Accessibility links

سەفا عائیلی، خاڵۆی ژینا ئەمینی سزای زیاتر لە 5 ساڵ زیندانیکردن دەدرێت


سەفا عائیلی
سەفا عائیلی

خاڵۆیەکی ژینا ئەمینی، کە لە شاری سەقز هاوکاتی ساڵیادی مەرگی ژینا ئەمینی دەستگیرکرابوو، سزای زیاتر لە پێنج ساڵ زیندانی کردنی بەسەردا دەسەپێندرێت.

ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆف دەڵێت سەفا عائیلی، خاڵی ژینا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری سەقز بە سەرۆکایەتی دادوەر جەواد مستەفایی، سزای 5 ساڵ و 4 منگ و 17 ڕۆژی زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندراوە بێجگە لە چەند سزایەکی تریش لە ناویاندا قەدەغەکردنی چوونەدەرەوە لە ئێران.

ڕێکخراوەکە دەڵێت سەفا عائیلی تەمەن 30 ساڵ بە تۆمەتی " بەشداریکردن لە پێکهێنانی باند و گرووپی دژ بە ئاسایشی نیشتمانی" سزای 3 ساڵ و 6 مانگ و 1 ڕۆژ زیندانی کردن دراوە، هەروەها بە تۆمەتی " چالاکی تەبلیغی دژ بە حکومەت ( پروپاگەندەکردنی دژ بە حکومەت) " سزای 7 مانگ و 17 ڕۆژ زیندانی کردن دراوە و بە تۆمەتی " بێڕێزیکردن بە خامنەئی"یش سزای 15 مانگ و 1 ڕۆژ زیندانی کردن دراوە. کۆی سزاکەی دەگاتە 5 ساڵ و 4 مانگ و 14 ڕۆژ.

سەفا عائیلی خاڵۆی ژینا ئەمینی، ڕۆژی سێشەممە 5ی نۆی 2023، نزیکەی دە ڕۆژ پێش یەکەم ساڵیادی مەرگی ژینا ئەمینی لە لایەن هێزەکانی ئیتڵاعاتی ئێران لە ماڵەکەی خۆیدا لە شاری سەقز دەستگیرکرا. پاشان لە 17ی مانگی دەی 2023 بە دانانی یەک ملیار و 200 ملیۆن تمەن، تا ڕۆژی دادگا بە کەفالەت لە بەندیخانەی ناوەندی سنە ئازاد کرا.

پاش مەرگی ژینا ئەمینی کچە کوردی تەمەن 22 ساڵانی خەڵکی شاری سەقز، لە کاتێکدا بەهۆی گوایە ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ لەلایەن پۆلیسی ئاکار (گەشتی ئێرشاد) ەوە دەستبەسەرکرابوو، گیانی لەدەستدا، خۆپیشاندانی ناڕەزایەتیی لە شاری سەقزەوە دەستیپێکرد و تەواوی ئێرانی گرتەوە کە پاشان بە "شۆڕشی ژینا" ناودێرکرا.

بە هۆی ئەو خۆپیشاندانانەوە سەدان کەس کوژران و بریندار بوون و هەزاران کەسیش دەستگیرکران. ئێران دەڵێت لە خۆپێشاندانەکاندا دەیان کەس لە هێزە ئاسایشییەکانیش کوژراون.

XS
SM
MD
LG