Accessibility links

 فوئاد حوسێن: نامەیەکی گرنگمان لە حکومەتی ئەمەریکاوە پێگەیشتووە


وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایدەگەیەنێت حکومەتی ئەمەریکا پەیامێکی گرنگی بۆ وەزیری دەرەوەی عێراق فوئاد حوسێن ناردووە.

وەزارەتەکە دەڵێت لە میانەی کۆبونەوەی ڕۆژی چوارشەممەی نێوان وەزیری دەرەوە فوئاد حسێن و باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق ئالینا ڕۆمانۆوسکی پەیامێکی " گرنگ دراوە بە وەزیری دەرەوە".

فوئاد حوسێن کە یەکێکیشە لە دوو جێگرەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە تویتێکدا بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ناوەڕۆکی نامەکە بکات دەڵێت لەگەڵ خاتوو ڕۆمانۆوسکی کۆبوومەوە " نامەیەکی گرنگمان لە حکومەتی ئەمەریکاوە بۆ حکومەتی عێراقی پێگەیشت. نامەکە لەلایەن جەنابی سەرۆک وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە تاوتوێدەکرێت و هەنگاوەکانی داهاتوو لەسەر ئەو بابەتە دەگیرێتە بەر."

ئەم نامەیە لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی ناوچەکە بەهۆی شەڕی نێوان ئیسرائیلی هاوپەیمانی واشنتن و بزووتنەوەی حەماس کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت زیادیان کردووە و لە ماوەی ڕابردوودا هێزە چەکدارەکانی سەر بە ئێران چەندین هێرشیان کردووەتە سەر ئامانجەکانی ئەمەریکا لە ناو عێراق و سوریا.

زۆرێک لەو هێرشانە لەلایەن گروپی ناسراو بە مقاوەمەی ئیسلامی بەرپرسیارێتی گیراوەتە ئەستۆ، کە هاوپەیمانییەکی نزیکی گرووپەکانی پەیوەست بە ئێرانە و دژی پشتیوانی ئەمەریکایە بۆ ئیسرائیل لە شەڕی غەززە.

ئەمەریکا نزیکەی 2500 سەربازی لە عێراق هەیە و هەروەها نزیکەی 900 سەربازیش لە سوریا و ئەم هێزانەش لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی نێونەتەوەییدان بۆ لەناوبردنی تۆڕە تێرۆرکارییەکەی داعش.

XS
SM
MD
LG