وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا دەڵێت وەزیری بەرگری وڵاتەکە لۆید ئۆستن ڕۆژی دووشەممە لە نەخۆشخانە دەرچووە، ئەوەش دوای ئەوەی بەهۆی وەرگرتنی چارەسەرەوە بۆ شێرپەنجەی پڕۆستات لە نەخۆشخانە خەوێندرابوو.
لە 22 ی مانگی دوانزەدا لۆید ئۆستن گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی سەربازیی نیشتیمانی واڵتەر ڕید لە مێریلاند، بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر بۆ شێرپەنجەی پڕۆستات.
لە 1 ی مانگی یەکدا جارێکی دیکە گەڕایەوە بۆ نەخۆشخانە، ئەوەش بەهۆی کێشەی هەوکردنی بۆری میزڵدانەوە. چوار ڕۆژ دوای ئەوە ئینجا ئەو بابەتە ئاشکرا کرا، وەزارەتی بەرگری ئەمەریکاش تاوەکو 9 ی مانگی یەک بە دیاریکراوی ئاماژەی بەوە نەدا بۆچی گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە و چارەسەری چی بۆ دەکرێت.
ئۆستن لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە هاتنە دەرەوەی لە نەخۆشخانەکە وتی " سوپاسگوزارم بۆ ئەو گرنگی پێدانە گەورەیەی کە لە نەخۆشخانەی سەربازیی نیشتیمانی واڵتەر ڕید وەرمگرت و دەمەوێت سوپاسی پزیشکە کارامەکان و ستافی پەرستاران بکەم بۆ پیشەگەریی و پشتیوانییە گەورەکەیان. هەروەها دەمەوێت سوپاس و پێزانینی خۆم بۆ هەموو ئەوانە دەرببڕم کە هیوای چاکبوونەوەیەکی خێرایان بۆ خواستم."
پزیشکانی واڵتەر ڕید وتییان ئۆستن چارەسەری ئازاری قاچی بۆ کراوە و چیتر پێویستی بە چارەسەری زیاتری شێرپەنجە نیە.
پزیشکەکانی لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن وەزارەتی بەرگری ئەمەریکاوە بڵاوکرایەوە دەڵێن " شێرپەنجەی پڕۆستاتی وەزیر ئۆستن بە زوویی و بە شێوەیەکی کاریگەر چارەسەرکرا. چیتر پلانی بۆ دانەندراوە بۆ وەرگرتنی چارەسەری زیاتر بۆ شێرپەنجەکەی جگە لە چاودێریکردنی. "
وتیشیان ئۆستن لە دوورەوە لە ڕێی پەیوەندییەکی پارێزراوەوە کارەکانی جێبەجێ دەکات پێش ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا.
ڕۆژی هەینی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن وتی دڵنیایە لە ئۆستن، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی بایدن هاوڕا بوو لەگەڵ ئەوەدا کە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا لە شاردنەوەی نەخۆشییەکەی ئۆستندا بڕیارێکی هەڵەی داوە.
شکستی ئۆستن لەوەدا کە بە بایدنی نەوتبوو گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە، ڕووبەڕووی ڕەخنەی یاسادانەران بووە و کۆشکی سپی توشی سەرسوڕمان کرد.
ئۆفیسی پشکنەری گشتی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە دەست دەکات بە پێداچوونەوەیەک بەم مانگەی چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ بابەتی گواستنەوەی ئۆستندا بۆ نەخۆشخانە.
سەرچاوە/ فرانس پرێس