Accessibility links

پاکستان باڵیۆزی وڵاتەکەی لە ئێران دەكشێنێتەوە


وەزارەتی دەرەوەی پاکساتان، ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، باڵیۆزی وڵاتەکەی لە تاران بانگهێشت دەکاتەوە دوای ئەوەی ئێران ئاسمانی وڵاتەکەی پێشێڵکردووە.

وتەبێژی وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، پاکستان ڕێگە نادات نوێنەری ئێران لە ئیسلام ئاباد کە ئێستا لە سەردانێکدایە بۆ وڵاتەکەی خۆی بگەڕێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشێلکارییەکە پێشێلکارییەکی ئاشکرایە بۆ سەروەری پاکستان و "قبووڵ ناکرێت".

ئاماژەی بەوەشکردووە، پاکستان مافی خۆیەتی وەڵامی ئەم کردەوە نایاساییە بداتەوە.

پاکستان ڕایگەیاندووە کە ڕووداوەکە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دوو منداڵ.

دوو دەزگای ڕاگەیاندنی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران ڕۆژی سێشەممە ڕایانگەیاند وڵاتەکەیان دوو بارەگای گروپی "جیش‌العدل" ی لە ناو خاکی پاکستان بۆردومانکردووە و وێرانیکردوون.

هەردوو ئاژانسی تەسنیم و فارس نیوز شەوی سێشەممە بە کاتی خۆجێی ڕایانگەیاند بە موشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لە هەردوو بارەگاکە دراون کە دەکەونە ناوچەی کوهی سەبز لە ناوچەی بەلۆچستان لە باشوری ڕۆژئاوای پاکستان.

جەیشوئەلعەدل، گروپێکی سوونەیە و لە ساڵی 2012 وە دامەزراوە، دەڵێن شەڕی هێزەکانی ئێران دەکەن بۆ گەڕاندنەوەی مافی سوونەکان لە وڵاتەکەدا. ئێرانیش بە گروپێکی تێرۆرستی ناودێری دەکات، دەڵێت ئەم گروپە ئامانجی ئاینزایی هەیە.

XS
SM
MD
LG