Accessibility links

وەزارەتی پێشمەرگە بۆ VOA: کەمکردنەوەی هاوکارییەکانی هاوپەیمانان کاریگەری دەبێت بۆ سەر پێشمەرگە


ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت، هاوکاریەکانی هاوپەیمانان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ئەمساڵ بە ڕێژەی ٪25 کەمکراونەتەوە و تا ساڵی 2026 بە تەواوەتی کۆتاییانپێدێت. دەشڵێت حکومەتی هەرێم دەبێت پلانی پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجەی وەزارەتی پێشمەرگەی هەبێت.

لیوا ڕوکن بەختیار، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "یاداشتنامەیەکی تێگەشتنمان هەیە لە نێوان پنتاگۆن (وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا) و وەزارەتی پێشمەرگە بە ئاگاداری حکومەتی عێراق بۆ چوار ساڵ و هەر مانگێک 20 ملیۆن دۆلار و چەندین چەک و ئەجهیزات ومەشق و ڕاهێنان لە خۆی دەگرێت، ساڵانە هاوکاریە ماددیەکان کەم دەبێتەوە بەڕێژەی لەسەدا 25، واتە لە 2026 دا سفر دەبێتەوە."

وتیشی،"کەمکردنەوەکە سزا نیە، بەڵکو بە پێی ئەو لێکتێگەشتنەیە کە هەیە لە نێوانماندا."

یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ساڵی 2016 ئەنجامدرا و لە مانگی 10ی 2022 نوێکرایەوە. بە پێی لێکتێگەشتنەکە پنتاگۆن مانگانە 20 ملیۆن دۆلار و چەندین چەک و ئەجهیزەی جەنگی و مەشق و ڕاهێنان پێشکەش بە هێزە هاوبەشەکانی پێشمەرگە دەکات و هاوکاردەبێت لە یەکگرتنەوەی هێزەکانی 70 و 80 و دروستکردنی هێزی پێشمەرگەیەکی هاوبەش.

هاوکارییەکانی ئەمەریکا بەکاردەهێندرێن بۆ دابینکردنی مووچەی نزیکەی 54 هەزار پێشمەرگە کە ڕاستەوخۆ لەژێر فرمانی وەزارەتی پێشمەرگەدان.

بەگوێرەی سایتی ئەل مۆنیتەر، کەمکردنەوەی ئەو هاوکارییانە لە 20 ملیۆن دۆلارەوە بۆ 15 ملیۆن دۆلار لە مانگی دەی ساڵی ڕابردوو بووە.

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، کەمکردنەوەی ئەم هاوکارییانە کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر وەزارەتەکەی و وتی،" کەمبوونەوەی هاوکاریەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە، کاریگەری دەبێت لە تازە بوونەوەی چەک و ئەجهیزاتەکانی پێشمەرگە، بڕینی هاوکاریەکان کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر پێشمەرگە و هێزەکانی عێراقیش."

وتیشی،"دەبێت وەزارەتی پێشمەرگە و حکومەتی هەرێم قەرەبووی ئەو کەمبوونەوەیە بکەنەوە و پلانیان هەبێت بۆ پڕکردنەوەی ئەو کەم بوونەوەیە."

کەمکردنەوەی هاوکاریەکانی هاوپەیمانان لە کاتێكدایە، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی گرفتی گەورەی دارایی بۆتەوە و لە بەشێک لە پارێزگاکانی هەرێم تا ئێستا دەرگای قوتابخانەکان نەکراوەتەوە بە هۆی بایکۆتی مامۆستایان لە پای پێنەدانی مووچەکانیان.

بۆ چارەسەرکردنی گرفتە داراییەکانیش حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دانوستان و دانیشتنی بەردەوامدایە لەگەڵ حکومەتی عێراق و تا ئێستاش ڕێگە چارەی پێویست بە چارەسەر کردنی کێشە داراییەکانی هەرێم نەدۆزراوەتەوە.

دەنگی ئەمەریکا لەسەر پرسی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی لە ناو وەزارەتەکە دورست دەبێت لە دوای بڕینی هاوکاریەکانی هاوپەیمانان پەیوەندی کرد، بە پێشەوا هەورامی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وتەبێژی وەزارەتی دارایی بەڵام پەیوەندییەکان بەردەست نەبوون.

سەرەڕای کەمکردنەوەی هاوکارییەکان، بەرپرسانی ئەمەریکا بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ هاندانی بەرپرسانی هەرێم لە یەکگرتنەوەی هێزەکانی سەربە یەکێتی و پارتی.

ڕۆژی پێنجشەممە 11ی مانگی یەکی 2024 کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی سەربازی و دیپلۆماسی ئەمەریکا سەردانی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەیان کرد و بەپێی ڕاگەیێندراوێکی وەزارەتی پێشمەرگە، "پاڵپشتی بەردەوامیان" ڕاگەیاندووە بۆ پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتەکە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە کونسوڵی گشتیی ئەمریکا وتویەتی، "پێشمەرگە هێزێکی نیشتیمانی گیانفیدایە و لە رابردوو و ئێستا و داهاتووشدا روڵی گرنگ و کاریگەری هەبووە و دەبێت لە رووبەرووبوونەوەی تیرۆر و نەهیشتنی بیری توندڕەوی لە ناوچەکەدا...رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی پرۆژە یاسای چاکسازیدا ئەرکێکی قورسە و پێویستی بە هاوکاری و پشتگیری هەمووان هەیە، لەم پێناوەشدا پاڵپشتی بەردەوامی پرۆسەی چاکسازین و لەگەڵتان هاوکار و هەماهەنگ دەبین بە ئامانجی سەرخستنی پرۆسەکە لە وەزارەتی پێشمەرگە."

ڕۆژی سێشەممەش بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی حزبەکەی لە هەولێر پێشوازیکرد لە وەفدێکی باڵای هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی جۆوڵ ڤاوڵ، فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان له‌ عێراق و سوریا.

بافڵ تاڵەبانی دوای کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند بە شاندەکەی هاوپەیمانانی وتووە "دەمانەوێت لەسەر بنەمای هاوسەنگی و یەکسانی، هێزێکی نیشتمانیی تۆکمە بونیادبنێین. هەموو ئیرادەیەکیش لەدەرەوەی ئەم نییەتە رەتدەکەینەوە و نامانەوێت بەرژەوەندیی ‌حزبی تێکەڵی ئەم پرسە نەتەوەییە بکرێت."

پێشتر هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا چەندین جار نیگەرانیان لە خاوی پرۆسەی یەکگرتنەوەی پێشمەرگە دەربڕیوە و بەرپرسانی هەرێمیش وتوویانە ئەمەریکا هەڕەشەی بڕینی هاوکاریەکەی کردووە گەر ناکۆکیەکانی ناو وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامبن و هەنگاوەکانی یەکگرتنەوە جێبەجێ نەکرێن.

سەرەتای ساڵی 2021، هاوپەیمانان نزیکی دوو مانگ ئەو 20 ملیۆن دۆلارەیان نەنارد و دوایانخست. ئەو کات، بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە هۆکاری گەڕاندەوە بۆ نیگەرانی ئەمەریکا لە خاوی پرۆسەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و باڵادەستی حزبی یەکێتی و پارتی لە ناو هێزەکەدا.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:23 0:00

XS
SM
MD
LG