Accessibility links

لە هێرشی هێرشبەرێکدا بە چەقۆ و چەکوش لە پاریس 3 کەس بریندار دەبن


هێرشبەرێک بە چەکی سارد هێرش دەکاتە سەر سەرنشینانی وێستگەیەکی شەمەندەفەر لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا و سێ کەس بریندار دەکات. بە گوتەی پۆلیس، لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن، بەڵام هێرشەکە تیرۆریستی نەبووە. بەڕێوەبەری پۆلیسی پاریس بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندووە، پۆلیس هێرشبەرەکەی دەستگیرکردووە و نیشانەکانی نەخۆشی دەروونی پێوە دیارە، ئاماژەی بەوەشکردووە دەرمانەکانی ئەو هێرشبەرە دەریدەخەن چارەسەر وەردەگرێت.

بەپێی زانیارییەکانی پۆلیس، دوو کەس لە قوربانییەکان برینێکی ڕووکەشیان هەیە، بەڵام قوربانیی سێیەم بە سەختی بریندار بووە بەڵام باری تەندروستی جێگیرە.

پۆلیسی دەڵێت هێرشبەرەکە مافی نیشتەجێبوونی وڵاتی ئیتاڵیای هەیە و بە شێوەیەکی نایاسایی لە فەرەنسا بووە و ناوبراو کە تا ئێستا ناسنامەکەی ئاشکرا نەکراوە، بە چەقۆ و چەکوش هێرشی کردووەتە سەر سەرنشینانی وێستگەی شەمەندەفەرەکە.

بەگوێرەی میدیاکانی فەرەنسا، هێرشبەرە دەستگیرکراوەکە خەڵکی مالییە، بەڵام تا ئێستا پۆلیس بە فەرمی ئەمەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.

لە ساڵانی ڕابردوودا فەڕەنسا ڕووبەڕووی شەپۆلێکی هێرشی ئیسلامییە توندڕەوەکان بووەتەوە لەو وڵاتەدا و هەروەها هێرشکردن بە چەکی سارد و گەرم لەلایەن کەسانی تووشبووی نەخۆشی دەروونییەکانەوە لەو وڵاتە مێژووی هەیە و شتێکی دوور لە چاوەڕوانی نییە.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG