Accessibility links

ئەمەریکا پیاوێکی ئێرانی و دوو کەسی کەنەدی بە پیلانگێڕان بۆ کوشتنی پەنابەران تۆمەتبار دەکات


ئاژانسە هەواڵییەکانی ئەمەریکا و کەنەدا ڕایدەگەیەنن پیاوێکی ئێرانی کە سەرکردایەتی تۆڕێک دەکات و نەیارانی ئێران لە دەرەوە دەکاتە ئامانج، تۆمەتبارکراوە بەوەی دوو هاووڵاتی کەنەدایی بەکرێ گرتووە بۆ کوشتنی دوو پەنابەری ئێرانی کە لە ویلایەتی مێریلاندی ئەمەریکا دەژین.

سەرچاوە هەواڵییەکان بڵاویانکردووەتەوە ناوی سەرۆکی ئەو تۆڕە ناجی شەریفی زیندەشتییە و تەمەنی 49 ساڵە و تۆمەتبارە بە قاچاخچیتیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و پیاوێکی بکوژە لە ئێران. لە مانگی یازدەی ساڵی ڕابردوو دەستەی باڵای سوێندخۆرانی فیدراڵی لە ویلایەتی مینەسوتا ناجی شەریفی زیندەشتیان تۆمەتبار کرد بە ڕێکخستنی پیلانێک بۆ کوشتنی دوو کەس لە کۆتاییەکانی ساڵی 2020 و سەرەتای ساڵی 2021 لە ڕێگای بەکرێگرتنی چەند بکوژێکەوە.

ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن زیندەشتی، دەیمیەن ڕایانی بەکرێگرتووە و دواتر بەپێی بەڵگەنامەکانی دادگای ئەمەریکا، ڕایانی تەمەن 43 ساڵ کەسێکی دیکەی بە ناوی ئادەم ڕیچارد پیرسۆن کە بە شێوەیەکی نایاسایی لە ویلایەتی مینەسوتا ژیاوە، بۆ هاوکاریکردنی لە پلانەکە بەکرێگرتووە.

ئەم زانیاریانە لەم دواییانەدا لەلایەن وەزارەتی دادی ئەمەریکاوە بڵاوکراوەتەوە کە وردەکاری بەرچاوی سەبارەت بە پلانێکی مەترسیدار دەخاتەڕوو.

وەزارەتی دادی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، دەیمیەن ڕایان، ئەندامی باندی تاوانکاری هیڵز ئەنجێڵز و ئادەم ڕیچارد پیرسۆنی تۆمەتبار کردووە بە پیلانگێڕی بۆ ئەنجامدانی کوشتن لەسەر فەرمانی دەزگای هەواڵگری ئێران بە وەرگرتنی بڕە پارەیەک کە نزیکەی 350 هەزار دۆلار بووە.

هەردوو پیاوەکە کە لە ڕاپۆرتەکاندا بە خەڵکی کەنەدا ناویان براوە، بە تۆمەتی ناپەیوەندیدار لە زیندانەکانی کەنەدا بەسەر دەبەن. لە یەکێک لە بەڵگەکانی دادگا هاتووە کە پیرسۆن ئاماژەی بە نیازی خۆی کردووە بۆ تەقەکردن لە سەری یەکێک لە ئامانجەکانی.

ئەم هەواڵە هاوکاتی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا دوای هێرشی گرووپە بە وەکالەتەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکەیەک لە ئوردن کە بووە هۆی کوژرانی 3 ئەندامی سوپای ئەمەریکا، بڵاودەکرێتەوە.

هەروەها ڕاپۆرتەکە دوای ئەوە دێت کە ئەمەریکا و بەریتانیا ڕۆژی دووشەممە ڕایانگەیاند سزایان بەسەر یەکەی 840ی سوپای قودسی پاسداران و چوار ئەندامی ئەو یەکەیە و سێ کەسی پێوەندیدار بەو یەکەیەوە سەپاندووە بە تاوانی پیلانگێڕی بۆ کوشتنی دوو ڕۆژنامەنووسی ئێرانی لەسەر خاکی بەریتانیا.

لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا باس لە تۆڕێک کراوە بە سەرۆکایەتی کەسێک بە ناوی ناجی شەریفی زەیندەشتی کە قاچاخچی ماددەی هۆشبەرە و بۆ وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران کاردەکات.

سزاکانی بەریتانیا جگە لە زیندەشتی و دوو هاووڵاتیی تورکیش بە ناوەکانی عەلی و عەبدولوەهاب کوچەک، چەند کەسێکی دیکە بەناوەکانی محەمەد ڕەزا ئەنساری، عەلی ئەسفەنجانی، محەمەد عەبدولڕەزاق کەنفانی، محەمەد ڕەزا ناسرزادە و ژمارەیەک لە ئەندامانی یەکەی 840ی سوپای قودسی ئێران دەگرێتەوە. ئەم کەسانە بۆیان نییە گەشت بکەن بۆ بەریتانیا و سزای داراییان بەسەردا سەپێنراوە.

بە گوێرەی بەیاننامەی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا، کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ ئەو تۆڕە ئاماژەپێکراوەدا، کاری بۆ ڕفاندن و تیرۆرکردنی نەیارانی حکومەتی ئێران لە ئەمەریکا کردووە. برایان نیلسۆن، جێگری وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە "هەوڵە بەردەوامەکانی ڕژیمی ئێران بۆ بەئامانجگرتنی ئۆپۆزسیۆن و تێکۆشەران، ناسەقامگیربوونی ڕێژیم و هەوڵدان بۆ فراوانکردنی سەرکوتکردنە ناوخۆییەکانی ئێران لە ئاستی نێودەوڵەتیدا نیشان دەدات."

سەرچاوەکان/سی بی سی/نیویۆرک تایمز

XS
SM
MD
LG