Accessibility links

وەزارەتی تەندروستی ئێران: نزیکەی 14%ی گیانلەدەستدانەکان لە ئێران بەهۆی پیسبوونی هەواوەیە


وەزارەتی تەندروستی ئێران ڕایدەگەیەنێت 13.9%ی گیانلەدەستدانەکان لە ئێران بەهۆی پیسبوونی کەش و هەواوی شارەکانی ئەو وڵاتەوە ڕوودەدات.

عەباس شاهسەوەنی، بەرپرسی بەشی تەندروستی و گۆڕانی کەشوهەوای وەزارەتی تەندروستی ئێران ڕۆژی سێشەممە 16ی مانگی یەک لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی سەر بە سوپای پاسداران ڕایگەیاند "تاران لە ڕووی چڕبوونی گەردیلەکانی نێو هەوا لە نێوان خراپترین پایتەختەکانی جیهان لە پلەی 19دایە."

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی تەندروستی ئێران گوتی "تێکڕای چڕبوونی گەردیلەکانی نێو هەوا لە ئێراندا، 7.6 هێندە زیاترە لە ڕێنماییەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و سێ هێندەش زیاترە لە ستانداردی خودی ئێران."

ئەم لێدوانەی بەرپرسی بەشی تەندروستی و گۆڕانی کەشوهەوای وەزارەتی تەندروستی ئێران لە کاتێکدایە کە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا ناڕەزایەتییەکان لە دژی سووتاندنی سووتەمەنی زیانبەخش وەک 'مازووت' لە بەشێک لە شارەکانی ئێران بە شێوەیەکی بەردەوام ئەنجام دەدرێن.

مازووت ڕۆنێکی سووتەمەنی قورس و کوالیتی نزمە کە لە وێستگەکانی کارەبا و بەکارهێنانەکانی هاوشێوەدا بەکاردێت و لە ئێرانیش بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمی گازی سروشتی، ئەم سووتەمەنییە لە پیشەسازییەکان و وێستگەکانی کارەبادا بەکاردەهێنرێت.

سووتەمەنی مازووت بە شێوەیەکی سەرەکی لە لایەن وڵاتانی ڕووسیا، کازاخستان، ئازەربایجان، تورکمانستان و ئێرانەوە بۆ گەرمکردنی بۆیلەر بۆ بەرهەمهێنانی هەڵمێکی زۆر بەرهەم دەهێنرێت و بەشێکی زۆری پێکهاتەکەی، ڕێژەیەکی زۆری گۆگردە.

لە ئەنجامی سووتاندنی ئەو سووتەمەنیانەی گۆگردیان تێدایە، وەک سووتەمەنی مازووت، پێکهاتەیەک بە ناوی دی ئۆکسیدی گۆگرد(Sulfur dioxide) کە زیانێکی زۆری بۆ تەندروستی هەیە، دروست دەبێت. ئەم گازە لە هەوا قورسترە و کاتێک چڕییەکەی لە هەوادا بەرز ببێتەوە، بۆنێکی ناخۆش دروست دەکات و کوشندە دەبێت.

دی ئۆکسیدی گۆگرد لە ئاستی کەمتریشدا دەبێتە هۆی ئازاری سنگ و کێشەی هەناسەدان و سووربوونەوەی چاو و ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و کۆئەندامی هەناسە زیاد دەکات.

بەشی تەندروستی و گۆڕانی کەشوهەوای وەزارەتی تەندروستی ئێران ڕایگەیاندووە بە پێی لێکۆڵینەکانی ئەو وەزارەتە کە لە 33 شاری ئەو وڵاتە ئەنجامیداوە، لە ئێران لە ماوەی ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 26 هەزار کەس بەهۆی پیسبوونی هەوای شارەکانەوە، گیانیان لەدەستداوە.

لە کاتێکدا هاووڵاتییانی ئێران لە ناوچە جیاجیاکانی ئەو وڵاتە بەشێوەی بەردەوام ناڕەزایەتی خۆیان سەبارەت بە پیسبوونی هەوای شارە گەورەکانی ئەو وڵاتە دەردەبڕن و داوای ڕاگرتنی سووتاندنی سووتەمەنییە زیانبەخشەکانیان دەکەن، بەڵام سەرۆکی ڕێکخراوی ژینگەپارێزی کۆماری ئیسلامی ئێران ماوەیەک پێش ئێستا سەبارەت بە بەکارهێنانی مازووت ڕایگەیاند کە کۆمپانیای نیشتمانی گاز و کارەبا ڕایگەیاندووە کە سووتەمەنیان نییە و دەبێت مازووت بەکاربهێنین.

بەشێک لەم هەواڵە لە ڕادیۆ فەردا وەرگیراوە

XS
SM
MD
LG