Accessibility links

هێزە سنوورییەکانی ئێران دوای دەستگیرکردنی دوو کۆڵبەر، لە دووری چەند مەترێکەوە تەقەیان لێدەکەن

لە درێژەی تەقەکردنی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران بۆ سەر کۆڵبەران، ڕۆژی هەینی، 9ی ئەم مانگە، دوو کۆڵبەری خەڵکی مەهاباد بە ناوەکانی یوسف و فەرزاد لە ناوچە سنوورییەکانی "هەنگەژاڵ" ی بانە دوای ئەوەی لەلایەن هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێرانەوە دەستبەسەر دەکرێن، لە دووری چەند مەترێکەوە تەقەیان لێدەکرێت و بریندار دەبن.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاندووە ئەمە سێیەم حاڵەتی تەقەکردنی لەم شێوەیەیە لە کۆڵبەران لە کاتی دەستگیرکردنیان لەلایەن پاسەوانی سنوورییەوە کە لە دوو هەفتەی ڕابردوودا لە ناوچە سنوورییەکانی بانە ڕوویانداوە.

بە پێی ڕاپۆرتەکەی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان هەردوو کۆڵبەرەکە گوللە بەر قاچیان کەوتووە و بە پێی زانیارییەکانی ئەو ماڵپەرە یەکێک لە کۆڵبەرەکان بە ناوی یوسف کە دەیان گوللەی ساچمەیی بەر قاچی کەتووە، گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەدین ئەیوبی له شاری بانه.

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە پاسەوانانی سنووریی لە هەمان ناوچە، لە بۆسەیەکدا بۆ کۆمەڵێک کۆڵبەر، یەکێک لە کۆڵبەرەکانیان بە ناوی بێهنام شەریفی تەمەن 30 ساڵییان دەستگیرکردووە کە خەڵکی سەقزە. هێزە سنوورییەکان دوای ئەوەی ئەو کۆڵبەرە ناچار دەکەن هەموو بارە جێهێڵراوەکانی کۆڵبەرەکانی دیکە بگوازێتەوە بۆ بنکەی سنووری، ئەشکەنجەی دەدەن و داوا لەو کۆڵبەرە دەکەن پەیوەندی بە بەشی فریاگوزارییەوە بکات و دوای پەیوەندی کۆڵبەرەکە، بە گوللەی ساچمەیی تەقە لە قاچەکانی دەکەن. هەر لەم چوارچێوەیەدا کۆڵبەر نیوز کە هەواڵەکانی تایبەت بە کۆڵبەران ڕۆمال دەکات، بڵاویکردەوە کە ڕۆژی چوارشەممەش لە ئەنجامی تەقەی هێزە سنوورییەکانی ئێران لە سنووری هەنگەژاڵ، گەنجێکی تەمەن 19 ساڵانی خەڵکی سەقز بە ناوی سۆران ڕەحیمی بریندار بووە.

بە پێی ڕاپۆرتی ساڵانەی کۆڵبەر نیوز لە ساڵی 2023 دا، 32 کۆڵبەر کۆژراون و 267 کۆڵبەریش بریندار بوون.

This item is part of
XS
SM
MD
LG