گوتەبێژی لەشکری ئیسرائیل ڕایگەیاند فەرماندەیەکی هێزێکی حزبوڵڵایان لەو بۆردومانە کوشتووە کە شەوی چوارشەممە کرایە سەر ناوچەیەکی شارۆچکەی نەبەتیە (نبطية) لە باشوری لوبنان.
ئەڤیخای ئەدرعی لەسەر پێگەکەی لە ئێکس نووسیویەتی"شەوی دوێنێ چوارشەممە فەرماندەیەکی هێزی ڕەزوان بە ناوی عەلی محەمەد ئەلدبس و جێگرەکەی حەسەن ئیبراهیم عیسا و کەسێکی دیکە لەناوبران."
دەشڵێت ناوبراو بەرپرس بووە لە چەندین هێرش بۆ سەر ئیسرائیل، بۆیە بە بۆردومانی فڕۆکەیەکی ئیسرائیل بۆ سەر باڵەخانەیەکی حزبوڵڵا کۆتایی پێهێنرا.
لای خۆیەوە حزبوڵڵا کوژرانی ئەو فەرماندەیەی پشتڕاستکردەوە وهەڕەشەی لە ئیسرائیل کرد.
حەسەن فەزڵوڵڵا، سیاسەتمەداری حزبوڵا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند؛ "دوژمن باجی ئەو تاوانانە دەدات" و دەڵێت "بەرخۆدان بەردەوام دەبێت لە پراکتیزەکردنی مافی ڕەوای خۆیان بۆ بەرگریکردن لە گەلەکەی".
ململانێی نێوان حزبوڵڵا و ئیسرائیل کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت، هاوتەریب لەگەڵ شەڕی غەززە بەردەوامبووە و نیگەرانییەکانی لە مەترسی ڕووبەڕووبوونەوەی سەرتاسەری لە نێوان ئەو دوو نەیارەدا پەرەی سەندووە.
هەردوولا ڕایانگەیاندووە بە دوای شەڕی سەرتاسەریدا ناگەڕێن و ململانێکان تاڕادەیەکی زۆر هەتا ناوچەکانی نزیک سنوور کۆنتڕۆڵکراون.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ستراتیژی حزبوڵڵا ڕایگەیاندووە؛ هێرشکردنە سەر نەبەتیە هەڵکشانی ئیسرائیلە بەڵام هێشتا لە چوارچێوەی "یاساکانی بەشداریکردن"ی لە شەڕدا ناودێر نەکراوە.
ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند وەڵامی هێرشە موشەکییەکانی ئەو سنوور بەزاندنەی لوبنانی داوەتەوە کە بووەتە هۆی کوژرانی یەکێک لە سەربازەکانی و هەشت سەربازی دیکە لە شاری سەفەد برینداربوون کە نزیکەی 15 کیلۆمەتر لە سنووری لوبنانەوە دوورە. حزبوڵڵا بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشە ڕانەگەیاند.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز