Accessibility links

چاوەڕوان دەکرێت دادگای فیدڕاڵی چوار سکاڵا لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق یەکلابکاتەوە


یەکلا نەبوونەوەی سکاڵاکان لە دادگای فیدڕاڵی لەسەر شێوازی هەڵبژاردن و کاندیدەکانی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی ڕۆژی13 ی مانگی 1ی 2024 هێشتا پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بە بەتاڵی هێشتووەتەوە و بڕیارە کۆتایی ئەم مانگە دادگای فیدڕاڵی جارێکی دیکە لەسەر سکاڵان کۆببێتەوە، ئەندامانی پەرلەمانتاری کوردیش ڕای جیاوازیان لەسەر کاریگەری یەکلابوونەوەی سەرۆکی پەرلەمان لەسەر پڕۆژە یاسا گرنگەکانی ناو پەرلەمان هەیە.

پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنێکی تایبەتدا بە هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان لە بەرواری 13ی مانگی یەکی 2024 کۆبوویەوە و لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردندا، شەعلان کرەیم، بەربژێری پارتی تەقەدووم 152 دەنگی بەدەستهێنا، هەریەک لە سالم عیساوی، بەربژێری هاوپەیمانیی سەروەری 97 دەنگ و مەحمود مەشهەدانی، بەربژێری هاوپەیمانیی عەزم 48 دەنگیان بەدەستهێنا، بەڵام لەسەر کاندیدەکان و شێوازی هەڵبژاردنەکە، ناکۆکی بە دوای خویدا هێنا و چوارچێوەی هەماهەنگی تۆمەتی بەعسی بونیان داوەتە پاڵ شەعلان کرەیم و داوای گۆڕینی کاندیدەکە دەکەن .

چرۆ حەمەشەریف ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " لە ئێستادا چوار سکاڵا لە دادگای فیدڕاڵی لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان تۆمارکراون، تا یەکلاکردنەوەی ئەو سکاڵایانە ناتوانرێت سەرۆکی پەرلەمان دیاری بکرێت"

سکاڵاکان

سێ سکاڵا لەلایەن پەرلەمانتاران، یوسف کیلابی، فالح خەزعەلی، حوسێن موئنیس و باسم خەشان لە دژی شەعلان کرەیم تۆمارکراون کە تۆمەتی بەعسی بوون و نەبوونی مەرجەکانی سەرۆکی پەرلەمان دەدەنە پاڵ شەعلان کرەیم.

سکاڵای چوارەمیش لەلایەن هەریەک لە هەیبەت حەلبووسی و ئەحمەد موزهر جبووری کە پەرلەمانتاری هاوپەیمانی تەقەدوومن تۆمارکراوە لە دژی موحسین مەندەلاوین کە لە 14-1-2024 داوای کرد سەرجەم ئەنجام و لێکەتەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان هەڵبوەشێنەوە.

چرۆ حەمە شەریف گوتیشی، " هەرچەندە موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان دانیشتنەکان بەڕێوەدەبات، بەڵام ئەگەر هەمواری بودجەی ساڵی 2024 بێتە ناو پەرلەمانەوە، ئەوا سونەکان ڕەنگە بەشێکیان بەشداری کۆبوونەوەکە نەکەن و نیسابی یاسایی بۆ دانیشتنەکە تەواو نەبێت".

دادگا فیدڕاڵی عێراق لە 29-1-2024 کۆبوویەوە بەڵام بۆ بڕیاردان لەسەر سکاڵا و تانەدان لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانەوە، بڕیارە 27-28ی مانگی 2 ی 2024 جارێکی دیکە کۆببێتەوە، بەشێک لە پەرلەمانتارانیش دەڵێن، فشاری ناوخۆیی و دەرەکی هەیە بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆکی داهاتووی پەرلەمانی عێراق.

ئارایان تاوەگۆزی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " فشاری ناوخۆ و دەرەکی لەسەر لایەنە سونی و شیعەکان هەیە بۆ دیاریکردنی سەرۆکی داهاتووی پەرلەمان، بۆچونی جیاوازیشیان لەسەر ئەم پرسە هەیە، یەکلابوونەوەی سکاڵاکان، بڕیار لەسەر ئەوە دەدات ئەو کۆبونەوەیەی لە مانگی ڕابردوو کرا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، یاساییە یان نا، کە قۆناغی یەکەمی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان تێپەڕاند".

ئاریان تاوەگۆزی وتیشی " بەشێک لە سونەکان بەشداری دانیشتنەکان دەکەن، جگە لە پەرلەمانتارەکانی تەقەدوم، ئەگەر پڕۆژە یاسای بودجە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بنێرێتە پەرلەمانەوە، ئەوا دەچێتە لیژنەی دارایی و ماوەیەکی پێدەچێت، نەبونی سەرۆکی پەرلەمان کاریگەری لەسەر هەمواری بودجەی ساڵی 2024 نیە".

لە ئێستادا لەنێو سوننەکان سێ بەربژێر بۆ جێگرتنەوەی محەمەد حەلبووسی هەن کە بریتین لە شەعلان کرەیم، بەربژێری پارتی تەقەدووم بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبووسی، سالم عیساوی، بەربژێری هاوپەیمانیی سەروەری بە سەرۆکایەتیی خەمیس خەنجەر و مەحموود مەشهەدانی، بەربژێری هاوپەیمانیی عەزم.

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:08 0:00

XS
SM
MD
LG