Accessibility links

کاردۆ محەمەد: گەر سەرکردایەتی داهاتووی گۆڕان پابەند بێت بە بەرنامەی بزووتنەوەکەوە ئەوا متمانەی خەڵک بەدەست دەهێنینەوە


ئەندامێکی لیژنەی باڵای کۆنفرانسی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت، کۆنفرانسی حزبەکەی بڕیاریداوە بە داڕشتنی نەخشە و پلان بۆ کشانەوە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەو پێیەی ئەندامانی کۆنفرانس پێیانوابووە کشانەوە باشترین میکانیزمە بۆ گرتنەبەری ستراتیژی نوێ.

کاردۆ محەمەد، ئەندامی لیژنەی باڵای کۆنفرانسی بزووتنەوەی گۆڕان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"دوای کۆنفرانسی بزووتنەوەی گۆڕان، دەبێت هەڵبژاردن لە مەکۆو ڕایەڵەو بازنەکان، واتە لە خوارەوە بۆ سەرەوەی سەرجەم ئۆرگانەکان ئەنجام بدرێت، پاشان جڤاتی نوێ و سەرکردایەتی نوێ هەڵدەبژێردرێن."

بزووتنەوەی گۆڕان لە ساڵی 2009 لەلایەن نەوشیروان مستەفا، جێگری سکرتێری یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە دامەزرێنرا. لە هەڵبژاردنی مانگی 7 ی ساڵی 2009 بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی کردو 25 کورسی بەدەستهێنا.

دوێنێ یەکشەممە، بزووتنەوەی گۆڕان دووەم کۆنفرانسی ناوخۆیی بە بەشداری سەرووی 900 ئەندام بەست و کۆنفرانسەکە ئەمڕۆش بەردەوامبوو. یەکەم کۆنفرانسی بزووتنەوەی گۆڕان لە مانگی 12 ی ساڵی 2013 لە شاری هەولێر بەسترا.

کاردۆ محەمەد، دەڵێت،"ئەو هۆکارانەی بوونە هۆی گرفت و ئاڵۆزی بۆ کاری سیاسی گۆڕان و شکست و پاشەکشەی بزووتنەوەکە تاوتوێکراون لە کۆنفرانس دا. کۆنفرانس دەیەوێت گۆڕانکاری بکات بەجۆرێک لەگەڵ قۆناغی نوێ دا بگونجێت."

کۆنفرانسی بزووتنەوەی گۆڕان لەکاتێکدایە، لە هەڵبژاردنی ساڵی 2021 ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دا، بزووتنەوەکە دووچاری شکستێکی گەورەبوو، کاتێک لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەیەک لیست بەشداری هەڵبژاردنی کردو نەیتوانی هیچ کورسییەک بەدەست بهێنێت.

کاردۆ محەمەد وتیشی،"ئەو شتانەی گۆڕان لەبەرنامەو سیاسەتی خۆی کە ڕەنگ ڕێژیکردووە، بیکاتە کردارو سەرکردایەتییەکی هەبێت پابەند بێت بەو بەرنامەیەوە، دڵنیام سەرەتایەک دەبێت بۆ خۆ ڕێکخستنەوەو بەدەستهێنانەوەی متمانەی خەڵک."

ژمارەی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بە ڕێکخەری گشتییەوە 7 ئەندامە، عومەری سەید عەلی لە دوای کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفاوە ڕێکخەری بزووتنەوەکەیە. بەشێک لەو 7 ئەندامەی جڤاتی گشتی لە دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بەدەست نەهێنانی کورسی پەرلەمانی دەستیان لەکارکێشاوەتەوە.

سەبارەت بەوەی تاچەند متمانەیان بەسەرکردایەتی داهاتووی گۆڕان هەیە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی کۆنفرانس و کشانەوە لە حکومەت، کاردۆ محەمەد وتی،"کارکردنمان بۆ ئەوەیە سەرکردایەتی داهاتوو پابەند بێت بە بڕیارو بەرنامەی گۆڕانەوە. لە ڕابردوودا زۆر گرفت و کۆسپمان هەبوو، پابەندبوون نەبوو، بەڵام ئومێد هەیە لە ئایندەدا ئەم ئەزموونە تاڵە دووبارە نەبێتەوە."

XS
SM
MD
LG