Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان: ئەو پەنابەرە سوریاییانەی کە دەگەڕێنەوە وڵاتەکەیان ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە


نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، ئەو هاووڵاتییە سوریاییانەی کە دەگەڕێنەوە وڵاتەکەیان ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، لەوانە ئەشکەنجەدان و توندوتیژی سێکسیش.

نووسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاپۆرتێکی لەسەر ئەم بابەتە بڵاوکردووەتەوە و تیایدا چاوپێکەوتنیان لەگەڵ دەیان کەس لەوانە ئەنجام داوە کە گەڕاونەتەوە بۆ سوریا.

ڕاپۆرتەکە باس لەو پەنابەرانە دەکات کە گەڕاونەتەوە بۆ سوریا، لە سەرانسەری وڵاتەکەدا ڕووبەڕووی دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدان و ڕفاندن و توندوتیژی سێکسی بوونەتەوە.

ڕاپۆرتە تایبەتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان باس لەوەش دەکات کە ئەم پێشێلکاریانە لەلایەن هێزەکانی حکومەتی سوریا و دەسەڵاتدارانی دیفاکتۆ لە ناوچەکانی دیکەی سوریا ئەنجامدراون.

ڤۆڵکەر تورک کۆمسیاری مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ئەمە دۆخێکی جێگای نیگەرانییە لە کاتێکدا ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەرانی سوریا لە وڵاتانی دراوسێوە دیپۆرت دەکرێنەوە.

ئەو بەرپرسە نێودەوڵەتییە ڕایشیگەیاند پێویستە گەڕانەوەی پەنابەرەکان بە شێوەیەکی خۆبەخشانە بێت و دۆخی ناو سوریاش ئارام بێت تا بتوانن بە ئاسودەیی بگەڕێنەوە وڵاتەکەی خۆیان.

لە دوای شەڕی سوریا لە ساڵی 2011،وە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت 5 ملیۆن و 500 هەزار هاووڵاتی سوریایی بوونەتە پەنابەر لە دەرەوەی وڵات و زۆربەیان لە وڵاتانی دراوسێ نیشتەجێ بوون.

لە ڕاپۆرتە نوێیەکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە، بەهۆی خراپی دۆخی ئابووری و بەرزبوونەوەی هەستی دژە پەنابەران، ئێستا زۆرێک لە پەنابەرانی سوریا سەرەڕای سەختییەکان بڕیار دەدەن بگەڕێنەوە وڵاتەکەی خۆیان.

سەرچاوە: ئاژانسی فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG