Accessibility links

تەنها 77 پەرلەمانتار ئامادەی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا بوون لە عێراق


لەکاتێکدا لە گروپی وەتسئاپی پەرلەمانتارانی عێراق 108 پەرلەمانتار ناوی خۆیان بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق تۆمارکردبوو، بەڵام 77 پەرلەمانتاریان ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون.

بڕیاربوو ئێوارەی ڕۆژی شەممە، 10 ی مانگی 2 ی 2024، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ بڕیاردان لەسەر دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق کۆببێتەوە، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی نیسابی یاسایی کۆبوونەوەکە شکستی هێنا.

ئەمین بەکر، ڕاوێژکاری پێشووی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"داواکاری بۆ کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران و بڕیاردان لەسەر دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق داواکارییەکی خێرابوو، پێشتر ئامادەکاری بۆ نەکرابوو، بۆیە شکستی هێنا."

ئەو وتیشی،"ڕەنگە هەندێک هێزو پەرلەمانتاری شیعەی عێراق لەگەڵ دەرچوونی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق نەبن، بەڵام بارودۆخەکە بەجۆرێکە هیچ کەس ناتوانێت ئەمە بە ڕوونی بڵێت."

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 329 پەرلەمانتار پێکدێت، 176 پەرلەمانتاریان سەربە هێزە شیعەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگین، بەڵام بەهۆی ئامادەبوونی تەنها 77 پەرلەمانتارو تەواو نەبوونی نیسابی یاسایی، دانیشتنەکەی ئێوارەی ڕۆژی شەممە شکستی هێنا.

کاتێک هەفتەی ڕابردوو لە گروپی وەتسئاپی پەرلەمانتارانی عێراق داوای کۆبوونەوەی خێرا کراوە بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، 108 پەرلەمانتار ناوی خۆیان نوسیووەو محەمەد نوری عەزیز، وەکو یەکەم پەرلەمانتار ناوی خۆی بۆ کۆبوونەوەکە تۆمارکردووە، بەڵام لەو ژمارەیە 77 پەرلەمانتاریان ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون.

لەو 108 پەرلەمانتارەی لە گروپی وەتسئاپی پەرلەمانتارانی عێراق ئامادەیی خۆیان بۆ دانیشتنی تایبەت بە دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەربڕیووە، هیچ پەرلەمانتارێکی کورد ناوی خۆی تۆمار نەکردووە.

شوان محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"هەست دەکەین هەندێک لە شیعەکانیش لەگەڵ دەرچوونی ئەمەریکا لە عێراق نین، بەڵام موراعاتی ئێران دەکەن."

بەپێی وتەی سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری، بەشداری نەکردنی فراکسیۆنە کوردییەکان لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق کوتلە شیعەکانی توڕە کردووە.

لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک، سۆران عومەر نوسیویەتی،"کوتلە شیعەکان هەڕەشەی ئەوەیان کرد لە هەمواری یاسای بودجەدا هەڵوێست دژی کورد وەردەگرن."

لەوبارەیەوە، شوان محەمەد دەڵێت،"شیعەکان خۆشیان بەتەواوی بەشداری دانیشتنەکەیان بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق نەکردووە، ئیتر گلەیی بۆ لە خەڵکی تر دەکەن."

بەرەبەیانی ڕۆژی 3 ی مانگی 2 ی 2024، ئەمەریکا 85 ئامانجی لە ڕێگەی 125 موشەک و بۆمبەوە لە عێراق و سوریا کردە ئامانج کە بنکەو بارەگای میلیشیا شیعەکانی نزیک لە ئێران بوون. بەهۆی هێرشەکانەوە 16 چەکداری حەشدی شەعبی لە عێراق کوژران و 36 چەکداری تریشیان برینداربوون.

هەروەها شەوی 7 ی مانگی 2 ی 2024، ئۆتۆمبێلی دوو سەرکردەی حزبوڵای عێراق لەلایەن فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئەمەریکاوە کرانە ئامانج و دوو سەرکردەی ئەو گروپە کوژران.

پاساوی ئەمەریکا بۆ ئەنجامدانی هێرشەکانی لە دژی میلیشیا شیعەکان کوژرانی سێ سەربازیەتی لە باکوری ڕۆژهەڵاتی ئوردن بەهۆی هێرشی درۆنی ئەو میلیشیایانەوە، بەڵام ئەمەریکا لەلایەن هێزە شیعەکانەوە بە پێشێلکردنی سەروەری عێراق تۆمەتبار دەکرێت.

سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەمەریکا لە عێراقە، میلیشیا شیعەکان هەولێرو ئەنبارو کۆرمۆر موشەک باران دەکەن، گەر بکشێتەوە دۆخی عێراق تێکدەچێت. بۆیە کورد و سونە و هەندێک لە شیعەکانیش لەگەڵ کشانەوەی نین."

هەروەها وتیشی،"ئەمەریکا بکشێتەوە دۆخەکە بەجۆرێک تێکدەچێت هەر گروپەو شەڕی بوونی خۆی دەکات، بۆیە کشانەوەی ئەمەریکا ڕێوشوێنی درێژ مەوداو دروستبوونەوەی متمانەی لەنێوان پێکهاتەکان دەوێت."

ئەمەریکا نزیکەی 2500 سەربازی لە عێراق هەیە ئەم هێزانەش لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی نێونەتەوەییدان بۆ لەناوبردنی تۆڕە تێرۆرکارییەکەی داعش، ئەرکەکەشیان مەشق و ڕاهێنانپێکردنی هێزە ئاسایشییەکانی عێراقە نەک شەڕکردن.

XS
SM
MD
LG