Accessibility links

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بەرنوسی یاسایەکی دژ بە ڕژێمی سوریا پەسەند دەکات


ئەنجوومەنی نوێنەرانی کۆنگرێسی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە پڕۆژە یاسایەکی پەسەند کرد کە ئامانجەکەی دژی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانە لەگەڵ ڕژێمی سووریادا.

لە دەنگدانێکدا لەسەر ئەم بەرنوسە، 389 ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران دەنگیان بە بەڵێ دا، بەرامبەر بە 32 دەنگی نەخێر.

یاسای دژە ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد ڕێگری دەکات لەوەی حکومەتی ئەمەریکا پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی سوریادا ئاسایی بکاتەوە تا ئەو کاتەی بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە.

لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی سوریاوە لە ساڵی 2011ەوە حکومەتی ئەمەریکا پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ سوریادا پچڕاند و ژمارەیەکی زۆر سزای بەسەر ڕژێمی سوریادا سەپاند بەهۆی ئەو تاوانانەی دژ بە خەڵکی خۆی ئەنجامی داون.

ئەم بەرنوسە بۆ یەکەمجار لە مانگی 5ی ساڵی 2023 پێشکەش بە کۆنگرێس کرا وەک درێژەپێدان بە یاسای قەیسەر دژ بە ئەسەد کە لە ساڵی 2019 دەرچوو.

بەرنوسەکەی کۆنگرێس هەروەها پەیوەندیکردنی بەرپرسانی حکومەتی ئەمەریکا لەگەڵ حکومەتی سوریا و بەکارهێنانی پارەی ئەمەریکا وەک ئامرازێک بۆ پێناسەکردنی ڕژێمی سوریا قەدەغە دەکات. جگە لەمەش سیاسەتێک دادەنێت بۆ بەرپەرچدانەوەی هەوڵەکانی حکومەتەکانی دیکە بۆ دروستکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕژێمی سوریادا.

دەستەی ئەرکی فریاگوزاری سوریا (SETF) کە ڕێکخراوێکی سوریایی-ئەمەریکاییە و بنکەکەی لە واشنتنە، ڕایگەیاند بەرنوسەکە دوای دوو ساڵ کارکردن بڵاوکراوەتەوە.

موعاز مستەفا، بەڕێوەبەری ڕێکخراویSETF ڕایگەیاند، پەسەندکردنی ئەم بابەتە دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ گەلی سوریا.

مستەفا گوتی"شانازی دەکەین کە یاسایەکمان دەرکردووە کە ڕژێمی ئەسەد و ئەو کەسانەی بەرپرسیارن لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵیدا دەکاتە ئامانج. یاساکە ڕێگری لە هیچ هەوڵێکی مرۆیی ناکات. لەڕاستیدا دڵنیای دەدات لەوەی هاوکارییەکان بگاتە خەڵکی سڤیل، لەبری ڕژێمی ئەسەد کە خەڵکی بێتاوان بۆردومان دەکات."

برندن بۆیل، ئەندامی دیموکراتەکان لە کۆنگرێس، یەکێک بوو لەوانەی پشتیوانی لەم بەرنوسە کردووە و هەوڵی بۆ داوە لە ناو کۆنگرێسدا، ئاماژەی بەوەکرد، ئەمەریکا بەم دەنگە پەیامێکی ڕوونی بۆ ئەسەد و لایەنگرانی ناردووە.

برندن بۆیل، ئەندامی دیموکراتەکان لە کۆنگرێس
برندن بۆیل، ئەندامی دیموکراتەکان لە کۆنگرێس

بۆیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "نابێت هیچ هۆکارێک هەبێت بۆ قبوڵکردنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ حکومەتێک کە بەرپرسیارە لە کوشتنی زیاتر لە 600 هەزار ژن و پیاو و منداڵ".

تا ئەم بەرنوسە دەبێتە یاسایەکی کاریگەر، سەرەتا دەبێت لەلایەن ئەنجومەنی سیناتی کۆنگرێسەوە پەسەند بکرێت پێش ئەوەی بچێتە بەردەم سەرۆکی ئەمەریکا بۆ واژۆکردنی.

XS
SM
MD
LG