Accessibility links

وتەبێژی دەزگای ئاسایش بۆ VOA: با سەرمایەداران سکاڵا دژی هەر کەسێک تۆمار بکەن کە داوای سەرانەیان لێدەکات


وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، هەر بازرگان و سەرمایەدارێک گەر گێچەڵی پێکراو داوای سەرانەی لێکرا، با سکاڵا تۆماربکات و دەزگاکانی ئاسایش ئاگاداربکاتەوە، تا ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە بگیرێتەبەر کە داوای سەرانە دەکەن.
عەقید سەلام عەبدولخالق، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"هەرکەسێک لەهەر پلەو پۆستێکدا بێت گەر داوای سەرانە بکات و سکاڵای لەسەر تۆماربکرێت، ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر دەگیرێتە بەرو هیچ کەسێک لەسەرووی یاساوە نییە."

ئەو وتیشی،"ڕێگە بەهیچ کەسێک نادرێت ئارامی و ئاسایشی بازرگان و سەرمایەداران و تەنانەت هیچ هاوڵاتییەک تێکبدات، تێکدانی ئارامی لە هیچ کەس قەبوڵ ناکرێت."

ڕۆژی دووشەممە، 12 ی مانگی 2 ی 2024، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی قەڵای "عوزێری"ییان ڕووخاندو تەقاندەوە، کەسێک بە ناوی کوێخا دێرین ئەحمەد خاوەندارێتی قەڵاکەی دەکرد و لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە بە "سەرانە"وەرگرتن لەسەرمایەداران تۆمەتبارکرابوو.

کوێخا دێرین ئەحمەد، پلەی نەقیبی هەبووە لە نێو هێزەکانی 70 ی پێشمەرگەداو لەلایەن دادگای سلێمانییەوە بە تۆمەتی سەرانە سەندن و تەقەکردن لەسەرمایەدارێک داواکراوە، بەڵام تا ئێستا دەستگیرنەکراوەو هەڵهاتووە بەرەو شوێنێکی نادیار.

بەپێی وتەی ئەحمەد کامیل کە بازرگانێکی سلێمانییە، لەلایەن کوێخا دێرین ئەحمەدەوە بڕی یەک ملیۆن دۆلار سەرانەی لێسەنراوەو دواتر تەقەی لێکراوەو هەردوو قاچیشی شکێنراوە.

سەبارەت بەوەی چۆن دەزگا ئەمنییەکان پێشتر ڕێوشوێنیان بەرامبەر پلەدارەکەی پێشمەرگە نەگرتووەتەبەر، لەکاتێکدا بە پێی وتەی سەرمایەدارەکە پێش ئەوەی تەقەی لێبکرێت هەڕەشەی لێکراوە، عەقید سەلام عەبدولخاڵق دەڵێت،"گەر تاوان بەرامبەر هەرکەسێک کراو قسەی نەکرد و داوای یاسایی تۆمارنەکرد، رێکاری یاسایی ناگیرێتەبەر. ئەو سەرمایەدارە خۆی دەڵێت پارەم داوە، بۆ داویەتی و پێشتر دەزگا ئەمنییەکانی ئاگادار نەکردەوە، تا ڕێکارە یاساییەکان بگرنە بەر."

دەشڵێت،"هەرکەسێک تاوانی بەرامبەر کرا یاخود هەڵکوترایە سەری و هەڕەشەی لێکرا، یاخود داوای سەرانەی لێکرا با دەزگا ئەمنییەکان ئاگادار بکاتەوە تا ڕێوشوێنی یاسایی بگرنە بەر."

دەنگی ئەمەریکا لەبارەی دیاردەی سەرانە وەرگرتن و هەڕەشەلێکردنیان، قسەی لەگەڵ چەند بازرگان و سەرمایەدارێک دا کرد، بەڵام ئامادەنەبوون لێدوان بدات.

عەقید سەلام عەبدولخالق، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، وتی،"دڵنیایی دەدەینە هەموو بازرگان و سەرمایەداران گەر هەڕەشە لەهەرکەسێک کراو داوای سەرانەی لێکرا، ڕێگە نادەین مافیان بخورێت."

ئەو وتیشی،"هەر بازرگانێک هەڕەشەی لێکرا با سکاڵا تۆمار بکات، یاخود لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە دەزگای ئاسایش ئاگادار بکاتەوە، تا ئێمە ڕێوشوێنی یاسایی بگرینە بەر."

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:39 0:00

XS
SM
MD
LG