Accessibility links

بایدن لەسەر هەڵگرتنی بەڵگەنامە نهێنییەکان ڕووبەڕووی تۆمەت نابێتەوە و دەڵێت 'بیرەوەری باشە'


سەرۆکی ئەمەریکا لە کاردانەوەیەکی تونددا بەرامبەر بە ڕاپۆرتی لێکۆڵەری تایبەتی وەزارەتی داد کە بە "پیاوێکی پیر بە بیرەوەرییەکی لاوازەوە " وەسفی دەکات، ڕایگەیاند کە بیرەوەری ئەو هیچ " کێشەیەکی " نییە.

لێکۆڵەری تایبەتی وەزارەتی دادی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە دۆسیەی هەڵگرتنی "بەڵگەنامە نهێنییەکان " لەلایەن جۆو بایدنەوە ڕۆژی پێنجشەممە 8ی مانگی دوو بە فەرمی ڕایگەیاند کە سەرۆکی ئەمەریکا بەهۆی هەڵگرتنی ئەو بەڵگەنامانەوە دادگایی ناکرێت.

لێکۆڵەری تایبەتی ئەمەریکا ڕۆبێرت هێر لە ڕاپۆرتەکەیدا ڕایگەیاندووە جۆو بایدن بە مەبەست بەڵگەنامە نهێنییەکانی لەگەڵ خۆی بردووە و لە ماڵ و ئۆفیسەکەی خۆیدا هەڵیگرتوون و بۆ چەند کەسێکیشی ئاشکرا کردووە، ئەوەش دوای ئەوەی لە ساڵی 2017دا پۆستی جێگری سەرۆکایەتی بەجێهێشتووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای لێکۆڵینەوەیەکی 15 مانگە فشار ناخاتە سەر تۆمەتی تاوانکاری لەسەر بایدن، چونکە لە کاتی دۆسیەکەدا هاوکاری دەسەڵاتدارانی کردووە و پێدەچێت قورس بێت لە دادگادا سزا بدرێت.

سەرەڕای بڕیارە ئەرێنییەکانی ئەم لێکۆڵەرە، بەشێک لە ڕاپۆرتەکەی کە پاساو بۆ ئەم بڕیارەی دەهێنێتەوە، جۆو بایدنی توڕە کردووە.

لەو بەشەی ڕاپۆرتەکەدا کە هۆکارەکان بۆ دادگایی نەکردنی جۆو بایدن دەخاتە ڕوو، لێکۆڵەری تایبەتی دادوەری ئەمەریکا بەم شێوەیە وەسفی بایدنی کردووە " پیاوێکی دڵسۆز، نیازپاک، بەساڵاچوو کە بیرەوەرییەکی خراپی هەیە."

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کە بە ڕوونی لە هەڵوێستی لێکۆڵەری تایبەتی وەزارەتی داد توڕە بووە، لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسان سەبارەت بە ڕاپۆرتەکەی ئەو لێکۆڵەرە گوتی "بیرەوەریم باشە " و ئاماژەی بەوەشکرد لێکۆڵەرە تایبەتەکەی وەزارەتی داد جیاوازی لە نێوان ئەو و ترەمپدا کردووە چوونکە ئەو بەڵگەنامەکانی گەڕاندووەتەوە، لەکاتێکدا گوایە ترامپ ڕەتیکردووەتەوە بەڵگەنامەکان ڕادەست بکاتەوە.

چاودێران دەڵێن ئەم بۆچوونەی لێکۆڵەری تایبەتی داد سەبارەت بە بیرەوەری سەرۆکە تەمەن 81 ساڵەکەی ئەمەریکا لەم قۆناغەی بانگەشەکانی هەڵبژاردنەکانیدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕکابەرە ئەگەرییەکەی، دانۆڵد ترامپ ڕەنگە تێچووی زۆری بۆی هەبێت.

پارێزەرانی بایدن دەڵێن لاوازبوونی بیرەوەری بۆ کەسێک کە هەوڵی وەسفکردنی ڕووداوەکانی ساڵانی ڕابردوو دەدات، شتێکی ئاساییە و ڕەنگە زۆر کەس ڕووبەڕووی ببێتەوە.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG