Accessibility links

وتەبێژی حکومەتی هەرێم بۆ VOA: "بە هیچ جۆرێک" نە بیر لە لێبڕین نە لە پاشەکەوتی مووچە دەکرێتەوە


پێشەوا هەورامی
پێشەوا هەورامی

لە دوای بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە جێگیرکردنی زیاتر لە 615 ملیار دینار بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، بە ناردنی ئەو بڕە پارەیە هێشتا کورتهێنان هەیە بۆ دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆران، بەڵام "بە هیچ شێوەیەک" حکومەت بیری لە پاشەکەوت یان لێبڕینی مووچە نەکردۆتەوە، بەڵکو بەدوای "چارەسەرێکی گونجاودا" دەگەڕێن بۆ پڕکردنەوەی بڕی کورتهێنانەکە.

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دوێنێ 14-1- 2024 لە کۆبوونەوەی خۆیدا بڕیاریدا مانگانە بڕی نزیکەی 615 ملیار دینار بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت تا هەمواری یاسای بودجەی عێراق دەکرێتەوە.

بەڵام حكومه‌تی هه‌رێم بەردەوام دەڵێت مانگانه‌ تانها بۆ خه‌رجی مووچە و بەبێ هەژمارکردنی خەرجییەکانی بەڕێوەبردن‌ پێویستی به‌ زیاتر لە 900 ملیار دیناره‌. دوێنێ سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی لە بە‌غدا ڕایگەیاند کە ئەوان داوایان لە بەغدا کردووە 875 ملیار دینار بنێرێت.

لەو بارەیەوە پێشەوا هەورامی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "دەزانین کورتهێنان و و کەمی هەیە و فشاریش لەسەر حکومەت دروست دەکات، بەڵام بە هیچ جۆرێک نە بیر لە لێبڕین نە پاشەکەوت دەکرێتەوە."

وتیشی،" پارەکە هێشتا نەگەشتووە. لەگەڵ گەشتتنی بە دوای چارەسەرێکدا دەگەڕێین و یەکسەر دەست بە دابەشکردنی مووچە بکەین."

لە ڕابردوودا حکومەتی عێراق چەند جارێک 700 ملیار دیناری وەک قەرز داوەتە حکومەتی هەرێم، بەڵام بڕیاری ناردنی نزیکی 615 ملیار دینار وەک "سولفە" دیاری کراوە نەک قەرز و تا یاسای بودجە هەموار دەکرێتەوە لە پەرلەمانی عێراقدا.

لە ئێستاشدا حکومەتی هەریم مووچەی سێ مانگی ڕابردووی مووچەخۆرانی هەرێم قەرزدارە.
پێشەوا هەورامی وتی، " ئەم بڕە پارەیەی کە دەنێردرێت حاڵەتیکی کاتییە، نەک بڵێین جیگیر دەبێت و هەموو مانگێک ئەو پارەیە دێت. هەمواری یاسای بودجە دەچێتە مانگی دوو بۆیە ئەمە وەک چارەسەریکی ناوەندیە تا هەموارەکە لە پەرلەمان دەنگی لەسەر دەدرێت."

وتیشی، "دوای گەشتنی پارەکە وەزارەتی دارایی بڕیار دەدات ئایە مووچەی مانگەکانی ساڵی ڕابردوو دابەشدەکرێت، یاخود دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 1ی ئەمساڵ دەدرێت."

شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ڕابردووەوە نزیکی 20 جار سەردانی بەغدادی کردووە بۆ چارەسەر کردنی پرسە هەڵواسراوەکانی نێوانیان کە دیارترینیان بریتین لە پرسی نەوت، داهاتی ناوخۆ، خاڵە سنوریەکان، و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە.

بە پێی لێدوانەکانی ڕابردووی شاندەکان، سەرجەم ئامار و داتاکانی تایبەت بە نەوت و ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێم و داهاتی ناوخۆ دراوەتە حکومەتی ناوەندی، لە چاوپێکەوتنێکی پێشووتریشیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا لە ڕێکەوتی 26-12-2023 پێشەوا هەورامی ڕایگەیاندبوو "هیچ مانایەک نەماوەتەوە بۆ دانیشتن لەگەڵ بەغداد، بۆیە دەبێت ساڵی تازە بەرهەمی کۆبوونەوەکانمان بچنینەوە"

وتەبێژی حکومەت لەو بارەیەوە وتی، "لە دواین کۆبوونەوەی شاندی حکومەتی هەرێم لەگەڵ شاندی فیدڕاڵ ڕێککەوتن و لێکنزیکبوونەوەی باش هەبووە لەسەر پرسی نەوت و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان. هەر لەو کۆبوونەوانەدا بڕایردراوە کە ئەم پرسە لەڕێگەی هەموار و پەرلەمانەوە چارەسەر بکرێت."

وتیشی، "وردەکاری و داتا و ژمارەی زۆر خراونەتە بەردەم حکومەتی فیدڕاڵ، وە کۆمپانیاکانی نەوتیش لەوێ خۆیان ئامادەییان هەبووە هەموو وردەکاری و ڕوونکردنەوەیەکیان داوە بە حکومەت، هەموو ڕوونکردنەوەکانیان باوەڕپێکراوبوون بۆ حکومەتی عێراق، بۆیە چاوەڕێین لە دوای هەموارەکەوە ئەم کێشەیە بە تەواوی چارەسەر ببێت و دووبارە نەبێتەوە ."

ڕۆژی 13-1-2024 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی ساڵیادی تیرۆرکردنی محەمەد باقر حەکیم سەردانی شاری بەغدای کرد، بەڵام ماوەی دوو ڕۆژ لەبەغدا مایەوە و لەگەڵ زۆربەی لایەنە عێراقییەکاندا کۆبووەوە.

ئەمڕۆش وتەبێژی سەرۆکی هەرێم بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی کاریگەری زۆر ئەرێنی هەبوو، چونکە زۆر ڕاشکاوانە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و لایەنە سیاسییەکاندا گفتوگۆیکرد.

بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقیش بۆ ناردنی نزیکەی 561 ملیار دینار بۆ هەرێم بڕیارێکە هەموو وەزیرەکانی عێراق بەشداربوون تێیدا و دیدارەکانی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ لایەنەکان پشتیوانی وەزیرەکانی بۆ هەنگاوەکەی شیعە سودانی بەدەستهێنا."


XS
SM
MD
LG