخاتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری کەدەکاتە تەنها ٦٥ ٪ کۆی شایستەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، ، لەگەڵ داهاتی ناوخۆ کە بڕی ٣٢٥ ملیار دیناری پێویستە بۆ پڕکردنەوەی تەواوی شایستە داراییەکانی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

پرسی ڕاستەوخۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە لایەن بەغداوە مشتومڕێکی زۆری لەسەرە و ڕوون نییە کە حکومەتی هەرێم دەچێتە ژێر باری گوشارەکان بەو پێیەی ئەو لایەنانەی دژی ئەم هەنگاوەن دەڵێن دەبێتە هۆی پوکانەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان کە لە ڕابردوودا دەستەڵاتێکی خۆبەڕێوبەری فراوانی هەبووە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:38 0:00

XS
SM
MD
LG