Accessibility links

ئەمەریکا دەست بەسەر چەندین پارچە مووشەکی دروستکراوی ئێراندا دەگرێت کە بۆ حوسییەکان ڕەوانەکراون


پێکهاتەی مووشەکی دروستکراوی ئێران کە بۆ حوسییەکانی یەمەن ڕەوانە کراون و لە کەشتییەک لە دەریای عەرەبیدا دەستیان بەسەردا گیراوە.
پێکهاتەی مووشەکی دروستکراوی ئێران کە بۆ حوسییەکانی یەمەن ڕەوانە کراون و لە کەشتییەک لە دەریای عەرەبیدا دەستیان بەسەردا گیراوە.

بەرپرسانی بەرگری ئەمەریکا ڕایانگەیاند هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکە لە ئۆپەراسیۆنێکدا بۆ تێکدان و ڕێگریکردن لەو چەکانەی بۆ حوسییەکانی یەمەن دەڕۆن، لە ناو کەشتییەکدا لە نزیک کەناراوەکانی سۆماڵ دەستیان بەسەر پارچە موشەکی دروستکراوی ئێران و چەکی دیکەدا گرتووە.

ناوەندی فەرماندەیی ئەمەریکا (سێنتکام)، ڕۆژی سێ شەممە 16ی مانگی یەک لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە لە 11ی مانگی یەک لە میانەی ئۆپەراسیۆنێکدا، هێزەکانی دەریایی سێنتکام ڕێگرییان لە کەشتییەک کردووە کە خەریکی گواستنەوەی نایاسایی چەکی کوشندەی پێشکەوتووی دروستکراوی ئێران بۆ یەمەن بووە و دەستیان بەسەردا گرتووە.

هێزی دەریایی ئەمەریکا دەڵێت کەشتییە دەستبەسەرداگیراوەکەیان بە مەترسیدار زانیوە و نوقمیان کردووە و دۆخی 14 کارمەندی کەشتییەکەش بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان دیاری دەکرێت.

کەشتییەک کە پێکهاتە موشەکییە دروستکراوەکانی ئێرانی هەڵگرتبوو کە بەرەو حوسییەکانی یەمەن لە دەریای عەرەبیدا دەڕۆیشت.
کەشتییەک کە پێکهاتە موشەکییە دروستکراوەکانی ئێرانی هەڵگرتبوو کە بەرەو حوسییەکانی یەمەن لە دەریای عەرەبیدا دەڕۆیشت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی سێنتکام، ناردنی ئەو چەکانە بۆ حوسییەکان لەکاتێکدایە کە ئەو گرووپە بەردەوامە لە هێرش کردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سووردا.

لەو ئۆپەراسیۆنەدا دوو سەربازی هێزی تایبەتی ئەمەریکاش بێسەروشوێن بوون و دەوترێت بە هۆی شەپۆلە قورس و بەرزەکانی دەریاوە، یەکێک لەو سەربازانە کەوتوەتە ناو ئاوەکەوە و سەربازەکەی دیکەش بەپێی پرۆتۆکۆل بۆ یارمەتیدانی هاوکارەکەی چووەتە ناو ئاوەکەوە و تا ئێستاش بێسەروشوێنن و هەوەڵەکان بۆ دۆزینەوەیان بەردەوامە.

بەپێی زانیارییەکانی سێنتکام، لەو ئۆپەراسیۆنەدا کە لە نزیک کەناراوەکانی سۆماڵ لە ئاوە نێودەوڵەتییەکانی دەریای عەرەبی ئەنجامدراوە، دەستیان بەسەر پێکهاتەکانی موشەکە بالیستیک و کروزەکاندا گرتووە کە لەلایەن ئێرانەوە دروستکراون.

کەلوپەلەکانی دیکە دەستیان بەسەرگیراوە، بریتین لە سیستەمی پاڵنەر، سیستەمی ڕێنماییکردنی مووشەک، سەری جەنگی موشەکی بالیستیکی مەودای مامناوەند و موشەکی کروزی دژە کەشتی و هەروەها پێکهاتەکانی پەیوەست بە بەرگری ئاسمانی.

سێنتکام ئاماژەی بەوەشکردووە شیکارییە سەرەتاییەکان دەریدەخەن کە هەمان چەک لەلایەن حوسییەکانەوە بەکارهێنراون بۆ هێرشکردن یان هەڕەشەکردن لە کەشتییە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکان کە بە دەریای سووردا تێدەپەڕن.

دەشڵێت لەوەتای دەستپێکردنی هێرشی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان، ئەمە یەکەمجارە دەستی بەسەر چەکی کوشندە و پێشکەوتووی ئێراندا بگرێت کە بۆ حوسییەکانی ڕەوانە کردووە.

دابینکردن، فرۆشتن یان گواستنەوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی چەک بۆ حوسییەکان لە یەمەن پێشێلکردنی بڕیارنامەی ئاسایشی 2216نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکانە.

شایانی باسە کە عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە 16ی مانگی یەک لە میانەی دیدارێکدا لەگەڵ ڕێبەرانی ئایینی و ئیمامی مزگەوتەکان لە سەرانسەری وڵات، پشتیوانی لە هێرشەکانی حوسییەکانی یەمەن بۆ سەر کەشتییە بازرەگانییەکان لە دەریار سووردا کرد و گوتی "ئەم کارەی حکومەتی ئەنساروڵا کە بۆ بەرگریکردن لە خەڵکی غەززە ئەنجام دەدرێت، نموونەیەکی ڕوونی جیهادە لە ڕێگای خودادا."

سەرچاوە/دەنگی ئەمەریکا/ بەیاننامەی فەرماندەی ناوەندی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG