سوپای ئیسرائیل ڕۆژی شەممە، 27ی مانگی یەک لە دەورووبەری شاری خان یونس لە باشووری غەززە بەردەوام بوو لە هێرشەکانی بۆ سەر چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس.
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند لانیکەم 11 چەکداری فەلەستینی لەو هێرشانەدا کوژراون، کە بە وتەی ئەو سوپایە، بەنیازبوون تەقەمەنی لە نزیک سەربازانی ئیسرائیل دابنێن و بە تفەنگ و ئار پی جی تەقەیان لێ بکەن.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری دانیشتوانی ناوچەکەوە بڵاویکردەوە هێرشی قورسی هێزەکانی ئیسرائیل و تانکەکان بۆ سەر خان یونس لە شوێنی دوو نەخۆشخانە سەرەکییەکەی غەززە بەردەوامن.
وەزارەتی تەندروستی غەززە کە لەلایەن حەماسەوە کۆنترۆڵکراوە، بانگەشەی ئەوە دەکات ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر نزیک نەخۆشخانەی ئەلئەمەل و نەخۆشخانەی ناسر کە گەورەترین دامەزراوەی پزیشکی چالاکە لە باشووری غەززە.
بە وتەی وتەبێژی ئەم وەزارەتە، هێرشەکانی ئیسرائیل چاودێری تەندروستی و هەروەها ژیانی پزیشک و نەخۆش و پەنابەرانی خستووەتە مەترسییەوە.
بەڵام سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە لەگەڵ کارگێڕان و کارمەندانی پزیشکی پەیوەندییان هەیە و هەروەها حەماسیشی بەوە تۆمەتبار کردووە کە لەناو ناوەندە پزیشکییەکان و دەوروبەرییاندا چالاکی دەکەن.
پێشتر ئیسرائیل حەماسی تۆمەتبار کردبوو بەوەی کە خەڵکی سڤیل وەک قەڵغانی مرۆیی بەکار دەهێنێ.
لەلایەکی دیکەوە، حەماس بانگەشەی ئەوەی کردووە کە چەکدارەکانی حەماس مووشەکێکی دژە تانکیان ئاراستەی تانکێکی ئیسرائیل کردووە لە باشووری ڕۆژئاوای خان یونس.
هەروەها گرووپی جیهادی ئیسلامی ڕایگەیاندووە کە چەکدارەکانیان لەگەڵ سەربازە ئیسرائیلییەکان لەو ناوچەیە لە شەڕدان و موشەکیان ئاراستەی ئیسرائیل کردووە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕۆیتەرز، دانیشتووان و چەکدارانی بزووتنەوەی حەماسیش ڕایانگەیاندووە کە ڕۆژی شەممە شەڕەکە لە باکوور و ناوەڕاستی غەززە بەردەوامە. هاوکات باران بارینێکی زۆر وایکردووە زۆرێک لە ئاوارەبووەکان چادرەکانیان بەجێبهێڵن و هەوڵی دۆزینەوەی پەناگەی دیکە بدەن.
پێکدادانەکانەکانی ڕۆژی شەممە دوای ئەوە دێت کە دادگای جیهان لە هاگ ڕەتیکردەوە بڕیاری ئاگربەست دەربکات، بەڵام فەرمانی بە ئیسرائیل کرد چالاکییەکانی " جینۆساید " دژی فەلەستینییەکان ڕابگرێت بۆ ئەوەی هەوڵی زیاتر بدەن بۆ یارمەتیدانی هاوڵاتیانی مەدەنی.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دوای دەرکردنی ئەو بڕیارە ڕایگەیاند شەڕی لەناوبردنی حەماس بەردەوام دەبێت.
سەرچاوە/ڕۆیتەرز