Accessibility links

حەشدی شەعبی: گەر گفتوگۆکان دەرئەنجامیان نەبوو، حەشدی شەعبی ناوەستێت و گورزی خۆیی لە هێزەکانی ئەمەریکا دەوەشێنێت


فەرماندەیەکی باڵای حەشدی شەعبی لە وەزارەتی بەرگری عێراق بە دەنگی ئەمەریکای ڕایگەیاند،" عێراق بووە بە شوێنی ململانێی شەڕی بە وەکالەتی نێوان ئێران و ئەمەریکا، بێ دوو دڵی گەر لەم ڕۆژانە گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی عێراق و ئەمەریکا هیچ دەر ئەنجامێکی نەبوو، ئەوە حەشدی شەعبی گورزی خۆیی لە هێزەکانی ئەمەریکا دەوەشێنێت."

ڕۆژی 28 ی مانگی یەکی ئەمساڵ بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشکرایە سەر بنکەیەکی سەربازی سوپای ئەمەریکا لە باکووری خۆرهەڵاتی ئوردن، لە ئەنجامدا سێ سەربازی ئەمەریکی کوژران و 41 سەربازی دیکەش برینداربوون.

لە کاردانەوەی هێرشکەدا شەوی 2ی مانگی دوو، سوپای ئەمەریکا بە فڕۆکەی بی 1 بە 125 مووشەک، هێرشیکردە سەر 85 پێگەی گروپە چەکداریەکان لە حەوت ناوچەی عێراق و سوریا و حکومەتی عێراقی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە لە ئەنجامی هێرشەکان لە عێراق 16 کەس کوژراون و 36ی دیکەش بڕینداربوون، دەستبەجێ ئیدارەی جۆبایدن سەرۆکی ئەمەریکا لە بارەی هێرشەکانەوە وتی،" گورزەکان هێزەکانی سەر بە ئێرانی پێکاوە و تۆڵەی ئەو هێرشانەن کە دەکرێنە سەر هێزەکانی ئەمەریکا."

عەبدولڕەحمان جەزائیری، فەرماندەی حەشدی شەعبی لە وەزارەتی بەرگری عێراق هاوکات یەکێکە لە سەرکردەکانی نێو چوار چێوەی هەماهەنگی کە نوری مالکی سەرۆکایەتی حزبەکە دەکات بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" دۆخەکە شێواوە و ئێمە سورین لە سەر ئەوەی دەبێت یەک سەربازی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق نەمێنێت و چاوەڕوانی هەنگاوی کرداری سەرۆک وەزیران دەکەین، چونکە ئەوەی دەگوەزرێت قابیلی قبوڵ نییە، من خاوەنی ئەم قسەیەی خۆمم ئێران لە پشت بەرەی مەقاومەی ئیسلامیە لە عێراق و سوریا."

بەپێی بەرپرسێکی ئەمەریکا، لە ناوەڕاستی مانگی 10ی ساڵی ڕابردووەوە هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانانان لانیکەم 165 جار لە عێراق و سوریا و ئوردن هێرشییان کراوەتە سەر. بەڵام هێرشەکەی ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە ئوردن یەکەمین هێرش بوو کە سەربازانی ئەمەریکایی تێیدا بکوژرێن.

بە بڕوای چاودێرێکی سیاسی کە لە هەولێر نیشتەجێیە،" دۆخی عێراق وەک گوریسێک ئاڵکاوە بەیەکەوە و زۆر ئاڵۆزە."

هیوا سەید سەلیم چاودێری سیاسی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئەم هێرشرانەی کە لە عێراق ڕوودەدەن شەڕی بەوەکالەتی نێوان ئەمەریکا و ئێرانە و حزبەکانی حزبوڵا و نوجوبا ئەنجامدەرن، بۆیە من پێم وایە ئەم هێرشانە بەردەوامیان دەبێت و حەشدی شەعبی ئەو توانا و ئیمکانییەتەی نییە کە بتوانێت هێرشی گەورە بکات لە کاردانەوەی هێرشەکانی سەری، بەڵکو تەنها دەتوانێت هێرش لێرە و لەوێ بە لاوازی بکاتە سەر بنکەکانی هاوپەیمانان لە فڕۆکەخانەی هەریر و هەولێر، غەیری ئەوە هیچی تری پێناکرێت."

حەشدی شەعبی بە فتوای گەورە مەرجی باڵای شیعە، ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی لە 15ی 6ی 2014 پێکهات، دوای نزیکبوونەوەی داعش لە شاری بەغدای پایتەختی عێراق. ئەوکات شوورایەک بە ناوی شوورای حەشدی شەعبی لە عێراق دامەزرا و شووراکە لە هاوپەیمانێتی 67 گرووپی میلیشیای شیعە پێکهاتبوو.

ڕۆژی 27ی 2ی 2020 لە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، پرۆژە یاسای دەستەی حەشدی شەعبی بە ئامادەبوونی 210 پەرلەمانتار پەسەندکرا. بەپێی یاساکە دەستەی حەشدی شەعبی و هێزەکانی سەر بەو دەستەیە بە پێی فەرمانێکی دیوانی وەک بەشێک لە هێزە چەکدارەکانی عێراق ناسێندران و ڕاستەوخۆ بەسترانەوە بە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق.

هیوا سەید سەلیم چاودێری سیاسی ئەوەشی بە دەنگی ئەمەریکا وت،" لەو بڕوایەدا نیم ئەمەریکا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەجێبهێڵێت، ئەوەی حەشدی شەعبی داوای دەکات ئەگەرێکی مەحاڵە، بۆیە بەردەوامی ئەم هێرشانە ئەنجامەکەی خراپ دەبێت بۆ هەڵگیرسانی شەڕی گەورە."

دکتۆر ئەحمەد کەهیە، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە هاوپەیمانێتی فەتح، دوێنی شەممە لە لێدوانێکیدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندبوو،"هێرشەکان ئەنجامی خراپ و نەرێنییان دەبێت و پەرچەکرداریان بەدوادا دێت، چوارچێوەی ململانێ و ئامانج گیرییەکان لەسەر خاکی عێراق فراوانتر دەکەن. حکومەتی عێراق بەرامبەر گەلەکەی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بەهۆی ئەو ململانێیەی لەسەر خاکەکەی دروستبووە توشی ئیحراجی بووە."

دوای ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای ئەمەریکا لە عێراق و سوریا سەرۆکی ئەمەریکا، جۆوبایدن لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند،" ئەمەریکا بەدوای ململانێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هیچ شوێنێکی دیکەی جیهان نا گەڕێت، بەڵام ئەوانەی بەدوای زیان گەیاندن بە خەڵکەوەن، دەبێت بزانن گەر زیان بەر ئەمەریکاییەک بکەوێت، ئێمەش وەڵام دەدەینەوە."

ڕاپۆرتی دیار جەمال

XS
SM
MD
LG