وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە ئەگەری هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر خاکی ئێران, ڕایگەیاند کۆماری ئیسلامی لە وەڵامدانەوەی هێرشێکی لەو شێوەیە درێغی ناکات.
ڕۆژی یەکشەممە ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا، جەیک سولیڤان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەرنامەی 'میت دی پرێسی' تەلەفیزیۆنی ئێن بی سی، شیانی هێرشی ئەمەریکای لە ناوخۆی ئێراندا ڕەت نەکردەوە، لە کاتێکدا جەختی لەوە کردەوە سەرۆک بایدن " هەوڵی ئەوە نادات بچێتە شەڕێکەوە" لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
هاوکات گوتەبێژی کۆشکی سپی جۆن کربی لە زنجیرەیەک وتووێژی تەلەفیزیۆنی لە 4ی مانگی دوو ڕایگەیاند هێرشەکانی ئەمەریکا لە 2 و 3ی مانگی دوو تەنها " گەڕی یەکەم"ی کرداری لەشکری بوو کە هی تریشی بەدوادا دێت.
دوابەدوای ئەم لێدوانانە، ناسر کەنانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ڕۆژی دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "ئێران هەوڵی پەرەپێدانی کێشە و قەیرانەکانی ناوچەکە نادات و هەرگیز پشتیوانی لە گرژی و قەیرانەکان نەکردووە، بەڵام لە هەمانکاتدا ئێران نیشانی داوە کە هەمیشە بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە مامەڵەی لەگەڵ هەر هەڕەشەیەک لە دژی ئاسایش و سەروەری خاکی ئێران کردووە."
پێشتریش لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس (تویتەری پێشوو)، وەزیری دەرەوەی ئێران "بە توندی ئیدانەی" هێرشەکانی ڕۆژی شەممەی ئەمەریکا و بەریتانیای کرد بۆ سەر پێگەی حوسییەکانی یەمەن کە کۆماری ئیسلامی پشتیوانیان لێدەکات.
سەرچاوە: ڕادیۆ فەردا