Accessibility links

دژە تیرۆری کوردستان هەواڵی هێرشێکی نوێ بۆسەر فڕۆکەخانەی هەولێر ڕەت دەکاتەوە


دەزگای دژە تیرۆری کوردستان ئەو هەواڵانە ڕەت دەکاتەوە کە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە هێرشێک کرابێتە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر.

شەوی پێنجشەممە 18ی مانگی 1ی 2024 لە چەندین دەزگای ڕاگەیاندنی هەرێمی کوردستان بڵاو کرایەوە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) کراوەتە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، بەڵام هێرشە درۆنییەکە لەلایەن سیستەمی بەرگری ئاسمانییەوە پووچەڵکراوەتەوە.

دەزگای دژە تیرۆری کوردستان هەواڵەکە بە بێبنەما لەقەڵەم دەدات و دەڵێت " لای خۆمانەوە رایدەگەیەنین کە ئەم هەواڵە بێبنەما و ناڕاستە و هیچ هێرشێک ڕووی نەداوە و هیچ درۆنێکیش نەخراوەتە خوارەوە."

سەرچاوەیەک لە فڕۆکەخانەی هەولێرخستنە خوارەوەی درۆنەکەی بۆ تۆڕی میدیایی ڕووداو پشتراست کردووەتەوە.

بەگوێرەی ژمارەیەک لە سەرچاوە هەواڵییەکانیش خەڵکی گوێیان لە دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز بووە.

بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە دوو ڕۆژ پاش هێرشێکی سوپای پاسدارانی ئێرانە بۆ سەر هەولێرکە تیایدا 4 کەس کوژران و ژمارەیەک کەسیش برینداربوون.

XS
SM
MD
LG