Accessibility links

ڕووسیا: هیچ کەسێک لە ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەی زیندانیانی ئۆکرانیا ڕزگاری نەبووە


ڕووسیا ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند فڕۆکەیەکی گواستنەوەی سەربازی کە 65 زینانی ئۆکرانیایی تێدابووە، لە باشووری بێلگراد کەوتووەتە خوارەوە هەموو سەرنشینەکانی نێو فڕۆکەکەش گیانیان لەدەستداوە.

چەند گرتە ڤیدیۆییەک کە پشتڕاست نەکراونەتەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نیشان دەدەن فرۆکەیەکی گەورە گوایە لە ناوچەی بێلگراد بووە، لە ئاسمانەوە کەوتووەتە خوارەوە پێش ئەوەی گڕبگرێت.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا دەڵێت بێجگە لەو 65 سەربازە ئۆکرانیاییەی کە دەگوازرێنەوە بۆ ناوچەی بێلگراد بۆ ئاڵوگۆڕکردن " شەش ئەندامی تیمی فڕۆکەوانی و سێ پاسەوان"یشی تێدا بووە.

ڤیاچێسلاڤ ڤۆلۆدین، پەرلەمانتاری باڵای ڕووسیا، بانگەشەی ئەوەی کرد کە فڕۆکەکە لەلایەن کیێڤەوە خراوەتە خوارەوە و مووشەکەکانی ڕۆژئاوای تۆمەتبار کرد.

ڤۆلۆدین بە پەرلەمانتارانی گوتووە " ئەوان سەربازەکانی خۆیان کوشتووە، فڕۆکەوانەکانی ئێمە کە ئەرکێکی مرۆییان دەکرد کوژراون."

بانگەشەکانی ڕووسیا بە هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە بە شێوەیەکی سەربەخۆ نەتوانراوە پشتڕاست بکرێتەوە.

لە کیێڤ، میدیا ناوخۆییەکان سەرەتا بە پشتبەستن بە سەرچاوەکانی دەزگا ئەمنییەکانی ئۆکرانیا باسیان لەوە کردبوو کە سوپاکەیان فڕۆکەکەی خستووەتە خوارەوە، هەروەها باسی ئەوەش کرابوو کە فڕۆکەکە مووشەکی گواستووەتەوە، بەڵام دواتر دەزگاکانی ڕاگەیاندن ئەو هەواڵەیان ڕاگرت.

دیمیترۆ لوبینێتس، چاودێری مافەکانی ئۆکرانیا کە یەکێکە لە بەرپرسانی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان، دواتر ڕایگەیاند، ئۆفیسەکەی لە لێکۆڵینەوەدایە لە ڕووداوەکە.

دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کرێملن ڕەتیکردەوە هیچ لێدوانێک لەمبارەیەوە بدات و ڕایگەیاند، زانیارییەکان لەسەر کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە هێشتا زیاتر دەردەکەون دەسەڵاتدارانی ڕووسیا بەدواداچوون بۆ ڕووداوەکە دەکەن.

بابەتی دیلەکانی جەنگ لە هەردوو وڵاتدا بابەتێکی هەستیارە.

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG